کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی کۆنی کوردەواری لە زۆرینەی شارەدێ و گوندەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

22:32 - 29 رەشەمه 2722

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زۆرینەی شارەدێ و گوندەکانیش ڕێوڕەسمی نەورۆز بە گڕوتینەوە بەڕێوە چوو.

ئەم ئێوارەیە ڕێکەوتی ۲۹ی ڕەشەمە، لە سەدان گوند و شارەدێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگری نەورۆز کرایەوە و ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە چوو.

خەڵکی ئاوایی کانی ڕەشی سەر بە شاری بۆکان، ئاگری نەورۆزیان کردەوە بە سەمای جامانە و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پێشوازییان لە نەورۆزی کۆنی کوردەواری کرد.

هەروەها کچان و کوڕانی شۆڕشگێڕی ئاوایی بەردەڕەشی بانە و گوندی تەنگیسەری سنە، بە هێما نەتەوەییەکانەوە، پێشوازییان لە ساڵی نوێی کوردی کرد.

لەلایەکی ترەوە لە گوندی ڕاژان و لە شارەدێیەکانی زێوە و دزە سەر بە شاری ورمێ، خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان ئاگری نەورۆزیان کردەوە و بە شێوازێکی تایبەت چوونە پێشوازی ساڵی نوێوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ئێوارەیە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مەریوان ڕەوانەی شارەدێی "نێ" کران و ئەو شارەدێیەیان میلیتاریزە کرد. بەڵام خەڵکی نیشتمانپەروەری نێ بەرەوڕوویان بوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

لەم پێوەندییەدا لە ئاوایی بوڵواناوای دێولان، سەرکوتکەرانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ئەو خەڵکەی کە دەیانەویست بۆ پێشوازی لە نەورۆز، ڕێوڕەسم بەڕێوە ببەن و باس لەوە دەکرێت کە بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک، تەقەیان کردووە.