کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکاران بەبۆنەی نەورۆزی ژینا و ڕاپەڕینەوە

10:14 - 29 رەشەمه 2722

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵی نوێ و نەورۆزەوە، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشگەلێک لەم پەیامەدا هاتووە:

نەورۆزی کوردەواری کە بەشێک لە مێژوو و هێمای مانەوە و خۆڕاگریی کوردە، لە ئەمساڵدا جیاوازییەکی تێدا بەدی دەکرێت کە گەشەسەندنی هەستی بەرپرسایەتی و ئەرکی نەتەوەیی لە ناخی زۆرینەی تاکەکانی نیشتمان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەستی و گەیشتن بە قۆناغی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیە.

ئەم سیاسەت و ڕوانگە و ئاراستانەی کە بە نیسبەت نەتەوەکەمان هەست پێ دەکرێت و ئەوەی کە لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش ڕاستەوخۆ دەبینرێت، ئەوەمان لێ دەخوازێت کە پێش هەموو شتێک هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و هاوخەباتی لە جاران چڕوپڕتر بێت و داواکاریی نەتەوەکەمان کە یەکگرتوویی و بەتینترکردنی کوورەی خەباتە بەدی بهێنرێت، هەتا لە پێناو ڕزگاریی نیشتمان و نەتەوەکەمان شەرمەزاری جیلی دواڕۆژی نیشتمان نەبین.

شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی" نەتەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ئارەزوو و ئاواتە دێرینەی کورد نزیک کردووەتەوە کە خەڵکی کورد خوازیاری سەربەستی و خۆسەروەرین.

لێرەوە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، کە خۆی لەهەمبەر پرسی کورد بە بەرپرسیار دەزانێت، داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت خوێندکارانی مافخواز و تێکۆشەری کورد دەکەین کە بە یەکگرتوویی و یەکدڵی دەرفەتەکانی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بڕەخسێنن و ئەو هەلەی کە ڕەخساوە بە ڕەشبینی و بوغز و کەمتەرخەمی بەفێڕۆ نەدەن.