کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی سەردەمی کۆماری کوردستان لە ناوچەی بۆکان

22:25 - 29 رەشەمه 2722

دایە زبێدە حوسێن حاجی، ناسراو یەکێک لە لایەنگرانی بە بیروباوەڕی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دایە زبێدە حوسێن حاجی خەڵکی گوندی حاجیلەک لە ناوچەی بۆکان، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و یەکێک لە لایەنگرە بە بیروباوەڕەکانی حیزب، بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە زبێدە، ژنێکی بە بیروباوەڕ و نیشتمانپەروەر بوو. ئەو کات کە پاسدارەکانی خومەینی لە نێوەڕاستی حاجیلەک مۆڵگەیان دانا و ئێواران دەستە دەستە بەنێو گونددا دەگەڕان، لەو کاتانەدا تاقە ڕادیۆیەک کە هەموو ئێوارەێەک بەبێ ترس دەنگی دەهاتە کۆڵان و دەیوت "ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە"، ڕادیۆکەی مەلا زبێد بوو.

 یەکێک لە ئاواتە لەمێژینەکانی دایە زبێدە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆژەی بە چاوی خۆی نەبینی و دڵە گەورەکەی بۆ هەتاهەتایە لە لێدان کەوت.

ناوبراو وەسیەتی کردبوو کە تا ئەو کاتەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات بە سەر مەیتەکەیدا نەدەن، نابێ بینێژن و لە کۆتاییدا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتەوە بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە زبێدە حوسێن حاجی، سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.