کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئێرانی داهاتوو بەبێ داننان بە مافەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دروست نابێتەوە

16:10 - 2 خاکەلێوه 2723

دیمانە: شەماڵ تەرغیبی

ئاماژە: کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردکاناڵ سیاسەت و خوێندنەوی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت پرسە گرینگ و ڕۆژەڤەکانی کوردستان و ئێرانی شی کردەوە. "کوردستان" کاکڵی باسەکانی کاک خالید عەزیزیی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

شۆڕشێ ژینا لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا

پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەجێدا تەنیا لەسەر بنەڕەتی دێموکراسی و ماف دروست نەبوون و لەسەر بنەمای هێندێک یاسا و ڕێسا دادەمەزرێن و بەرژەوەندییش فاکتەرێکی سەرەکییە. بۆیە وڵاتانی دێموکراتیک کاتێک چاو لەو شۆڕشە دەکەن، بە ئیعتباری کۆمەڵگەکەیان کە دێموکراسیی تێدا هەیە، پشتیوانیی لێ دەکەن. بەڵام نەفسی ئەو پشتیوانییە بە مانای ئەوە نییە وا بەئاسانی بگەنە قۆناغێک دژکردەوەی مەیدانیی لەدژی ئێران لێ بکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لە شۆڕشی ژینا زۆر بوو. بەڵام ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی دەدات هەر خەڵکی ئێرانن.

لەبەر ئەوەی لە وڵاتانە کێبڕکێی سیاسی لەنێوان حیزبەکاندا هەیە، هەموو شتێک دەکەوێتە بازنەی کێبڕکێی سیاسی کە کێ دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ و ئەوەی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ ڕوانگەی بۆ ئێران چ دەبێت. بەڵام، بەگشتی هەمووان بەو ئاکامە گەیشتوون دەرنگ یا زوو دەبێ دێموکراسی لە ئێراندا دابمەزرێ و ئەو جووڵانەوەیە دەبێ سەر بکەوێت. ڕاستە خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتیی جیهان داناوە، بەڵام نیزامێکی سیاسی تەنیا بە خۆپیشاندان ناڕووخێ. ئەوەی ئەو نیزامە لەنێو دەبا، بەدیل و ئاڵترناتیڤە. کۆمەڵگەی دنیای دەرەوە لە ئێستادا، بەدووی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا ناگەڕی. دنیای دەرەوە نەک لە ڕوانگەی مافەوە، بەڵکوو لە سۆنگەی ئەمنییەتی جیهانییەوە چاو لە مەسەلەی ئێران دەکا و دەپرسن ئەو نیزامە بڕوا و نەمێنێ کێ جێگای دەگرێتەوە؟

پرسی ئاڵترناتیڤ و هاوپەیمانیی سەراسەری دژی کۆماری ئیسلامی

بەردی بناغەی دروستبوونی حیزبی دێموکرات لەسەر پێناسەی نەتەوایەتی و مافی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بۆ ئەوەی ئەو مافانە بەدی بێن و بۆ ئەوەی ئێمە دەستمان ئاواڵا بێ چۆن لەسەر ئەو مافانە دانوستان بکەین، قەت بە نیسبەت داهاتووی ئێران بێ‌تەفاوەت نەبووین. دارولەلەی ئەوەشمان ئاوا داناوە کە دەبێ ئێران دێموکراسیی تێدا هەبێ و ئەو دێموکراسییەش بە ئێمەی کورد بەتەنیا دانامەزرێ. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و چارەسەرکردنی مەسەلەکەش تابعێکە لەو ڕاستییە. ئێمە لە هەموو ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی هەتا ئێستا لەگەڵیان دانیشتووین، پێمان گوتوون وەکوو حیزبی دێموکرات بۆ دروستکردنەوەی ئێران لەگەڵ ئێوە شان وەبەر دەدین، بەڵام لەبیرتان نەچێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندنەوەیەی خۆی بۆ داهاتووی ئێران هەیە و مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لەو وڵاتە لە پێش هەموو شتێکەوەن. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە، یەکجار زۆر بڵاون ئێمەش نەمانویستووە لەگەڵ لایەک بچینە نێو جۆرێک هاوپەیمانی و بکەوینە نێو دژایەتیی لایەنەکانی دی. ئێمە بێ تەفاوەت نین و لەنێو دژبەرانی کۆماری ئیسلامییشدا کەس بە دوژمنی خۆمان دانەنێن، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دانیشتنمان دەبێ، بەس کە دەگەڕێینەوە سەر چەندوچۆنی و ئیدارە و مودیرییەتی سیاسیی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتیی نیزامی سیاسیی، لێرەدا قسەی خۆمان هەیە و ئەو قسانەش تابعێکە لە بەرنامەی سیاسی و بیروباوەڕەکانی حیزب دێموکرات.

ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزب لەسەر داهاتووی ئێران

ئێمە لە ڕابردوودا لەوپەڕی خەباتی پێشمەرگانە و نیزامیی خۆماندا کە دژی کۆماری ئیسلامی بەرگریمان لە کوردستان دەکرد لە هاوپەیمانییەکدا بووین بە ناوی شوڕای میللیی بەرگری. تەنانەت لەو شوڕایەدا بەڵگەنامەی خودموختاریی کوردستان لە ئێرانێکی دێموکراتیکدا ئیمزا کراوە. ئەگەر وایە ئەزموونمان لەوەدا هەیە یەکەم. دوویەم، ئێستا ئێمە لەگەڵ ئەو نەتەوانەی باوەڕیان بە ئیدارەی ئێران بە شیوەیەکی فێدراتیو هەیە، کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدڕاڵی ئێران‌مان ۆێک هێناوە و لەگەڵ ئەوانیش هاوپەیمانیمان هەیە. سێهەم، جیا لەوە لەگەڵ هێندێک لە لایەنەکانی دیکە کە بۆ دێموکراسی کار دەکەن و هەماهەنگی و هاوکارییەکیان لە دەرەوەی وڵات هەیە و بە جۆرێک بە هاوپەیمانی خۆمانیان دەزانین، لەگەڵ ئەوانیش چەند هاوپەیمانییەک هەیە. دواجار لە تەنیشت ئەوانەشدا لەگەڵ زۆر لایەنی دیکە لە وتووێژداین لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین مەنشوورێک ڕابگەیەنین یا ڕێککەوتنێکمان هەبێت، بۆ ئەوەش دەبێ هەمووان ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران قبووڵ بکەین. ئێمە چەند سێلبریتییەک نین کە کە ڕابردووی حیزبیمان نەبێت و ڕەنگە زۆربەشیان عادتیان بە دارولەلەی چەندوچۆنیی دروستکردنی ئاڵترناتیڤ نەبێت؛ ئێمە حیزبێکی سیاسیی بەڕابردووی زیاتر لە حەفتا ساڵەین و زۆر سرووشتییە حیزبی دێموکرات سەنگ‌وسووکیی خۆی لەهەمبەر هەموو ئەو گۆڕانکارییانەدا هەبێت.

حیزب و "مەنشوور"ەکانی تا ئێستا

بێگومان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئێران ڕێگاچارەی جۆراوجۆر و تەیفی جۆراوجۆر و مەنشووری جۆراوجۆر دەبن، بەڵام ئێمە بە ڕاشکاوی گوتوومانە لەگەڵ دوو سیستمەم یان دوو نیزامی سیاسی نین، چونکە تەجرووبە کراون. یەکیان نیزامی پاشایەتیی ئەوی دیکەشیان نیزامی ئیستبدادی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی. جا ئەگەر وایە ئێمە ئەگەر ئەوەمان وەلا نا، دەبێ بێینە سەر شکڵی ئیدارەی حکوومەتی داهاتووی ئێران. ئێمە لەگەڵ سیستمی کۆماری هیچ دژایەتییەکمان نییە و بە شتێکی زۆر باشی دەزانین. بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە ئێران بە شێوەیەکی فیدڕاتیو ئیدارە بکرێ و حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێرانیش لە بەرنامەی خۆیدا فیدڕاڵیزمی هێناوە. لە تەنیشت ئەوانەدا کۆمەڵێک حەللی دیکەش هەیە. ئێمە تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە دانیشتنەکانی خۆمان هەیە، لەڕاستیدا ئەو مەنشوورەی بەردی بناغەکەی لە جۆرج تاون داندرا و ئێستا لە هەشت کەسەکە شەش کەسیان ئیمزایان کردووە، ئێمە دوژمنایەتییان ناکەین بەڵام تێبینیمان هەیە و پێمان وایە ڕوحی ئەو مەنشوورە لەگەڵ خوێندنەوەی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران نایەتەوە.

خوێندنەوەی ئێمە بۆ داهاتووی ئێران ئەوەیە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و دەبێ ماف نەتەوەکان بە جۆرێک کە ئێمە ڕێککەوتنی لەسەر دەکەین، تێیدا دیار بێ. گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران لە دەرەوە ئەوەیە بەپێچەوانەی ڕوحی هاوکاریی و هەماهەنگی لە نێوخۆی ئێران کاتێک کە دێینە سەر چەندوچۆنی قسەکردن لەسەر ڕێگاچارەکان زۆر زوو باسی تەواویەتی ئەرزیی ئێران دەکەن و زۆر زووش پێیان وایە ئەوە لایەنێکە ئێران تەجزییە دەکا. بەشێک لەوانە بەدوای ئەوەدا نین کە لە داهاتووی ئێراندا چ لە تاران و چ لە ئیدارەی ناوچەیی نەتەوەکانی ئێراندا قسەی لەسەر بکەن و ئێمە کێشەمان هەیە لەگەڵیان. بەڵام با ئەوان بۆچوونی خۆیان بێنن و ئێمە بۆچوونی خۆمان دێنین قسەیان لەسەر دەکەین. لە کۆتاییدا ئێمە تێ‌دەکۆشین پێوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان باش بێت، بەتایبەتی لەگەڵ زۆرێک لە لایەنەکان کە بەدوای ئاڵترناتیڤی کۆماریدا دەگەڕێن بۆ داهاتووی ئێران و نەتەوەکانی ئێرانی فدڕاڵ لە وتووێژەکانمان بەردەوام بین. ئێمە نابێ بەپەلە بچینە نێو هەر ئاڵترناتیڤێک. ئێمە حیزبین و بەپێی ئوسوولی حیزبی خۆمان کار دەکەین، ئەو حیزبەش پێی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانی ئێرانە و خەڵکی کوردستان چاوەڕوانییان لەو حیزبە هەیە. بۆیە زۆر بەڕاشکاوی و بە ئیعتباری خەبات و تێکۆشانی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات و ئەو جووڵانەوەیەی لەنێوخۆی وڵاتدا هەیە، ئێرانی داهاتوو ئەگەر کوردی بە مافەکانیەوە لەگەڵ نەبێ هەرگیز ئەمنییەت و ئارامی بەخۆیەوە نابینێ. ئێران بەبێ کورد و میللەتەکانی دیکە دروست نابێتەوە. ئەوانیدی دەبێ قبووڵی بکەن ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و هەرکات دانیان بەوە دانا، شۆڕ دەبینەوە بۆ بابەتەکانی دی و لەسەر چارەسەرەکان ساغ دەبینەوە.

جۆراوجۆرییە نەتەوەییەکان لە ئێرانی داهاتوودا

 ئێمە ئێمە شتێکمان نییە بە ناوی نەتەوەی ئێران. نەتەوە دەبێ ڕاستەوخۆ پێوەندی بە شۆناسێکی ئیتنیکی، میللی و زمانی هەبی، ئێمە کورد، بەلووچ، تورک، فارس، عەرەب و نەتەوەی دیکەمان لەو جوغرافیایەدا هەیە کە پێچەوانەی دەستەواژەی باو هیچیان کەمایەتی نین. ئەمن وەک خۆم لە ئێراندا باوەڕەم بە کەمینە و زۆرینە نییە. کام نەتەوە لە بەرامبەر نەتەوەکەی دیکەدا کەمینەیە، هیچیان. وەک نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتیش بەنیسبەت داهاتووی ئێران لەسەر ئەو بنەمایە بێ‌تەفاوت نەبووین و نین. بەڵام ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات پەلەمان نەکردووە و ئاوا لە بابەتەکە ناڕوانین کە چەند کەس و سێلێبریتی کۆ ببنەوە و وەکوو ئەوەی "جۆرج تاون"ی واشینگتۆن شتێک بدەنێ دەرێ و ئیدی تەواو. بە باوەڕی ئێمە هەر شتێکی گرینگ و شوێندانەر دەبێ لاقی لەسەر عەرز بێ. بۆ؟ چونکی هەروەک گوتم ئێمە بەرانبەر بە خەڵک خۆمان بە بەرپرس دەزانین و جووڵانەوەکەش کۆمەڵە ئەرکێکی بۆ ئێمە داناوە. ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە بەها و بایەخەکانی ئەم شۆڕشە بپارێزین، هەڵبەت ئەو بەو مانایەش نییە کە ئێمە دەرگای دیالۆگ و دانوستان لە خۆمان دابخەین. ئێمە بڵێی و نەڵێی پێویستیمان بە هاوپەیمان هەیە، چونکە نە بەتەنیا ئەو نیزامەمان بۆ دەڕووخێ و نە دەتوانین بە تەنیا ببین بە ئاڵترناتیڤ.

حیزبی دێموکرات و موجاهیدن و داهاتووی ناوەندی هاوکاری

 ناوەندی هاوکاری لەجێدا ناوەندی هاوکارییە. دوو لایەنی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لەپێوەندی لەگەڵ ڕووداو و بابەتی ڕۆژانە، لەگەڵ یەکتر هاوکارییان هەیە. ناوەند هەڵناوەشێتەوە و دەبێ لە درێژەی کاری خۆیدا ببێ بە بەرە و ئێمە هەتا وەک حیزبی دێموکرات لە سەرەتاوە و هەتا ئێستاش بە هەست بە بەرپرسیاریتییەوە درێژەی بە کاری ئەو ناوەندە داوە.

بەڵام لەبارەی موجاهیدینەوە، سروشتییە کە حیزبی دێموکرات بە دوای دۆست و پارتنەردا دەگەڕێت و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ موجاهیدینیش یەکتریمان بینیوە. حیزبی دێموکرات دوژمنایەتیی لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی نییە و دەیەوێ بەردەنگ بۆ کورد ببینێتەوە و ئەوە سیاسەتێکی بەرپرسانەیە. دانیشتن لەگەڵ موجاهیدین، دانیشتن لەگەڵ کۆماریخوازان، دانیشتن لەگەڵ ئەو سلێبریتییانە، دانیشتن لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەکان، دانیشتن لەگەڵ هەموو ئەو ئێرانییانەی دژبەری ڕێژیم ئەرکی ئێمەیە و لەپێناو دروستکردنی ئۆپۆزیسئۆنێکی بەهێز و ئاڵترناتیڤێکی کارا کە جێگای کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە؛ دەبێ لەسەری بەردەوام بین. دواجار وەکوو حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەداین کە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی دەتوانێ پێگەیەکی تایبەت بە کورد ببەخشێت و ببێتە بەشێک لە ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی.