کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدکردنی ١٢٦ خۆپێشاندەر، کوژران و برینداربوونی ١٢٨ کۆڵبەر و دەسبەسەرکرانی لانیکەم ٧٥٠٠ کەس لە کوردستان لە ساڵی ١٤٠١دا

17:05 - 2 خاکەلێوه 2723

چاونیوز

کوژرانی ژینا ئەمینی لە ٢٥ی خەرمانان و کاردانەوەکان لە کوردستان بووە چەخماغەی شۆڕشێک کە تا ئێستاش بەردەوامە.

سەرەتای کاردانەوەکان مانگرتن بوو، بە جۆرێک کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران وەک، سەقز، سنە، مەریوان، دیواندەڕە، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، گوێک‌تەپە، محەممەدیار، دێولان، بیجاڕ، بۆکان، بانە، کامیاران، ئیلام، ئاودانان، کرماشان، قوڕوە، نەغەدە، ورمێ، پاوە، ڕەبەت، سەردەشت، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، شاباد، سەحنە، میاندواو، خۆی، تکاب، بڵواناوا، ڕوانسەر، سەرابلە، سەرپێڵی زەهاو، دێهلۆران، قەسری شیرین، دەرەشار(درەشهر) سەوڵاوا، مووژەژ(موچش)، مورمووری(ئیلام)، گاوارە(دالاهۆ، کرماشان) و... ڕۆژانە و بەشێوەی جۆراوجۆر و بڵاو، مانگرتن(لانیکەم ١١ جار مانگرتن و داخستنی دووکان و بازار بۆ ماوەی نزیک ٣٥ ڕۆژ) و هەروەها خۆپێشاندان بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێ کرد و ئەم بەربەرەکانییە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

لە ئاکامی توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام لانیکەم ١٢٦ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان و کوتان یان ئەشکەنجەدرانیان لە گرتنگەی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرا کە ١٣ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە، یەکیان تەمەنی سەروو ٧٠ ساڵە و ٥ کەسیشیان کچ یان ژن بوون. هەروەها زیاتر لە ٥٠٠٠ هاونیشتمانییش بە تەقەیی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون کە بەشی هەرەزۆریان لە ترسی بەندکران و کوژران لەژێر ئەشکەنجەدا سەردانی نەخۆشخانەکانیان نەکردووە لە ماڵەکان و لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دەرمان دەکرێن. شایانی باسە کە ١٥ هاونیشتمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزەکانی ڕێژیم بینایی چاوێک یان هەردووک چاویان لە دەست داوە کە چاونیوز توانیویەتی هەتا ئیستا ناوی ٧ کەسیان تۆمار بکا. لە دواهەمین ڕەوشی یەک لەو بریندارانەی چاو، هاونیشتمانییەک بەناوی "پارسا قوبادی" تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شاری کامیاران دوای چەندین نەشتەرگەری بەداخەوە بینایی هەردووک چاوی لەدەست داوە و زیاتر لە ٥٠٠ ساچمەشی لە لەشی هێنراوەتە دەر. ئەو هاونیشتمانییە ئێوارەی ٣٠ خەزەڵوەر لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە نزیکەوە تەقەی لە چاوی کراو و بە سەختی بریندار کرابوو. ناوی شەش کەس لەو هاونیشتمانییانەی بە تەقەی هێزەکان چاویان لەدەست داوە و هەتا ئێستا بۆ ئێمە پشتڕاست کراونەوتەە بریتین لە: فیروز میرانی خەڵکی پاوە، فەرشید زارعی خەڵکی تیکاب، نێچیروان مەعرووفی ١٨ ساڵە خەڵکی تورجانی سەقز، عەلی محەممەدڕەزایی خەڵکی ئاودانان، زانیار(مەتین) توندرۆ خەڵکی پیرانشار و پارسا سحەت خەڵکی سەقز.

لەو ١٢٦ کوژراوە لانیکەم ١٠ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانییان لەدەست داوە کە ناوەکانییان بریتین لە: ئیسماعیل دزوار خەڵکی سەقز، محەممەد عەبدوڵلاهی خەڵکی ئیلام، ڕامین فەتحی خەڵکی سنە، سامان قادرپوور خەڵکی شنۆ، ئومید حوسێنی خەڵکی سنە، هێمن ئامان خەڵکی بۆکان، شادمان ئەحمەدی خەڵکی دێولان، شەهریار عادڵی خەڵکی سەردەشت، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور خەڵکی بۆکان و شێرزاد ئەحمەدی نیژاد خەڵکی بۆکان.

لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینادا جگە لەو هەمووە جینایەت و کوشتارەی هیزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، چوارجار (چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر، دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر و سێ‌شەممە ١ی سەرماوەز) بارەگای و شوێنی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان و خەڵکی ئاسایی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەوانە "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و پاک" لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەک و دڕۆنی خۆتەقێن کەوتنە بەر پەلامار و لەم نێوەدا ٢١ هاونیشتمانی لەوانە ٢ ژن و منداڵێکی یەک ڕۆژە گیانیان لەدەست دا. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو کە ئەو هێرشە مووشەکی و پەهبادییانە بە تۆڵەی ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبە کوردییەکانە بەتایبەت لەهەمبەر ئەو بانگەوازانەی خەڵک بە پیلیانەوە دەهاتن؛ ئەو هێرشانەی کردووە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو (١٤٠١) زیاتر لە ٧٥٠٠ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە "چاونیوز" توانیویەتی ناوی تەنیا ٢٧٠٠ کەس لای خۆی تۆمار بکا کە لەو ژمارەیە پتر لە ٢٢٠ کەسیان ژن و ١٩٠ کەسیشیان مناڵ_مێرمناڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵانە بوون، بەشێکی زۆر لە دەسبەسەرکراوان لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، ڕۆژنامەنووس، ئەندامی دامەزراوە کۆمەڵایەتی، شاخەوانی و زمانییەکان و خەڵکی ئاسایی کوردستان پێک دێنن کە بەشی هەرە زۆریان ئەشکەنجەی ڕوحی، ڕەوانی و جەستەیی کراون بەجۆرێک بەشێکی زۆر لەو هاونیشتمانییانە تووشی نەخۆشی دەروونی و برینی قورسی جەستەیی بوونە و تەنانەت حاڵەتی خۆکوژیش هەبووە.

هەر لەو ماوەیەدا ٦٦ کەس لە دار دراون کە ٦٢ کەسیان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کووشتنی بەئانقەست لە سێدارە و چوار هاونیشتمانییش بە تۆمەتی سیاسی ئێعدام کراون کە ناوەکانیان بریتین لە: "فیروز موسالوو" خەڵکی کوتوڵی شاری خۆی، "سەرکەوت ئەحمەدی" خەڵکی ڕوانسەر، "محەممەد مەهدی کەرەمی" گیراوی پێوەندیدار بە ڕاپەڕینی ناڕەزایەتی سەرتاسەری خەڵکی بیجاڕ، و محێیەدین مەلائیبراهیمی خەڵکی شنۆ.

هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم ١٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، سەرمابردووی، هەڵدێران، ڕاوەدوونان و... کوژراون و بریندار بوون کە لەو ژمارەیە ١٨ کۆڵبەر و کاسبکار بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژراون و ١١٠ کۆڵبەریش بریندار بوون. لانیکەم یەک لەو کۆڵبەرانە، کۆڵبەرێکی مناڵی تەمەن ١٤ ساڵەیە بەناوی "مانی حەبیبی" خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی کە لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، لەدوای سەرهەڵدانی دیاردەی دەرمانداوکردن و هێرشی شیمیایی و گازی بۆسەر قوتابییان بەتایبەت قوتابیانی قۆناغە جۆراوجۆرەکان کە شیمانەی ئەوە دەکرێ بە مەبەستی تۆڵەلێکردنەوە لە هەمبەر بەشداری قوتابیان بە تایبەت کچان لە ڕاپەڕینی ژینادا بووبێ، لە کوردستان زیاتر لە ٤٠ قوتابخانەی ٢٨ شار و ٢ زانکۆی کرماشان و ورمێ هێرشی شیمیایی کرایە سەر کە مەزندە دەکرێ پتر لە ٧٠٠ قوتابی ژارخواردووو بوووبن.