کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەیلی ئازادی لەم خاکە نابڕێ

17:11 - 2 خاکەلێوه 2723

ئاسۆ مینبەری

جەلال مەلەکشا، شاعیری نەمری کورد لە کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی کارەساتدا، چیرۆکێک باس دەکا؛ چیرۆکێک لەژێر ناوی "خاک مەیل‌بڕە"!

چیرۆکەکە لە زمانی پیاوێکەوە دەگێڕدرێتەوە و باس لە قۆناغی نەخۆشبوونی خۆی هەتا مردنی دەکا. دەگێڕێتەوە کە چۆن لە سەرەتاوە هاوسەرەکەی و منداڵەکانی هەموو ڕۆژێک چوونەتە سەر مەزارەکەی و بارانی فرمێسکیان هەڵوەراندووە. بەڵام دواتر هاتوچۆ کەم دەبێتەوە بە جۆرێک کە سەردانەکان لە حەفتەوە بۆ دوو حەفتە و دواتریش بۆ ساڵ دوا دەکەون. ڕۆژێک وای لێ دێ کە وێنەکەشی لە سەر دیواری ماڵەکەیان لادەبردرێ و جلوبەرگەکەی دەبەخشرێت و ناسنامەکەی باتڵ دەکرێتەوە و ناوی لەیاد دەکرێ. ئاسەوارێکی لێ نامێنێ و کابرایەک جێگای دەگرێتەوە و وێنەکەشی لە جێگای وێنەکەی ئەم هەڵدەواسرێ. منداڵەکانی دوای چارەنووسی خۆیان دەکەون و وەک بڵێی کە هەر نەژیاوە، دەبێتە بەشێک لە گۆڕستانێکی پڕ لە مردوو کە خاکی سەر گۆڕەکان مەیلی ئازیزانی بڕیون و ئیتر سەردانیان ناکەن!

مەلەکشا ئەم چیرۆکە دەگێڕێتەوە تا باس لە بێوەفایی مرۆڤ بکا، مرۆڤگەلێک کە پاش لەدەستدانی ئازیزانیان وەک بڵێی هیچکات نەژیاون، لەبیریان دەکەن و ژیانێکی نوێ بەبێ ئەوان دەست پێ دەکەن، ڕاستییەک کە ڕەنگە زۆربەمان هەستمان پێ کردبێ.

بەم پێشەکییەوە دێمەوە سەر ڕووداوەکانی مانگەکانی ڕابردوو.

پاش شەهیدبوونی ژینا، بە دەیان لاوی خوێنگەرم هاتنە مەیدان و بەرەنگاری داگیرکەر بوونەوە تاکوو بیسەلمێنن چیرۆکەکان هەمیشە بڕیار نییە وەک ڕابردوو دووپات بکرێنەوە، دەکرێ خاک ئازیزان لە ئامێز بگرێ بەڵام مەیل نەبڕێ!

پاش شەهیدبوونی ژینا، خەڵکی کوردستان هاتنە سەر شەقام تاکوو تۆڵەی کچەکەیان لە ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئیسلامیی ئێران بکەنەوە و لەم پێناوەشدا گیانی ئازیزیان بەخت کرد.

ئەوان مانای ژیانیان بە جۆرێکی تر بۆ گێڕاینەوە و هەر کامەیان بە چیرۆکی ژیان و شەهیدبوونیان، پێناسەی ئازادییان بۆ دووبارە کردینەوە.

لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی باوەڕی باوی کۆمەڵگە کە مردن و نەمانی فیزیکی بە هۆکاری لەبیرکردن دەزانێ، زۆر جار مردن دەتوانێ خودی ژیان بێت! وەک ئەو مەرگەی کە لاوێک خۆی هەڵیدەبژێرێ و چیرۆکی ژیانەکەی بە ویستی خۆی تۆمار دەکات.

کۆماری شەهید لە ئینستاگرامەکەیدا ستۆرییەک بڵاو دەکاتەوە و دەنووسێ: "لە هەموو شتێک زیاتر ئازادیتان خۆش بوێ". ئەم نووسینە و ئەم هزرەی لە پشت ئەم نووسینەیە ئەویش لە زمانی لاوێکی کەم‌تەمەنی وەکوو کۆمارەوە، نیشان دەدات کە ئازادی چەندە بەنرخە و چۆنە کە پاش ئەم هەموو ساڵ بەرخودان و بەرەنگاربوونەوەیە، هیچ زەبر و ستەم و ئاستەنگێک نەیتوانی مەیلی ئازادی لە کوردستان و لە ڕۆڵەکانی ببڕێ.

کۆمار و کۆمارەکان ئامادەی گیانفیدایین تاکوو خاکی نیشتمان هەناسەی ئازادی هەڵمژێ، ژیناکان دەبنە قوربانی و بە دەیان کچی دیکە قۆڵی لێ هەڵدەماڵن تاکوو تۆڵەی ژیناکان بکەنەوە، دەزانن ڕێگاکە دژوارە و پڕ کەندوکۆسپ بەڵام دیسانەوە ئازادی لای ئەوان بەنرخترە، بەنرختر لە گیان!

چیرۆکی خاک مەیل‌بڕەی مەلەکشا وا لە کۆمەڵگای ئێمەدا جێگای گرتووە و پێمان وایە کە دوای مردن وردەوردە مرۆڤەکان لەبیر دەچنەوە و ڕۆژێک وای لێ دێ کە هەر لە بیریشمان نامێنێ کە ڕۆژێ لە ڕۆژان لەگەڵیان ژیاوین، بەڵام ڕووداوە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە فێرمان دەکەن کە ئازادی نە لە سێدارە دەدرێ و نە دەخرێتە ژێر خاکەوە.

لە نزیک ٦ مانگی ڕابردوودا لاوانی کوردستان، بە تێکۆشانی بەردەوام، هەوڵیان دا چیرۆکی نوێ تۆمار بکەنەوە، نزیک ٦ مانگە ژینا بە جەستە لە نێوماندا نەماوە. بەڵام وەک لەسەر کێڵی مەزارەکەی نووسرابوو، ناوی بوو ڕەمز، ڕەمزێک بۆ بونیاتنانەوەی نیشتمان ئەویش لەسەر دەستی کیژ و کوڕانێک کە تەمەنیان وەک تەمەنی ژینا بوو، و وەک ئەو هەزاران ئاوات و ئارەزوویان بۆ ژیان و داهاتوویان هەبوو.

هاتنەمەیدانی لاوان پاش مەرگی ناخهەژێنی ژینا سەلماندی کە چیرۆکەکان دەکرێ جۆرێکی تر مانا بکرێنەوە، ژینا لەلایەن ڕێژیمێکی مرۆڤکوژی دژەژنەوە گیانی لێ ئەستێندرا، بەڵام خەڵکی کوردستان بە ئەسپەردەکردنی ڕۆحی دووبارەیان وەبەر تێکۆشانی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادیدا کردەوە، خاکی گۆڕستانی ئایچی بەپێچەوانەی خاکی چیرۆکە هەمیشەییەکە نەیتوانی مەیل ببڕێ، بەپێچەوانە مەیلی تێکۆشانی نوێ کردەوە.

لە ئاخرین پێنجشەممەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا، خەڵک لە شارەکانی کوردستان چوونە سەر مەزاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا و بە دانی دروشم و ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدەکانی ئەم شۆڕشە، مەیل و بەڵێنی بەردەوامبوونیان دووپات کردەوە.

خاکی کوردستان ئەگەرچی ئازیزەکانمان لە ئامێز دەگرێ، بەڵام هیچکات یاد و بیرەوەریی لاوەکانمان لەگەڵ خۆی ون ناکات، خاکی کوردستان خاکێکی داگیرکراوە و هەموو تێکۆشانێکی لاوانی ئەم خاکە بۆ ڕزگارکردنی لە چنگی داگیرکەرانە، ئەوان لە ئامیزی خاکدا جێگا دەگرن و دەبنە گوڵاڵەسوورەکانی نیشتمان و مەیلی ژیان نوێ دەکەنەوە!