کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی نەورۆزیی ئەمریکا: لەسەر پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران، بەردەوامین

11:02 - 1 خاکەلێوه 2723

"جۆ بایدن"، سەرۆککۆماری ئەمریکا، "ئانتۆنی بلینکێن"، وەزیری دەرەوە و "وێندی شێرمن"، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامی جیاجیادا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزیان وت و پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ئێران، بە تایبەت ژنان دووپات کردەوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، لە پەیامێک بەبۆنەی نەورۆز، ڕایەگەیاند: نەورۆزی ئەمساڵ بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان لە سەروبەندێکی ناخۆشدایە و لە ئێستادا هیوا و هومێد لە هەر کاتێک زیاتر پێویستە، بەتایبەت بۆ ژنانی ئێران کە بۆ مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان خەبات دەکەن، پێویستترە.

لە پەیامی "جۆ بایدنـ"ـدا هاتووە: ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ژنان و هەموو خەڵکی ئێران کە بە باوەڕ و بوێریی خۆیان بوونەتە سەرباشقەی جیهان، بەردەوام دەبێت.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەرانی ئێران بە دەستی ڕێژیمی ئێران، وتی: ''ئێمە بەڵێنیی خۆمان دووپات دەکەیەنەوە، ئەمریکا لەسەر پشتیوانیکردن لە مافە مرۆییەکانی ئێوە کە بە دوای داهاتوویەکی ڕوونترن، جەخت دەکاتەوە.''

وێندی شێرمن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەبۆنەی نەورۆزەوە، بە ئاماژەدان بە ڕاپەڕین دژی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بوێریی خەڵکی ئێرانی ستایش کرد.