کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی پارتی سەربەستیی کوردستان لە هەڵوێستی حیزبی دێموکرات

09:59 - 12 رەشەمه 2722

پارتی سەربەستیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی لە هەڵوێستەکەی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە هاوپەیمانی نەکردن لەگەڵ پەهلەوی، کرد.

لە بەشگەلێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

لە یەکەم پلۆنۆمی پاش کۆنگرەی سێیەمی پارتی سەربەستیی کوردستان، یەکێک لەو خاڵانە کە لەو پلۆنۆمەدا باسی لەسەر کرا و ڕا و بۆچوونی لەسەر وەرگیرا، باسکردن بوو لەسەر ئەو هەڵوێستە دروستەی بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

کاک مستەفا لە وڵامی پرسیارێکی میدیایی، بە ناوی حیزبەکەیەوە ڕایگەیاندبوو کە نە ئەوان و نە خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نین لەگەڵ ڕەزا شا و گرووپ و نزیکەکانی هاوکاری و هاوپەیمانییان هەبێت. ئەمەش بۆ پارتی سەربەستیی کوردستان، وەک پارتێکی نەتەوەیی و خەمخۆری ناسنامەی گەلی کورد، هەڵویستێکی دڵخۆشکەر بوو.

ئێمە لە ماوەی ئەو ١٧ ساڵەی تەمەنی تێکۆشانمان، بەردەوام لەو باوەڕەدا بووین کە هەڵوێستی ڕەزا پەهلەوی و مەشرووتە و زۆر لایەنی دیکەی سەرتاسەریخوازی ئێرانی، لە بەرامبەر مافەکانی گەلی کورد و کوردستان، زۆر شۆڤێنیستانە و دیکتاتۆرانە بوون.

 لەو پێوەندییەشدا لە ئاست هەر لێدوان و بۆچوونێکی لایەنە کوردستانییەکان کە پێمان وابووبێت زیان بە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەگەیەنێت، هەڵوێست و ڕەخنەی خۆمان لە چوارچێوەیەکی دۆستانە گەیاندووەتە لایەنەکان و ڕای گشتیی کوردستانییان.

لە ئێستاش لە ئاست ئەو هەڵوێستە دروستەوە، بە دروستی دەزانین کە پشتیوانی و خۆشحاڵیی خۆمان ئاراستەی حیزبی دیمۆکرات و بەڕێز مستەفا هیجری بکەین و هاوکات هیواخوازین کە ڕێگە نەدرێت بەوەی لایەنەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ناکۆکی و درز بخەنە نێو پارتە کوردستانییەکانەوە.

بەو هیوایە ئەو جۆرە هەڵوێستە نەتەوەییانە لە داهاتوودا بە هاوبەشیی هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، لە چوارچێوەی بەرەیەکی گشتگیر، یان ناوەندێکی بەهێزی هاوکاریی لایەنەکانی کوردستانی بدرێتە دەرەوە.