کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەشغەڵی میسۆپۆتامیا لە دەستی مەڵەکشاییدایە

14:27 - 28 رەشەمه 2722

باوان کرماشانی

وەرگێڕان لە فارسییەوە: کاروان مێراوی

نەورۆز یەکێکە لە شیرینترین و کۆنترین ڕێوڕەسم و دابونەریتەکانی کوردە کە ڕیشەی لە ژیاری کەونار و دێرینی کوردستاندایە و تێکەڵ بە ژیانەوەی سروشت بووە و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی سەوزەڵانیی سروشت، خەڵکی کوردستان بەرەو پێشوازیی بووژانەوەیەکی نوێ دەچن.

هەنووکە نەورۆز لەنێو زۆربەی نەتەوە و گەلاندا لە ڕۆژهەڵاتەوە تاکوو ڕۆژاوای ئاسیا بە شیوەی تایبەتی خۆیان ڕێوڕەسم و جەژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن، هەموو حکوومەت و دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە بەهۆی تەمەنی ئەم دابونەریتەوە کە لەڕاستیدا بەقەد شارستانیەتی مرۆڤایەتی درێژە و کۆنتر لە مێژووە؛ هەوڵ دەدەن وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان بەڵگەسازی بۆ بکەن. بەڵام چاوخشاندنێک بە لاپەڕەکانی مێژوودا و لێکۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕیشەی نەورۆز دەمانباتەوە بۆ شارستانیەت و ژیاری سەردەمی بابۆل و ئاشوورییەکان و... لەو سەردەمە و لە میسۆپۆتامیادا نەورۆز و هێمای ئاگرەکەی لەناو خەڵکدا جێگەیەکی دیار و تایبەتیان هەبووە... هەنووکەش لە کوردستاندا ئاگرکردنەوە بەشێکی باو و بەرچاوی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزە، ئاگر و نەورۆز هەر لە شارستانیەتە دێرینەکانەوە تاکوو ئێستە دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و تەنانەت خەڵکی دوورەدەستترین گوندەکانی کوردستانیش بە داگیرساندنی ئاگر لە سەربانی ماڵەکانیانەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەن. هەروەها هەندێک له مێژوونووسان و ئەستوورەناسانی کورد پێیان وایه کە مێژووی نەورۆز بۆ ژیار و شارستانیەتی دێرینی نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە و ئەوەش هەر ئەو ڕێوڕەسمە نەورۆزییانەیە کە ئێستە لەنێو خەڵکی کوردستاندا باوه... بۆ نموونە ئاگری نەورۆز کە لەو سەردەمە و لە پێشینیانمانەوە بۆما بەجێماوە، هەنووکە لە کوردستاندا بووە هێمای ناسنامەخوازیی نەتەوەکەمان.

لە کوردستان و لەنێو نەتەوەی کورددا گێڕانەوەی ئەفسانەگەلێکی جیاواز و بۆچوونگەلێکی جۆراوجۆر لەسەر ڕێشەی نەورۆز هەیە... زۆر کەس ئەم جەژنە گرێ دەدەنەوە بە ڕاپەڕێنی کاوە ئاسنگەر و لەو باوەڕەدان کە کاوە لە ماوەی ٩ ڕۆژدا واتە لە ٢١ی ڕەشەمەوە تاکوو ڕۆژی نەورۆز بەسەر زۆحاکدا سەر کەوتووە و ئەم سەرکەوتنەی کاوەش، سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. لە بەشێکی تری ئەفسانە کوردییەکاندا هاتووە کە چوار هەزار ساڵ پێش لە زایین کەسێک بە ناوی "کەیمۆرس" پاش سەرکەوتنی بەسەر دێودا بڕیاری بە سپاکەی خۆی داوە کە بە نیشانەی سەرکەوتنی ناوبراو، لەسەر کێو و شاخەکاندا ئاگر بکەنەوە. ڕێکەوتی ئەم سەرکەوتنە ٩ ڕۆژ پێش نەورۆز و گۆڕینی وەرزە و "کەیمۆرس" بڕیاری داوە کە ئەو ٩ ڕۆژە جەژن بگرن و هەڵپەڕن. پاش ئەوە وردە وردە ئەم دابونەریتە هاتووەتە ناو کولتووری نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بە داگیرساندنی ئاگر لە بەرزایییەکان و هەڵپەڕکێ لە دەوری ئاگرەکەدا جەژن دەگرن.

لەسەر نەورۆز شاعیران و هونەرمەندانی کورد گەلێک شێعریان هۆنیوەتەوە و گۆرانییان تۆمار کردووە؛ شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، ئەحمەد خانی، هەژار موکریانی، مەلەوی و... بەڵام هیچیان وەک گۆرانییە بەناوبانگەکەی"نەورۆز"ی هونەرمەندی ناوداری کورد مامۆستا حەسەن زیرەک نەچوونەتە ناو دڵی خەڵکی کوردستانەوە، بە ڕۆ چووەتە نێو دڵی ئەو خەڵکەوە کە هەنووکە ئەو گۆرانییە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا و کەم کورد هەیە ئەم گۆرانییەی لەبەر نەبێت.

دوکتۆر محەممەدعەلی سوڵتانی، فیلسووف و کوردولۆگ پێی وایە: چونکە نوێبوونەوەی وەرز گرێ دراوە بە کشتوکاڵ و ئابووریی خەڵکی داوێنی زاگرۆسەوە و خەڵکی زاگرۆس ڕزق و ڕۆزیی خۆیان لە زەوینەوە بە شێوەیەکی ڕەسەن وەردەگرن؛ هەروەها لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی زەوین دەناسرێت؛ بە شێوەیەک کە لە زۆر ڕووەوە پێوەندیی بە هزر و ئەندێشەی ناوچەی زاگرۆسەوە هەیە.

نەورۆز جەژن و بۆنەیەکی گشتی و زۆر گرنگی کوردەکانە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ هێشتا تایبەتیمەندیی سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ئەو بۆنەیە پارێزراوە؛ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی بە شێوەیەکی گشتی لە کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووەتە هێمای شوناسخوازی و بەتەواوەتی بووەتە بۆنەیەکی سیاسی، بەم هۆیەشەوە حکوومەتی داگیرکەریش جیاوازبوونی ئەم جەژن و ڕێوڕەسمانە لە کوردستان کە بوونەتە بۆنەیەکی نەتەوەیی و گرێدراوی پارچەکانی دیکەی کوردستانە بۆی قەبووڵ ناکرێت و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هەوڵی داوە بە هەر شێوەیەک بووە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیە لە کوردستاندا بگرێت.

ڕێوڕەسمی نەورۆزیی کوردستان بە شێوەیەکی بەتەواوەتی جیاواز لە ناوچەکانی تری ئێران بەڕێوە دەچێت و بەپێی نەریتی کۆنی کوردەکان؛ ژن و پیاو و پیر و لاو دەچنە سەیران و ئاگر دەکەنەوە و لە دەوری ئاگرەکە هەڵدەپەڕن، هەروەها بە جلە ڕەنگاڵەکانیان تێکەڵ بە سروشت و چرۆی دارەکان و پەلکەزێڕینەکانی بەهار دەبن و لەگەڵیان پەیمان نونو دەکەنەوە. ئەم جەژن و ڕێوەڕەسمە لە کوردستان بەهۆی ئەوەی کە ڕیشەی لە مێژووی شکۆمەندی نەتەوەی کورددا هەیە، بە شکۆیەکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت و هەر بۆیە بووەتە جەژنێکی نەتەوەییی کوردەکان و شاری سنەش لە جیهاندا وەکوو پایتەختی نەورۆز ناسراوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان پەرەیان سەندووە و بووەتە هێمایەکی شوناسخوازیی خەڵکی کوردستان، بەڵام ڕێژیمی داگیرکەر کە شوناسی جیاواز قەبووڵ ناکات و درێژەدەری هەمان پڕۆژەی ڕەزاخانە بۆ یەکدەستکردنی گشت شوناسە جیاوازەکان، هەموو ساڵێک بە هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ گوشارێکی چروپڕ دەخاتە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت چالاکانی مدەنیی سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا تاکوو ئەو ڕێوڕەسمانە بەڕێوە نەبن؛ لەو ڕاستایەدا لە ساڵی ٢٧١٨ی کوردی، هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆزی خەڵکی شاری مەڵەکشایی لە پارێزگای ئیلام و وێڕای ئەوەی کە دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی ئەو ڕێوڕەسمەدا گرت و تەنانەت داری ئاگرەکەشیان کۆ کردەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان، چەند کەس لە چالاکانی مەدەنی و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێورەسمەشیان دەستبەسەر کرد.

ڕێژیمی داگیرکەر لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستاندا هەڕەشە لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان دەکات کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد وەک ئاڵای پیرۆزی کوردستان، جامانە، گوڵی سوور، سروودی نیشتمانی و ... لەو ڕێوڕەسمانەدا هەبن و نابێت ئەو جەژنانە بۆنی نەتەوەییی خەڵکی کوردستانیان لێ بێت و دەبێت بە جێی ئەوانە، هێماکانی ڕێژیمی ئیسلامی و داگیرکەری کوردستان بەکار بهێندرێن. بەڵام سەرەڕای گشت گوشارەکانی داگیرکەران، ئاگر وەک زەنجیرێکی یەکگرتوویی، هەموو خەڵکی کوردستان و گشت کوردستانییان لە سەرانسەری جیهاندا پێکەوە گڕی داوە، ئەو ئاگرە قەت ناکوژێتەوە و تەنانەت لە دووەردەستترین گوندەکانی کوردستان و جیهانیشدا ئەم ئاگرە بە دەستی کوردەکان و لەسەر بانی ماڵەکانەوە دەگەشێتەوە.