ڕۆژی ڕابردوو پاش ئەوەیکە ئاگری نەورۆزی ژینا لەلایەن خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کرایەوە، هێزەکانی ڕێژیم لە چەند شاری کوردستان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و چەندین کەس لە ناوچە و شارە جیاوازەکان بریندار بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی و پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز، هێزەکانی ڕێژیم لە شارەکانی سەقز، مەهاباد و بوڵواناوای لەیلاخ، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە و چەندین کەس بریندارن.
لە شارەدێی بوڵواناوای ناوچەی لەیلاخی سەر بە شاری سنە، خەڵکی ئەو شارەدێیە پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز و دروشمدان دژی هێزی داگیرکەر، ڕژانە سەر شەقام و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بەو هۆیەوە چەندین کەس بریندار کران.
ئێوارەی ڕابردوو لە شاری سەقز و لە گەڕەکی کەریمئاوا، پاش ئەوەیکە خەڵک ئاگری نەورۆزی کردەوە و ڕژانەوە سەر شەقامەکان، هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و چەندین کەسیان بریندار کرد.
لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە شاری مەهاباد و چوارڕێیانی ئازادی، خەڵکی بەهەڵوێستی مەهاباد پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد کە لە ئاکامدا چەندین کەس بریندار بوون.