لە زۆرینەی شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان، ئاگری نەورۆز لەلایەن دایک و باوک و کەسوکاری شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانەوە هەڵ کرا.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئێوارەی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی کوردستان لە هەموو شارەکان بە هێمای نەتەوایەتی و ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە و بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ئاگری نەورۆزی ژینایان هەڵ کرد.
لە شاری سەقز و لە گۆڕستانی ئایچی، باوکی شەهید ژینا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و بە بەشداریی سەدان کەس لە خەڵکی بوێری سەقز ئاگری نەورۆزی هەڵ کرد.
لە شاری سنە دایکی شەهید پەیمان مینبەری، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، ئاگری نەورۆزی ژینای هەڵ کرد.
لە شاری مەهاباد، هاوژینی شەهید شۆڕش نیکنام، بە جامانە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە ئاگری نەورۆزی کوردانی بە دروشمی ژن ژیان ئازادی هەڵ کرد.
لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان ئێوارەی ڕابردوو ئاگری نەورۆزی ژینا کراوەتەوە و خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان، بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و هەروەها کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، بەرەوپیلی نەورۆزی ئازادی ڕۆیشتوون.