کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە سەڵماس

14:20 - 28 رەشەمه 2722

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە مەدینە بەکری، دایکی شەهید فارس چووپانی، خەڵکی گوندی ''بهیک'' سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی شارەدێی مەلحەم، بەهۆی بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

شەهید فارس چووپانی کوڕی دایە مەدینە بەکری، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئاخوندی، بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە پەیوەست بوو و پاش ماوەیەک بەهۆی قارەمانیەتی و لێهاتووییەوە، بوو بە فەرماندەی دەستە و لە چەندین بەرگری و عەمەلییاتی قارەمانانەدا بە دژی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشدار بوو.

سەرەتای ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، فارس چووپانی، وێڕای دەستەیەک لە پێشمەرگەکان، لە گوندی چوارستوون کەوتنە بەر هێرشێکی بەربڵاوی هێزەکانی ڕێژیم و پاش شەڕ و دەرگیرییەکی چەند ساعەتە و قارەمانانە و لێدانی زەبرێکی قورس لە هێزی دوژمن، بەداخەوە ناوبراو وێڕای ٦ پێشمەرگەی دیکە، لەوانە "کاکۆ دیندۆست و فەرزەندە کامران" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

دایە مەدینە، دایکی شەهید فارس ژنێکی حیزبدۆست و وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی کوڕە شەهیدەکەی بوو.

تەرمی دایە مەدینە لە گۆڕستانی شارەدێی مەلحەم بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە مەدینە بەکری و بنەماڵەی چووپانی، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.