پیەر پۆلیەڤەر، سەرۆکی حیزبی کۆنسەرڤاتیڤی کانادا، لە پەیامێکی تایبەت بەبۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد.
لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە هەوڵ و تێکۆشانی سمایل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا، لەلایەن حیزبی کۆنسەرڤاتیڤی کانادا، گرینگییەکی زیاتر بە گەلی کورد درا و سەرەتا ''تۆم کمیک''، ئەندامی پارلمان و دۆستی بەئەمەگی گەلی کورد لە هۆڵی پارلمان بە فەرمی پیرۆزبایی نەورۆزی لە گەلی کورد و گەلانی تر کرد. دواتر سەرۆکی حیزبی کۆنسەرڤاتیڤی کانادا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بە مێژووی نەورۆز و گەلی کورد کرد.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا وتی: ''ئاگری نەورۆز بۆ هەزاران ساڵ لەسەر دووند و چیاکانی کوردستان دەگەشێتەوە و گەلی کوردیش وەک ئەو ئاگرە خۆڕاگر ماوەتەوە. ئاگری نەورۆز سیمبولی سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. هیوادارم گەلی کورد لەگەڵ هاتنی نەورۆز و بەهار بەسەر هەموو گرفت و بەرهەڵستێکدا سەر بکەون.''
شایانی باسە کە حیزبی کۆنسەرڤاتیڤ لە ئێستادا بە دووەم حیزبی گەورەی کانادا دێتە ئەژمار و بە هەموو لێکدانەوەکان، ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دووبارە زۆرینەی پارلمان و دەسەڵاتی کانادا دەگرێتە دەست.
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز هەموو ساڵێک سەرۆکوەزیران و سەرۆکی حیزبی ئۆپوزیسیۆنی کانادا پەیامێکی نەورۆزیی گشتی بۆ هەموو ئەو گەل و وڵاتانەی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، دەنێرن.