کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە پلەی ١٠١ی وڵاتانی شاد و خۆشحاڵی جیهاندا جێی گرت

10:25 - 2 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی ١ی خاکەلێوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ''شادی''، بڵاوکراوەی کاناڵی ڕێگەچارەکانی "گەشەی بەردەوام" سەر بە دامەزراوەی ''گالوپ''، لیستێکی لە ڕێژەی شادی و خۆشحاڵی لە وڵاتانی جیهان بڵاو کردەوە کە لەو لیستەدا ئێران لە پلەی ١٠١دا جێی گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕێژەی شادی و خۆشحاڵیی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٠ هەتا ٢٠٢٢ی تاوتوێ کردووە، وڵاتی فینلاند بۆ شەشەمین ساڵ لەسەریەک وەکوو شادترین وڵاتی جیهان ناسێندرا.

ئەو دامەزراوەیە لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا، بەپێی پێوەرەکانی ''هیوا بە ژیان، سەرانەی بەرهەمهێنانی ناپاڵێوراوی نێوخۆیی، پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێژەی گەندەڵیی کەم، لێبووردەیی و پشتیوانیی خەڵک لە یەکتر و ئازادی لە بڕیارەکانی ژیان''، ڕێژەی شادبوونی خەڵکی وڵاتانی جیهان پلەبندی دەکات.

لەو ڕێزبەندەدا دوای فینلاند، دانمارک و ئیسلەند و ئیسرائیل وەکوو شادترین وڵاتانی جیهان ناسێندراون.

هەروەها لەو ڕێزبەندەدا ئەفغانستان، لوبنان و سیرلئون وەکوو خەمبارترین وڵاتانی جیهان ناسێندراون.