کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

22:30 - 29 رەشەمه 2722

لە زۆرینەی شار و گوند و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەلایەن کوردستانییانی ڕاپەڕیو و ئازادیخوازەوە بەڕێوە چوو.

ئەم ئێوارەیە ڕێکەوتی ۲۹ی ڕەشەمە، خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گڕوتینەوە و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بە هێما نەتەوەییەکانی ترەوە پێشوازییان لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی کرد.

هەروەها کوردستانییانی ئازادیخواز لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، بۆکان و پیرانشار و... وێڕای پیرۆزکردنی نەورۆز، دژی خامنەیی و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان وتەوە.

لەلایەکی دیکەوە دایکی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا لە بۆکان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازییان لە نەورۆز کرد و هیوایان خواست ساڵی نوێ ساڵی وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد بێت.

هەروەها ئەم ئێوارەیە خەڵکی ڕاپەڕیوی سەقز لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی کۆ بوونەوە و سروودی حەماسییان خوێندەوە؛ هاوکات باوکی ژینا ئاگری نەورۆزی هەڵ کرد.

لە چالاکییەکی بوێرانەی تردا، لاوانی شۆڕشگێڕی سەقز لە زۆرینەی مزگەوتەکانی ئەو شارە سروودی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو کردەوە و هەستێکی زۆر تایبەتتریان بە نەورۆزی ئەمساڵ بەخشی.

شایانی باسە کە لە زۆرینەی شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان، ئاگری نەورۆز لەلایەن دایک و باوک و کەسوکاری شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانەوە هەڵ کرا.