کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران

10:02 - 12 رەشەمه 2722

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، بەهۆی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی خستە سەر ٢٠ کەشتی و ١١ کۆمپانیا لە وڵاتانی چین، ئیمارات و ڤیێتنام.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پینجشەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ٢٠ کەشتی و ١١ کۆمپانیا لە پێوەندی لەگەڵ گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران، خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆوە نوێیەکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران، لە تویتێکدا نووسی: ئێمە درێژە بە گەمارۆکانمان دژی ڕێژیمی ئێران دەدەین.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هاتووە کە دوو کۆمپانیا لەو ١١ کۆمپانیایە کە گەمارۆیان خراوەتە سەر لە وڵاتی چین و ٩ کۆمپانیاکەی دیکە لە وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ڤیێتنام، هەوڵی دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێرانیان داوە.

پێشتر وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ڕێبەنداندا، گەمارۆی خستبووە سەر ٦ کۆمپانیای ئێرانی بە ناوەکانی "پیشەی پێترۆشیمیی ئەمیر کەبیر، پێترۆشیمیی سیمۆرغ، پێترۆشیمیی لالە، تینا تەدبیری مارۆن و ئۆفۆق سپێهری مارۆن."

ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دژی دەسەڵات، هەناردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین و هەروەها فرۆشتنی نایاسایی بەرهەمە نەوتی و پێترۆشیمییەکانی، بە سەپاندنی چەندین بەستەی گەمارۆ، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.