کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا

10:21 - 2 خاکەلێوه 2723

لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، خەڵک وێڕای پیرۆزکردنی نەورۆز، دژی ڕێژیم دروشمیان وتەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش وەک هەمیشە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی کە بە دەستی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە کۆتاییەکانی شەوی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی و کاتژمێرە سەرەتاییەکانی سێشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شارەکانی مەهاباد، بوڵواناوای سەر بە دێولان، سەقز و سنە، خەڵک کە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕژابوونەوە سەر شەقامەکان، بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کەوتن و بەوهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بریندار کران.

لە شاری مەهاباد، لە سەرەتاکانی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێزەکانی سپای پاسداران ڕاستەوخۆ خەڵکیان دایە بەر دەسڕێژ و زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی بریندار کران.

هەروەها لە شاری سەقز و بەتایبەتی لە گەڕەکی کەریم ئاوای ئەم شارە، سەرەڕای فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ، هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بەهۆیەوە ٩ کەس بریندار کران.

لە شارۆچکەی بوڵواناوا سەر بە شاری دێولانیش، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد کە بەهۆیەوە لانیکەم ٣ کەس بریندار کران.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی برینداربوونی خەڵکی دێولان، خەڵکی ئازادیخوازی ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە داخستنی ڕێگاکان و لێدانی هۆڕن، بە شێوەیەکی بەردەوام پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی بوڵواناوا و ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر توندوتیژی و سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی ڕێژیم دەربڕی.

هەروەها هێزەکانی ڕێژیم لە چەند گەڕەکێکی شاری سنە هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و چەندین هاووڵاتییان بریندار کرد.

شایانی باسە کە ئێوارەی دووشەممە ڕێکەوتی ۲۹ی ڕەشەمە، خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گڕوتینەوە و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بە هێما نەتەوەییەکانی ترەوە پێشوازییان لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی کرد.