ڕێوڕەسمی هەلاوەمەلاوە بە دەسپێشخەریی کتێبخانەی گشتیی "تیشک" لە گوندەکانی سڵامەت و خوڕخوڕەی ناوچەی گەورکایەتیی بۆکان و نێوشاری بۆکان بەڕێوە چوو و بەو بۆنەوە کتێبیکی زۆر پێشکەشی منداڵان کرا.
بەڕێوەبەرانی کتێبخانەی گشتیی "تیشک" بەو بۆنەوە وتوویانە: ''ئێمە وەک لێژنەی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز لە هەموو گەلی کورد و گەلانی تر کە باوەڕیان بە هێماکانی نەورۆز و نوێبوونەوەیە دەکەین و هیوادارین دابونەریتی کتێب و خوێندنەوە بە تایبەت لە بواری پاراستنی زمانی دایکی، لە هەموو ناوچەکان پەرە بستێنێت.''
لەو ڕێوڕەسمەدا چوارسەد بەرگ کتێبی منداڵان لە بوارەکانی ''زمانەوانی، چیرۆک و شێعر'' لە چوارچێوەی هەلاوەمەلاوە پێشکەشی منداڵان کرا و منداڵەکانیش بە خوێندنەوەی شێعری کوردی و بەوپەڕی خۆشییەوە بەرەوپیری ئەو هەڵمەتە چوون و لاپەڕەیەکی شیرین لە مێژووی نەورۆزی کوردەوارییان تۆمار کرد.