کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوە و شۆڕشی ژینا (ساڵی ١٤٠١)

10:30 - 29 رەشەمه 2722

سمایل شەرەفی

ساڵێ ١٤٠١ی هەتاوی بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە، لە ڕووی سیاسییەوە ساڵێکی پر لە دەسکەوت و ئەزمون بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی بوو. وەک لە درووشمی سەرەکیی ڕێورەسمە نەورۆزییەکانی‌دا ڕەنگی دابۆوە، هەستکردن بە یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکان هیوا و هومێدێکی زۆری لێ‌دەکرا کە بزووتنەوەی کوردستان دوای ساڵانێک لە لێکدابڕان و جیایی، جارێکی دیکە یەکێتی و یەکگرتوویی خۆی وەدەست بێنێتەوە. پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە زیاتر لە دوو ساڵ بوو بەجیدیی کاری لەسەر دەکرا، بۆ خەڵک ببوو بە هیوا و ئاواتێکی گەورەی سیاسی. کە بەخۆشییەوە دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ لە لێکدابڕان، دێموکراتەکان لە رێکەوتی ٣٠ی گەلاویژی ١٤٠١دا یەکیان گرتەوە و هیوا و هومێدێکی تایبەتیان خستە دڵی تێکۆشەران دێموکرات و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە. هەر لەم پێوەندییەدا یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵەش بەشێک بوو لەو زەروورەتە سیاسی‌یە.

ڕووداوەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠١ی و کە درێژکراوەی جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، نیشاندەری گۆڕانکارییەکی بەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون. خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە هێندێک دەرفەتی تایبەتی وەک؛ بوومەلەرزەکەی ئەزگەلە لە پارێزگای کرماشان، کەرنەڤاڵە نەورۆزییەکان، بزووتنەوەی بەرینی فێرخوازیی زمانی کوردی و چالاکییە ژینگەپارێزییەکان و دژکردەوەیان بەرانبەر بە لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی سیاسی، مانگرتنی جەماوەریی ٢١ی خەرمانانیان بە نیشانەی مەحکوومکردنی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨٧ی هەتاوی و پشتیوانییان لە ڕاسانەوەی ڕۆژهەڵات، نیشانیان دابوو کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ناخی خۆی‌دا هەڵگری چ گۆرانکارییەکی بەرز و قوڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیی‌یە.

لە کۆتایی‌دا بە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا لە کوردستان و بڵاوبوونەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە تەواوی ئێران و جیهان‌ لە ٢٦ی خەرمانان‌دا ، ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بۆ هەمیشە ناوی خۆی لە مێژووی جیهانی سیاسەت و مرۆڤایەتی‌دا بۆ هەتاهەتایە تۆمار کرد.

شۆڕشی ژینا کە بەرهەمی پەنگخواردنەوەی ڕق و بێزاریی خەڵک لە نیزامی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئیران لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە نیشانی بەرزیی ئاستی شعورری نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو، بۆ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی، خۆی وەک دەرفەتێکی ناوازە دەرخست. دووپاتکردنەوەی درووشمەکانی کوردستان لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران لە سەرووی هەمووانەوە "ژن، ژیان ،ئازادی" کە زۆری نەخایاند زۆربەی شەقامەکانی دنیای دەرەوە و کۆڕ و کۆبوونەوە و پارلمانەکانی دنیای تەنی، کوردستان کرد بە "چاو و چرای" گشت نەتەوەیکانی دیکەی ئێران و کورد وەک هێما و کوردستان وەک پێشەنگی ئەم شۆڕشە هاتە ناساندن.

هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێی ڕۆڵ و ئەرکێکی تاریخیی کە حیزبەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات لەسەر شانی بوو لە گوڕ و تین بەخشین بە ڕاپەڕینی ژینا بە شێوەی جەماوەری و مەدەنی کاریگەر و شوێندانەر بوون. ناوەندی هاوکاری بە دەرکردنی بانگەوازی مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕەکان، بە گشتگیرکردنی ڕاپەڕینەکە توانی هاوکات لەگەڵ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران و جیهان، جورئەت و جەسارەتی بەشداری لە شوینەکانی دیکەش بەڕێتە سەرێ کە زۆری نەخایاند خەڵکی شارو ناوچەکانی دیکەی ئێران بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "کوردستان، کوردستان، پشتیوانیت لێ دەکەین"، "کوردستان، کوردستان، چاو و چرای ئێران"، پەیوەست بە ڕاپەڕینی ژینا بوون و شۆرشی ژینا لە فازێکی دیکەی بەرین و پێکهاتە‌شکێن‌دا درێژەی بە مەیدانداریی خۆی دژ بە "دیکتاتۆری" دا.

دوژمن چاوی بەم دەسکەوت و پێشەنگایەتییەی کوردستان هەڵنەهات و هاوکات لەگەڵ تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی کوردستان و سەرکوتکردنیان، بۆ بەلاڕیدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران لەسەر شاز درەوشانەوەی کوردستان، کەوتە پیلانگێڕێ. سپای سەرکوتکەری پاسداران لە گەڵ هێرشکردنەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان لە سەر شەقامەکان و تەقەی ڕاستەوخۆیان لە جەماوەر، بە دەیان مووشەک و درۆن و، سەدان تۆپی دوورهاوێژ، بۆ جارێکی دیکە پێشنیوەڕۆی رۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ پەلاماری بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی کوردستان و هێزی پیشمەرگەی‌دا و تەنانەت هێرشی مووشەکیی کردە سەر کەمپە مەدەنییەکان و قوتابخانەی منداڵان و بە دەیان کەس لە تێکۆشەرانی سیاسی و ژن و منداڵی بێ‌تاوانی کرد قوربانی.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە "کۆدڕەمز"ی "تجزیە‌طلب"ی هێرشی کردە سەر حیزبەکان، لە لایەک دەیهەویست بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە کوردستان بەلاڕێدا بەرێت و بیانترسێنێت لەو ئیدیعا درۆینەی کە خەڵکی کوردستان جیاییخوازن و ئامانجیان لەتلەتکردنی ئێرانە!! و، لە لایەکی دیکەوە هەدەفی ئەوە بوو کە بە هاندانی حیزبەکان بۆ دژکردەوە لەخۆنیشان‌دان، شەڕێک بەسەر کوردستان و حیزبەکان‌دا بسەپێنێ.

هەڵوێستی ژیرانەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و بەرزیی هوشیاریی گەلانی ئێران و ناسیاوییان لەسەر کورد و خەباتە ڕەواکەی، بەخۆشییەوە هەردوو پیلانەکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان پۆچەڵ و بێ‌ئاکام هێشتەوە.

لە دریژەی شۆڕشی ژینادا کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ – سەرەڕای سیاسەتی سەرکوت و پیلانگێڕیی ژوورە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی – یەکگرتوانە لەسەر نەمانی ئەم ڕێژیمە و هەوڵدانیان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان سوورترن. تریبوونی مزگەوتەکانی کوردستان بە هۆی مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەرەوە، بوونەتە دەنگێکی بەرزی داکۆکیکاری لە ناڕازییانی سەرشەقام و گیراوانی سیاسی. ژنان و کچانی هوشیار و ئازای کوردستان، بوونەتە پێشەنگ و ڕچەشکێن. جەسارەت و وریایی لاوانی کوردستان و داهێنانەکانیان لە چۆنیەتی درێژەدان بە شۆڕشی ژینادا، تادێ دوورەدیمەنی سەربەستیی نیشتمان ڕوونتر دەنوێنێ.

هەر لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی‌دا بوو کە نوینەرایەتیی ڕەسەن و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی لە فازێکی دیکەی شۆرشی ژینادا، بە دوور لە ژاوەژاو و پڕوپاگاندای بۆنگای ئەقڵییەتی تەوایەتخواز و، نەکەوتنە نێو گێژاوی هەڵپەهەڵپی خۆدەرخستن و دەسەڵاتخوازی، ئازایانە داکۆکی لە شوناسی نەتەوەیی بزووتنەوەی کوردستان و کەرامەتی ئینسانی کورد و مافە نەتەوایەتییەکان کردەوە.

ڕووداوە سیاسییەکانی ساڵی ١٤٠١ هاوکات لەگەڵ دەرخستنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا وەک دیاردەیەکی سیاسیی فرە لایەن، بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران بەتایبەت بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی لەبەردەم تاقیکارییەکی گەورەی مێژوویی‌دا داناوە کە بێگومان ڕەوتی ڕووداو و پیشهاتە سیاسییەکان لە هەر سێ بەستێنی نێوخۆی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی‌دا، ڕۆڵی و کاریگەریی خۆیان دەبێ.