(پەیامی نەورۆزیی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب)
هاونیشتمانییانی هێژا!
کوردستانییانی خۆڕاگر!
لە کاتێکدا بەرەو نەورۆز دەچین کە نەتەوەی کورد بەتەمایە زیاتر لە جاران ئەم بۆنەیە بکاتە هەوێنی بەرەنگاری، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نیشتمانی. لە هەمان کاتدا بەرەوپیلی بۆنەیەکەوە دەچین کە بۆ بەشێک لە نەتەوەکانی تر لە ناوچەکەدا مانادارە و، سەرچاوەی نوێبوونەوە.بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە و نەورۆزی کوردەواری لەوانی تر جیا دەکاتەوە، واتاگوتاریی ئەو بۆنەیەیە، کە جیاوازیی بەرچاوی لە کوردستان هەیە. نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد بە مانای ڕابوون و سەرهەڵدان بەرانبەر بە ستەم و سەردەستی دێ، واتایەک کە دەتوانێ لە ئەمڕۆی ئێرانیشدا مانادار بێت.
لە دیدی نەتەوە باڵادەستەکانەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، نەورۆز تەنیا بۆنەیەکە کە تیایدا سروشت ڕەنگ دەگۆڕێ و سیمایەکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێت. بەڵام بۆ نەتەوە و خاکێکی ژێردەست، پەراوێزخراو و بەفەرمی نەناسراوی وەک کورد و کوردستان، هێنانە ڕۆژەڤی "ناسنامە "دەبێتە مەبەست و، ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرخۆدان دەبەخشێتە ئەم بۆنەیە. دیارە ئەم ڕۆحە پڕ لە ڕابوون و بەرخۆدانە تایبەت بە ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو لەو سەردەمەوە هاتووەتە ئاراوە کە کورد وەک نەتەوە هەستی بە ژێردەستی و بێمافی کردووە و کەڵکەڵەی ئازادیی هەبووە. لە قۆناغی "بزووتنەوەی ژینا"دا زیاتر لە جاران کۆمەڵگەی کوردستان ئاوێتەی مانای ڕزگاریخوازانەی نەورۆز بووە و، ئەم بۆنە نیشتمانییە دەتوانێ گڕوتینێکی نوێ بە بزووتنەوەکە ببەخشێت.
ئەوەی وەک ناسنامە لای کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان جێگیر بووە، بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە کوردستان بۆ زیاتر لە سەدەیەکە بەرانبەر بە پاوانخوازی خەبات دەکات. لەلایەک هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ژێردەستی و تێپەڕینی بەرەو قۆناغی ڕزگاری و، لە لایەکی دیکەشەوە دژایەتی و ململانێی لەگەڵ پاوانخوازی، بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کوردستانیبوون و ڕێڕەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی. ئەگەرچی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەیشتن بە سەروەریی سیاسی مافێکی بنەڕەتیی گەلانە و، بەرنامە و دروشمی سیاسی وەک فۆڕمی دابینکردنی ئەو مافە گرێدراوی هەلومەرجی سیاسییە، بەڵام جیهانبینیی مرۆڤی کوردستانی قووڵاییی ستراتیژیکی خۆی لە کۆیلەبوونی ئەوانیتردا نابینێ. بەپێچەوانەوە سەروەریی سیاسیی نەتەوەکانی دیکەشی بە بنەما وەرگرتووە و بە فەرمی باوەڕی پێیەتی.
بە واتایەک، بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان، بەختەوەریی خۆی لە ژێردەستی، پەراوێزخستن و ئینکاری ناسنامەکانی تردا نابینێ، بگرە پێداگری لەسەر "کەرامەتی مرۆڤ" چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە دەکاتەوە. ئەم تێگەیشتنە، هەڵگری گوتار و بەهاگەلێکن کە ناسنامەی کوردستانی بیچمی پێوە گرتووە. هەربۆیە، پێداگریی کوردستانییان لەسەر دواڕۆژێکی ئازاد تەنیا ویستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئامانجێکە تیایدا پاوانخوازی لە هەموو چەشنێکدا چ لە کوردستان و چ لە ئێران ڕەت دەکاتەوە. ئەم ڕێبازە وەبیرمان دێنێتەوە کە یەکڕیزی و تەباییی نێو ماڵی کورد ئەسڵی بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجی لەمێژینە و پڕبەهای ئازادییە. هەربۆیە، هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی نێو جوغڕافیای ئێرانیش بە پڕەنسیپێکی نەگۆڕی سیاسی دەزانرێ و، هاوخەباتی و هاوچارەنووسبوونی نەتەوە بندەستەکان بەرانبەر بە عەقڵییەتی پاوانخواز و ناوەندگەرا لە هەر شێوەیەکدا بێت، خاڵی یەکلاییکەرەوەیە.
لانیکەم لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، ئەوەی ئێرانی گیرۆدەی خۆی کردووە، باوەڕ بە سیستەمی پاشایەتی و ئیسلامی سیاسی بووە. ئەنجامی دزێوی هەر دوو جۆری بیرکردنەوەکە، ئینکاری ناسنامەی غەیرەفارسەکان بووە و لەو ڕێگەیەوە فۆڕمەکانی چەوساندنەوە بەرهەم هاتوونەتەوە، بۆیە دەربازبوون لە سیاسەتی سەرکوتکەری هەردوو ئیدیۆلۆژییەکە، زۆر ئاسان و سادە نییە. ئەوەی کوردستان بۆ دەربازبوونی هەمیشەیی لەم دۆخە وەک چارەسەرێکی ئینسانی و دیمۆکراتیک پێشنیار و پێداگری لەسەر دەکاتەوە، پێکەوەبوونی دڵخوازانەیە لە ئێرانێکی فیدڕال و سێکۆلاردا.
سیاسەتەکانی دەوڵەت- نەتەوەی ئێرانی لە ڕابردوو و ئەمڕۆدا ئەنجامەکانی دیارن: ستەم، نایەکسانی، توانەوە، پەراوێزخستن، ئێعدام، تیرۆر، ئەشکەنجە و بە گشتی شێوەکانی ستەمکاری بووە کە چارەسەرکردنیان پەیوەستە بە دەربازبوون لە عەقڵییەتی ڕابردوو و ئێستای ناوەند. ئەوەی ئێستا بووەتە واقیع، قەبووڵکردنی ناسنامەکانی نێو چوارچێوەی جوغڕافیای ئێرانە کە دەیانهەوێ خاڵی کۆتایی لەسەر دووبارەبوونەوەی ڕابردوو دابنێن و لێی دەرباز بن، ئەمەش کاتێک مسۆگەر دەبێ کە لە خۆسەپاندن و ئینکار بەرەو پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە هەنگاو بنێین. پێکەوەبوونێک کە هەمووان لەیەک ئاستدا بن و هەر ناسنامەیەک هەڵگری تایبەتمەندیی خۆی بێت. واتە، عەقڵییەتی ناوەند/پەراوێز نەمێنێ و سەروەریی یەک لایەنەی پێکهاتەیەک لە "ناوەند"ەوە هەڵبوەشێتەوە و، شێوازێک لە سەروەریی هاوبەش و چەسپاندنی مافی یەکسان بۆ هەموو نەتەوەکان لە دەستووری بنچینەییدا مسۆگەر بکرێت.
بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاگرێکی وەهای خستووەتە جەرگەوە کە چی تر پرسی ڕزگاریی ژن ناکرێ نکۆڵی لێ بکرێ. کۆمەڵگەی کوردستان نیشانی دا کە لە ئێراندا، پێشەنگی خەبات دژی دواکەوتووییە و، لە ڕێگەی بەها بەرزەکانی ئەم بزووتنەوەیەوە دەیهەوێ هەنگاوێکی گرنگ بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی و ژینگەیی هەڵبگرێ. لەم بزووتنەوەیەدا دیسان کوردستان بووە سەنگەری بەرگری لە بەها مرۆییەکان و زیاتر لە جاران پێداگری لەسەر ئەم بابەتە گرنگە کرا کە بۆ سازبوونی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەبێ ئاوڕ لە هەموو شێوەکانی چەوساندنەوە و هەڵاواردن بدرێتەوە. جەوهەری بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بێگومان ئافراندنی تێگەیشتنێکی نوێیە. تێگەیشتنێک کە دژ بە بیری فاشیستی، وەهمی ئایینی و ناسنامەی یەک ڕەهەندییە و، تیایدا جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگە بەرز دەنرخێندرێ. پێشەنگایەتیی ژنانی کورد و گرنگیدان بە پرسی ژن لە کوردستان بووەتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتێکی کورد و لەم ڕێگەیەوە جیهانییان بینییان کە نەتەوەی کورد خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ سازکردنی کۆمەڵگەیەک کە تیایدا گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی پرسی سەرەکی بێ.
نەورۆزی ئەمساڵ بەپێچەوانەی نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کە کوردستان بەتەنیا بەرانبەر بە پاوانخوازی لە ئێران لە مەیداندا بوو، ئێستا زۆربەی خەڵکی ناوچەکان و هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکە، لە ململانێ و بەرخۆدان دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان. بۆیە سەنگەرێکی گەورە بە بەرینایی جوغڕافییای ئێران دژ بە سەرەڕۆیی ساز بووە و تیایدا خەڵکانی ڕاپەڕیو دەبینین کە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر، ئاگر بە کۆشکی زۆردارەوە دەنێن.
لە دواییدا هەروەک چۆن نەورۆز بۆ کوردستانییان هێمای ڕابوون و بەرخۆدانە، هیوادارم بە هەمان شێوەش لە پانتایی ئێراندا سەرچاوەی دەربازبوون بێ بۆ ئێرانێکی تر. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە "کەرامەتی مرۆڤ"، قەبووڵی ناسنامەی جیاواز و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە سەرەوەی هێزی سەرکوتکەر بە پاساوی "تمامیت" و "یەکپارچەیی"یەوە بێ. بیرۆکەی تۆتالیتەر کە دەیهەوێ چاودێری بەسەر هەموو شتێکدا بکا و، "تمامیت" بپارێزێ، چارەنووسی نەمان و شکستە. ئەوەی توانای مانەوەی هەیە، ئەو بەها مرۆییانەن کە بەشێوەی ئاشتییانە و ئارەزوومەندانە مرۆڤەکان لە یەک نزیک دەکەنەوە و دەبنە هۆی سازبوونی کۆمەڵگەیەکی شیاوتر بۆ ژیان، بەدوور لە هەر چەشنە ستەم و چەوساندنەوەیەک.
لە سەروبەندی نەورۆزی کوردەواریدا، یادێک لە قوربانییان، شەهیدان، دەستبەسەرکراوان، باوکان و دایکانی جەرگسووتاوی شۆڕشی ژینا دەکەین. نیشتمان داخداری شەهیدانی شۆڕش و ڕاپەڕینە، هەروەک چۆن لەسەر کێلی گڵکۆی ژینا نووسراوە "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز". ئەم ڕەمزانە چرای ڕێگای سەربەستی و سەرکەوتنن، بە نەمری دەمێننەوە و مزگێنیی ڕزگاریمان دەدەنێ.
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان؛
سڵاو لە کچان و کوڕانی شۆڕشگێڕی کوردستان؛
سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی زیندانییانی سیاسی و خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان؛
هاوخەباتی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد هەردەم گەشاوە بێت؛
بەرز و پیرۆز بێت نەورۆزی کوردەواری
مستەفا هیجری
٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی