کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ئێران و عەڕەبستان

16:57 - 2 خاکەلێوه 2723

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

پۆلیتیکۆ-نەهال توسی، فەلیم کاین

ئەو ئاشتییەی چین وەک ناوبژیوان لەنێوان ئێران و عەڕەبستانی سعودی هێناویەتە ئاراوە، بۆتە هۆی هەناسەسواریی هێندیک لایەن لەمەڕ گۆڕانی پارادایم و تەنانەت باس لە سەرهەڵدانی پەرگالێکی نوێی جیهانیی دەکا کە لەویدا چین دەبێتە ناوەند.

بەڵام پوختەی کاردانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەو شێوەیە: خەڵکینە، ئێرە هیچ شتێکی بۆ سەیر کردن لێ نییە.

کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە لێدوانی کورتی گشتیدا ویستوویانە لە گرینگیی ئەو دەستپێشخەرییە کەم بکەنەوە. کاتێک لە وتووێژەکاندا لەبارەی وردەکارییەکان پرسیار کراوە، لەنێو شتی دیکەدا ئەوان گوتوویانە: ئەوە دیاردەیەکی یەک‌جارەیە؛ ئەوە لە بەرژەوەندیی ئابووریی چیندا بووە نێوبژیوانیی ئەو ڕێککەوتنە بکات؛ ئەوە بە مانای هاوپەیمانیی درێژخایەن نییە و، هەر شتێک یارمەتی بە ئارامکردنەوەی ناوچەکە بکات لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە.

ئەو بەکەمگرتنە هەروەها نیشانەی ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەمەڕ بنکۆڵکرانی دەستڕۆیشتوویی جیهانیی ئەمریکا لەلایەن چینەوە، لە کاتێکدا کە بەرێوەبەرایەتیی بایدن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵی کۆکردنەوەی هاوپشتییە بۆ بەربەرەکانی دژی ئەوەی وەزیری کاروباری دەرەوە، ئانتۆنی بلینکەن، وەک هەڕەشەی بەیژینگ بۆ سەر "پەرگالی خاوەن ڕێسای نێونەتەوەیی" باسی دەکات، بەپەرۆشە.

لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی هەینیدا، کاربەدەستێکی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی، "لە کۆتاییدا، ئەوە شتێکی باشە،" کە بەیژینگ نێوبژیوانیی گرێبەستێکی کردووە تا بە گوێرەی ئەو، عەڕەبستانی سعوودی و ئێران پەیوەندییە سیاسییەکانیان دەست پێ بکەنەوە. "ئێمە خوازیاری دامرکاندنەوەی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستین و بەرەو ئەو ئاراستەیە کارمان کردووە. خەڵک نابێ زۆر بەو شتەوە ماندوو بن کە لە کۆتاییدا ئەوە چینییەکان بوون کە جێبەجێیان کرد." چوار کاربەدەستی دیکەش لێدوانی هاوشێوەیان دا و لە گرینگیی ڕێککەوتنەکەیان کەم کردەوە.

خاڵێکی دیکە: کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان پێداگرن کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر چالاک دەمێنێتەوە و ئاماژە بە ڕاهێنانە سەربازییەکانی ئەو دواییانە، سەردانەکانی دیپلۆماتەکان و وتووێژی تەلەفۆنیی سەرکۆمار جۆ بایدن لەگەڵ سوڵتانی عوممان لە سەرەتای ئەو مانگەدا دەکەن. بە لەبەرچاو گرتنی ڕەوانبێزیی پەرەئەستێن لەمەڕ شەڕی ساردی وڵاتە یەکگرتووەکان-چین، شتێکی ئەقڵانییە کە وا دەرنەکەون کە پەشۆکاون، چونکە نیشانەی لاوازییە. بێجگە لەوە، هەردوو واشینگتۆن و بەیژینگ بەرژەوەندییان لە ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی سەقامگیردایە، هیچ نەبێ لەبەر ئەوە کە ئەو ناوچەیە ناوەندی دابینکردنی وزەی جیهانە. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆرتر بەرژەوەندیی ئەمنییەتی هەیە، لە کاتێکدا چین زۆرتر بەرژەوەندیی ئابووریی هەیە.

ڕایان هاس، ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و پسپۆڕی کاروباری چین لە سەردەمی بەڕیوەبەرایەتی ئۆبامادا، پرسیاری کرد: "بێتوو بەڕێوەبەرایەتییەکە بەتەواوی لەو ڕووداوە دەهری بێ، چییان پێ دەکرێ؟" ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست "لە بەرزایی ٦٠ هەزار پێ، ئێمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ یەکتر کێشەکمان نییە". بەڵام، لێکدانەوەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ ئیدیعاکانی بایدن، کە وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ چین لە ئاستی جیهانیدا و لە ڕوانگەی ئابووری و لایەنی دیکەشەوە لە کێبڕکێ‌دایە، ناتەبایە. لە کاتێکدا بایدن پێداگرە کە بەدوای کێشەدا ناگەڕێ، ئەو و تیمەکەی زەخت دەخەنە سەر هاوپەیمانە ئورووپایی و ئاسیاییەکانیان تا بەستراوەیی خۆیان بە چینەوە کەم بکەنەوە.

لە کاتێکدا بەیژینگ گوتوویەتی "هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی تاکی" لە ڕێککەوتنی سعودی و ئێراندا نییە، ئەو وڵاتە خەریکی چنینەوەی بەرهەمی ئەو ڕێککەوتنەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی واڵ ستریت جورناڵ لە ڕۆژی یەکشەممە، چین پلانی کۆبوونەی شەش نەتەوەی پێکهێنەری ئەنجومەنی هاوکاریی و ئێرانی، لە ئەوساڵدا هەیە. هەر بە گوێرەی هەواڵەکان ڕێبەری چین، شی جینپینگ، دوای سەردانەکەی لە مۆسکۆ و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکۆماری ڕووسیە، ڤلادیمیر پوتین، بەرنامەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکۆمار ڤۆلۆدۆمیر زەلەنسکی لە حەوتووی داهاتوودا هەیە. چاوەڕوان دەکرێ ناوبراو لە هەوڵی جێبەجێکردنی پێشنیاری ئەو دواییانەی چین بۆ کۆتایی‌هێنان بە جەنگ دابێ. ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە وڵاتە یەکگرتووەکان ئاگاداریی داون کە چین لەوانەیە چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە بنێرێ تا لە جەنگی ئوکرایندا یارمەتیی بکات.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، عەڕەبستانی سعوودی و ئێران پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانیان کە ماوەی حەوت ساڵە پچڕاون گرێ دەدەنەوە و لە ماوەی دوو مانگدا باڵوێزخانەکانیان لە خاکی یەکتردا دەکەنەوە. ئەوە هەروەها بەڵێنی هاوکاریی ئەمنییەتییش دەگرێتە، بەو مەبەستە کە هێرشی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندیی یەکتر لە سەرانسەری ناوچەکەدا کەم بکەنەوە. کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەتایبەتی هیوادارن ئەوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەشمەینەتی لە یەمەن، شوێنێک کە سعوودییەکان و ئێرانییەکان خەریکی جەنگی ناڕاستەوخۆن کە هەنووکە ئاگڕبڕێک لە ئارادایە.

مایکڵ سینگ، بەرێوەبەری پلەبەرزی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا، پێشبینی دەکات دەستپێشخەریی بەیژینگ وێدەچی کەلێنەکانی نێو بەڕێوەبەرایەتیی بایدن ئاشکرا بکات.

سینگ گوتی، "لایەنێک دەڵێ ... "هێور کردنەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان باشە، بەڵێ، چینییەکان هەلی بانگەشەکردنی خۆیان دەست دەکەوێ، بەڵام ئەوە شتێکی کاتییە. لایەنێکی دیکە لەناو بەڕیوەبەرایەتییەکەدا بەو ئاکامگیرییە وەڵام دەداتەوە کە بێهودەیە وەدوای ئەو دەوڵەتانەی کەنداو بکەوین، ئەوان خەریکی دوورکەوتنەوە لە ئێمەن، و تەنانەت بێتوو ئەوان نەبنە هاوپەیمانی چینیەکان ... ئەوەندە ناهێنێ ڕێککەوتنی ئەمنییەتییان لەگەڵ واژۆ بکەین."

لەگەڵ ئەوەشدا سینگ پێداگر بوو، "ئێمە نابێ تووشی پەشۆکان بین، سووککردنی کێشەی نێوان سعوودی و ئێرانییەکان بەڕاستی لە بەرژەوەوندیی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکان‌دایە."

ئەو ڕێککەوتنە بێگومان خاڵێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ چین چونکە لە هەوڵی دەسەڵاتی جیهانیی زۆرتر دایە. شی دەستپێشخەرییەکی ئاسایشی نێونەتەویی تایبەت بە خۆی ئاشکرا کردووە کە بەیژینگ خەریکی بانگەشە بۆکردن وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی نێونەتەویی بە ڕێبەریی ئەمریکایە کە بە هۆی ناسەقامگیریی وێران بووە.

هەنگاو هەڵێنانەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، قامک‌نان لە چاوی واشینگتۆن بوو. بەڵام چین لەو بارودۆخە تایبەتەشدا سوودی لە هێندێک لایەنی باش وەرگرتووە. بەپێچەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەیژینگ پەیوندیی سیاسی لەگەڵ ئێران هەیە، کە وابوو تاران گوێی لێ دەگرێ، پەیوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ ڕیاز، لە بەر ناکۆکییەکان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ، بەرهەمهێنانی وزە و شتی دیکە، لە دۆخێکی خراپ‌دایە. لە هەمان کاتدا، سعودییەکان چەند ساڵە لە هەوڵی هێورکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ئێران بوون، پرۆسەیەک کە وڵاتە یەکگرتووەکان پشتگیریی کردووە و چین لە پرۆسیەکدا کە هەر ئێستا لە ئارادابوو، لە بەئەنجام گەیاندنەکەی نزیکتر بۆوە.

هێندێک چاودێر دەڵێن کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەنگبێ خەریکی کایەیەکی درێژخایەنتر بن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بێمتمانەیی بە بەڵێنییەکانی ئێران و نیگەرانییە بەردەوامە جیهانییەکان لەمەڕ بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە.

دان شاپیرۆ، باڵوێزی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئیسڕائیل گوتی، "کاتێک ئێران بێ ئەملا و ئەولا بەڵینییەکانی ژێر پێ دەنێ، ئەوە چینە وەک لایەنێک دەردەکەوێ کە هیچ وەڵامێکی بۆ پێداویستییە ئەمنییەتییەکانی سعودی پێ نییە. ئەوکات لایەنە ئەقڵانییەکەی هاوبەشیی ئەمنیەتیی عەڕەبستانی سعودی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان ئاشکرا دەبێ."

واشینگتۆن بۆ دەستپێشخەرییەکی دیکەی ئاشتی یەکلاکەرەوەیە کە بێگومان لە ناوچەکەدا ڕەچەشکێنە: بەرینترکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم، کە بووە هۆی پەیوەندیی سیاسی لەنێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەڕەبی، بە شێوەیەک کە عەڕەبستانی سعوودیش بگرێتەوە. ئیسڕائیل، کە تاران وەک هەڕەشەی سەرەکی سەیری دەکات، وێدەچوو بە دەوری چین لە ڕێککەوتنی سعودی-ئێران سەری سوڕ مابێ. بەڵام ئەوان لەمێژە دەزانن کە ریاز و تاران بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەنگاو دەنێن.

هێندێک کاربەدەستی ئەمریکایی دەڵین سعودییەکان، بەو هەنگاوانەی ئەو دواییانە، ئەو پەیامە نانێرن کە ڕیاز دەیهەوێ بەرەو تاران، بەیژینگ، یان مۆسکۆ بڕوات.

سعودییەکان دوای هێرشی ساڵی ٢٠١٩ بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانیان، کە گریمانە دەکرێ ئێرانییەکان لە پشتی بوون، هەوڵەکانی بۆ چارەسەری کێشەکەی لەگەڵ ئێران خێراتر کردن. ئەوە نیشان دەدا ئەوان ملکەچی زەختی ئێرانییەکان بوون. ئیزندان بە بەیژینگ کە ببێتە مابەینی وتووێژە کۆتاییەکان، تەنانەت کاتێک کە مەترسیی ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە لە ئارادایە، بۆ  زۆرتر هاوتەریب‌کردنی سعوودی لەگەڵ بەرەیەکی دیکتاتۆرییە کە لە ڕوانگەی هێندێک لایەنەوە هەڕەشە لە دێموکراسییەکانی ڕۆژاوا بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان دەکات.

کاربەدەستێکی بەڕێوەبەرایەتی بایدن گوتی، "مەترسییەکە ئەوەیە کە ئەوان بە تەوەرێکی بەدخواز دەبەسێتەوە کە هیچ سوودێکی هەستپێکراوی بۆیان نییە. مەترسیی ناردنی ئەو سیگناڵە هەیە کە بێتوو ئێران زەخت و هەڕەشەکانی چڕتر بکاتەوە، دەوڵەتانی عەڕەبی لەگەڵی ڕێک بکەون."

کاربەدەستانی عەڕەبستانی سعوودی و عەڕەب لەو ساڵانەی دواییدا گلەییان کردووە کە وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ متمانەپێکردن نابێ. ئەوان ئاماژە بە خۆپاراستنی دۆناڵد ترامپ لە دانی یارمەتیی سەربازی و گفتۆگۆکانی سەرکۆماری پێشوو باراک ئۆباما لە گەڵ ئێران لەبارەی بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە دەکەن. کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتیان عەڕەبستانی سعودی و هێندێک لە دەوڵەتانی عەڕەب زۆر بە دەگمەن لە ڕادەی پشتیوانیی ئەمریکا لێیان ڕازین. کاربەدەستێکی پلەبەرزی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن گوتی، "هاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە شتی زۆرتریان لە ئێمە دەوێ، زەمانەتی ئەمنییەتیی بەهێزتر، ناردنی خێراتری چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بە پێشمەرجی کەمترەوە. ئەوان زۆرتریان دەوێ و کاتێک جێبەجێی ناکەین، گلەیی دەکەن." کاربەدەستێکی دیکە ئەوەشی زیاد کرد کە، بەو شێوە نییە کە چینییەکان یان ڕووسیەییەکان قەرەبووی لایەنی ئەمنییەتی بکەنەوە. ژێرخانی سەربازیی عەڕەبەکانی کەنداو ئاراستەی ئەمریکایی هەیە و چین و ڕووسیە لە هەمان ئاستدا ناتوانن چەکوچۆڵیان پێشکەش بکەن.

ڕخنەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دەوری چین بۆ ناوبژیوانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران-سعوودی، سەرەڕای بەلگەهێناوەکان بۆ سوودی هەستپێکراو بۆ ناوچەکە، ڕەنگبێ بیانوو بداتە چین بۆ ئیدیعای بەردەوامیی ئەوان لەمەڕ ئەقڵییەتی شەڕی سارد لە ایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە.       

ڕۆبەرت س. فۆرد، باڵوێزی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریە گوتی، "ئەو بیرکردنەوە کە هەر کاتێک بەرهەڵستکارێکی ئێمە لە هەر شوێنێکی دنیا هەر جۆرە سوودێک ببینێ، بە شێوەی ئوتوماتیک بە زەرەری وڵاتە یەکگرتووەکانە، باش نییە.

فۆرد بە ئاماژە بە هەوڵی چین بۆ هێور کردنەوەی کێشەکانی ڕیاز و تاران گوتی، "ئەوە بەو مانایە نییە کە وڵاتانی کەنداو ئەمریکاییەکان وەدەر دەنێن. بەپێچەوانە، سعوودییەکان، ئیماڕاتییەکان و قەتەرییەکان هێشتا زۆر بۆ پاراستنی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بەپەرۆشن."

کاربەدەستێکی پێشوو گوتی، بەڵام ڕەنگبێ پێویست بە چاککردنەوەی دیپلۆماتیکی وڵاتە یەکگرتووەکان و حوزوورێکی زۆرتر هەبێ. ڕۆبەر جۆردان، باڵوێزێکی پێشووی ئەمریکا لە ڕیاز گوتی، "ئێمە لە هەموو دەورانی بەڕێوەبەرایەتی بایدندا باڵوێزێکمان لە عەڕەبستانی سعوودی نەبووە."    

***