کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەڵک بەئاشکرا گوتویانە کە "شێخ" و "شا"یان ناوێت

11:19 - 10 رەشەمه 2722

تەلەڤیزیۆنی "بی بی سی"ی فارسی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب تیشکی خستە سەر خوێندنەوە و هەڵوێستی حیزب بۆ پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. "کوردستان" وەرگێڕانی ئەم وتووێژە بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە:

کاک مستەفا خوێندنەوەی ئێوە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران چییە؟ دۆخی نوێی ئێران تەعبیر لە چی دەکات؟

ئەم دۆخە چەند پەیامێکی لێ دەخوێندرێتەوە کە گرینگترینیان یەگرتوویی بەهێزی نەتەوەکانە. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە تێ کۆشاوە لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێراندا ئاژاوە و ناکۆکی بنێتەوە کە "تەجزییە تەڵەبی"، "دژەشۆڕش بوون" و "بەستراوەبوون بە وڵاتانی بێگانە" شابەیتی ئەو تۆمەتانە بوون و تێچوویەکی زۆریشی بۆ داناوە. بەڵام ئەو یەکگرتووییەی ئێستا "نا"یەکی بەهێز و پڕمانا بۆ کۆماری ئیسلامییە کە پێی دەڵێ سیاسەتی ٤٤ ساڵەی مایەپووچ بووە. پەیامێکی دیکە ئەوەیە خەڵک لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی تەمابڕاو بوون، خۆ ئەگەر سەردەمانێک "ڕێفۆڕمخوازەکان" دەیانەویست هیوایەکی بێهوودە بنێنە دڵی خەڵکەوە و ئەو وەهمەیان پەرە پێ دەدا کە کۆماری ئیسلامی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دێموکراسی دەچێتە پێشێ؛ خەڵک ئێستا هێڵی سووریان بە سەر تەواوەتیی ڕێژیمدا هێناوە. گرینگتر لە هەموو شتێکیش ئەوە کە خەڵک ئێستا بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکگر و یەکڕیز بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە هاتوونەتە مەیدان.

سەنگ و قورسایی حیزبەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوو بەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی چەند بووە؟

دەزانین کۆماری ئیسلامی هەمیشە جاڕی ئەوەی داوە کە حیزبە کوردییەکان نەماون و کاریگەرییەکیان لە سەر کۆمەڵگەی کوردستان نییە. بەڵام دوای ناشتنی ژینا لە سەقز ئێمە لە ناوەندی هاوکاری داوامان کرد خەڵک بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە کوشتنی ژینا مان بگرن. دوایە داوامان کرد بێنە سەرشەقام و هەمووان بینمان کە خەڵک یەکگر و یەکپارچە بەرەوپیلی داواکەمانەوە هاتن. بۆیە بە لێبڕاوییەوە دەڵێم چەخماغەی ئەو شۆڕشە لە کوردستان، ئەویش بە ڕێنوێنیی حیزبە کوردییەکان لێ‌درا. کۆماری ئیسلامییش بۆ یەکەم‌جار ڕایگەیاند کە "ئاژاوە" و "بشێوی"یەکان لە کوردستانەوە هەڵقوڵیون و حیزبە کوردییەکانیش کە بە "دژی شۆڕش" ناویان دەبات، هۆکار و پێشەنگی ئەو ڕێکخستنانە بوون.

چەند حەوتوو دوای دەستپێکی خۆپێشاندانەکان بنکەکانی ئێوە و کۆمەڵە و حیزبە کوردییەکانی دیکە لە عێڕاق کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران. پێتان وایە بۆ لەو کاتەدا ئەو هێرشانە کرانە سەر ئێوە؟

ویستی بەو بەشە لە خەڵک کە هێشتا پشتی ڕێژیمیان گرتووە پێشان بدات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا هێز و دەسەڵاتی بانی هەیە و دەتوانێ تۆڵەی ئەو ڕێکخستن و جموجۆڵانە لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکاتەوە. بۆیە کراینە ئامانجی بۆڕدومانەکان و بەداخەوە بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان و ژن و تەنانەت منداڵیش لەو هێرشانەدا شەهید بوون.

چەند حەوتوو پێش تەقینەوەیەک لە کۆمەڵەیەکی پیشەسازیی بەرگریی ئێران ڕووی دا و وەزارەتی ئیتلاعات ئیدیعای کرد حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کە لە کوردستانی عێڕاقن لەسەر داوای ناوەندێکی هەواڵگری ئەو کارەیان کردووە؛ دیارە کە مەبەستیشیان لەوانەیە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بێت. ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەربەخۆ هیچ جموجۆڵێکی سەربازیی لە خاکی ئێراندا بووە، یان ئەوەی لەسەر داوای وڵاتێکی بیانی وەک ئەمریکا یان ئیسڕائیل کارێکی وا بکات؟

ئەوەش بەشێکی دیکە لە تۆمەت‌بەشینەوەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بە درێژایی مێژوو بەردەوام لەدژی حیزبەکەی ئێمە لەسەر زاریان بووە. لەو پێوەندییەدا دەبێ بڵێم ئێمە لە بەیاننامەکەیدا ئەو تۆمەتەمان ڕەت کردۆتەوە و لەو دەرفەتەشدا پێداگری دەکەمەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوپەیمانەکانی ئێمەش لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێرانی بە هیچ جۆرێک هیچ عەمەلیاتێکی سەربازیمان لەسەر داوای هیچ لایەنێک لە دژی ئێران نەکردووە. ئەو چالاکییانەش کە ئێمە هەمانە خواست و داوای خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران و لەپێناو ئازادیی ئێران و سەربەستیی کوردستانی ئێرانە؛ ئەویش خەبات لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئێوە توانایی ئەو جۆرە عەمەلیاتەتان هەیە لەسەری تۆمەتبار کراون؟ بێتوو ئێوە بتانەوێ، ئاخۆ دەتوانن لە تاران، شیراز و ئیسفەهان هێرش بکەنە سەر کۆمەڵەیەکی سەربازی، پێترۆشیمی یان ئامانجێکی تر؟

نەخێر، ئێمە ئەو توانایەمان نییە.

زۆر کەس دەپرسن ئێوە کە بەردەوام هێرشتان دەکرێتە سەر و تەنانەت هەڕەشەی هێرشی زەمینی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانتان لەسەرە، بەڵام ئامادە نین دژکردەوەتان هەبێت. تەنانەت لەو ڕاپەڕینەدا و لە کاتێکدا زۆر لە شارەکان دەکرا بکەونە دەست خەڵک و لە هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیم داماڵدرێن و ئەوە دەیتوانی ببێتە جێی هیوا و هۆمێدیش بۆ شارەکانی دیکەی ئێران؛ کەچی حیزبەکەی ئێوە دەستیان پاراست. بۆ؟

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە بووین بێتوو هێزەکانی ئێمە لە فازی چەکداریدا چووبانە نێو ئەو هاوکێشەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بیانوویەکی باشی بۆ سەرکوتی خوێناویی زیاتر لە کوردستان دەست دەکەوت و خەڵک پتر دەکەوتنە بەر شاڵاوی زەبروزەنگ و کوشتار؛ هەروەها لەوانە بوو کوردستان پتر کاول بکرێت. بۆیە ئێمە نەمانویست ئەو بیانووە بدەینە دەست ڕێژیم. خەڵک بە دەستی بەتاڵ هاتبوونە سە شەقام و بەگژ هێزەکانی ڕێژیمدا چووبوونەوە. هەر ئەوکات لەنێو خەڵکیشدا هەبوون داوایان لە ئێمە دەکرد فریایان کەوین و هێزی پێشمەرگە بنێرینەوە. بەڵام ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی ئێمە ئەوە بوو، تەنانەت خۆم پەیامم دا خەڵک هەوڵ بدەن خۆ لە توندوتیژی بپارێزن، چونکی کۆماری ئیسلامی ڕێک ئەوەی دەوێ. ڕێژیم دەیەوێ ڕوخسارێکی توندوتیژ لە کوردستان و لە خەباتی خەڵکی کورد لە بەرچاوی ئێرانییەکان و بیروڕای گشتیی جیهانیش وێنا بکات؛ بەوەش ڕەوایی بە سەرکوتی خوێناویی پتری خەڵکی کوردستان بدات. بەڵام ئێمە ئەو بیانوویەمان نەدایە دەست ڕێژیم و لام وایە دەکرێ ئەوە بە یەکێک لە دەسکەوتە سیاسییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەو ڕاپەڕینەدا دابندرێت.

زۆر کەس و لایەنی غەیرەکورد دەپرسن حیزبەکانی وەک حیزبی دێموکرات بە زیاتر لە ٧٥ ساڵ ڕابردوو کە مانیفێستتان هەیە، بەڵام خۆتان لە چوارچێوەی کوردستاندا سنووردار کردووە و نەتانتوانیوە خۆتان وەک ئاڵترناتیڤ جێ بخەن. ئێوە بیرتان لەوە کردۆتەوە چەکەکانتان وەلا بنێن و دەست بە چالاکیی سیاسی لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بکەن؟

ئەو باسە لێرە و لەوێ لەنێو حیزبی خۆیشماندا دەکرێت و کەسانی خاوەن بۆچوون لە کوردستانیش هێناویانەتە گۆڕێ. بەڵام ئێمە هەتا ئێستاش وامان بە سەڵاح زانیوە لەنێو چوارچێوەی کوردستاندا چالاکییەکانمان درێژە پێ بدەین و ئەوەمان بۆ قۆناغی ئێستا پێ باش بووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هێشتا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتەکەی بەوجۆرەی کە پێویستە و لەئاست قورسایی حیزب‌دایە. لە ناوچەکانی دیکەی ئێران نەناسراوە.

ئێمە نموونەی وەک پارتی دێموکراتیکی گەلان لە تورکیەمان هەبوو، ئەگەرچ ئێستا بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ پ ک ک و بارودۆخی نیزامی، ڕەوشەکە بۆ دواوە گەڕاوەتەوە؛ بەڵام ئەوان توانییان دەنگی زۆر لە تورکەکان ڕابکێشن. ئێوە مۆدێلێکی ئەوتۆ بۆ حیزبە کوردییەکان لە ئێراندا نابینن کە بە خستەڕووی بەرنامەکانیان بتوانن لە دۆخێکدا کە مەجالی هەڵبژاردنی ئازاد هەبێت، وەک ئالترناتیڤ دەر بکەون؟

ئێمە دەبێ تایبەتمەندی و دۆخی سیاسیی تورکیە و ئەوەی لە ئێران هەیە لەبەرچاومان بێت. لە تورکیە تا ڕادەیەک دێموکراسی هەیە، بۆیەشە حیزبی وەک HDP توانی لەو کەشی ئازادی و دێموکراسییەدا جووڵانەوە مەدەنییەی خۆی بەرەوپێش ببات و لەگەڵ یەک دوو حیزبی دیکە هاوپەیمانی پێک بێنێت؛ دواتر لەو هەڵبژاردنە ئازادەی لەوێ هەیە، ژمارەیەکی زۆر نوێنەر بنێرێتە پارلمانی ئەو وڵاتە. بەڵام لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وەها زەرفییەتێک نەک بۆ خەڵکی کوردستان پێک‌نەهاتووە، بەڵکوو هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران سنووردار بوون و هیچ هەڵبژاردنێک لەم وڵاتە ئازاد نییە.

ئێستا باسێکی سەرەکت لە دەرەوەی ئێران و لە نێوخۆش لەلایەن چالاکانی سیاسی ئەوەیە یەکدەنگ و یەکگر لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا تواناکانیان بخەنە سەر یەک. ئێوە وەک ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ دیدار و چاوپێکەوتنتان لەگەڵ ئەو کەسایەتییە سیاسییە ئێرانییانە بووە، بۆ نموونە ڕەزا پەهلەوی؟

ئێمە لەگەڵ بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسییە ئێرانییانە لە دەرەوەی وڵات یەکترمان بینیوە و پێوەندیمان لەگەڵیان بووە، لە قۆناغێکدا لەگەڵ ڕەزا پەهلەوییش کۆ بووینەتەوە؛ بەڵام لەو قۆناغەدا ئەو یەکیەتییە و هاوپەیمانییە لەنێوان حیزبەکاندا زۆر دژوارە و بەداخەوە خاڵی لاوازی جووڵانەوەکەش هەر ئەوەیە. سیاسەتی حیزبی دێموکرات دیالۆگ و دانیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هەموو کەسایەتی و لایەنەکانە، جا ئەوان هەڵگری هەر جۆر بیرکردنەوە و تێگەیشتنێک بن، بەڵام کاتێک دێینە سەر پرسی هاوپەیمانی و باس لە دۆخ و داواکان دێتە گۆڕێ؛ هێشتا بەتەواوی ڕەزامەندی لەگەڵ ئەو خواست و داوایانە نەدراوتە ئێمە.

لەجێدا ئێوە ئامادەن لەگەڵ کەسێکی وەک شازادە ڕەزا پەهلەوی هاوکاری بکەن؟

نەخێر. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وەک خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران بە هیچ جۆرێک ئامادە نین لەگەڵ بەڕێزیان هاوکاریمان هەبێت.

لەبەرچی؟

هۆکارەکەی مێژووییە. کاتی خۆی دوای سەرکەوتنی شۆڕشێ گەلانی ئێران خەڵک لە ڕێفڕاندۆمێکدا بەشدارییان کرد کە لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی تەنیا دوو هەڵبژاردنی خستبووە بەردەم خەڵک: یان ڕێژیمی پاشایەتی، یان کۆماری ئیسلامی. خەڵک ئەوکات ڕێژیمی پاشایەتییان تاقی کردبۆوە و ئەزموون و بیرەوەریی تاڵیان لەو ڕێژیمە سایسییە هەبوو، بۆیە پێکەوە و یەکگرتووانە ڕووخاندیان؛ بەڵام کۆماری ئیسلامییان نەدەناسی و هەر لەو سۆنگەیەوە دەنگیان پێ دا. ئەگەرچی ئێمە ئەوکات لەو ڕێفڕاندۆمەدا بەشدار نەبووین، بەڵام ئێستا هەم ئەزموونی سەردەمی دەسەڵاتدارەتی پاشایەتی و هەم ئەزموونی کۆماری ئیسلامیمان هەیە. بۆیە هیچ ناچار نین لەنێوان ئەو دووانەدا یەکیان هەڵبژێرین.

ئەدی پێشنیاری ئێوە چییە؟

ئێمە هەمیشە گوتومانە کە حکوومەتێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فێدڕاڵمان دەوێ. حکوومەتێک لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هەموو ناوچەکان و هەموو نەتەوەکانی ئێرانی، بە جۆرێک کە خەڵکی ئێران ئەو دەسەڵاتە بە هی خۆیانی بزانن و خۆیان لە بەڕێوەبردنی تەواوەتیی ئێران و ناوچەکانی خۆیاندا بەپێی یاسای بنەڕەتیی وڵات بە هاوبەش و بەشدار بزانن.

ئەگەر ئێوە شازادە ڕەزا پەهلەویتان قەبووڵ نییە، ئەدی لە بنەڕەت‌ڕا بۆ لەگەڵی دانیشتوون و قسە و باستان بووە؟

دواقسەکانی بەڕێزیان کە باسی لە جیاییخوازی و ئەو بابەتە کڵێشەیی و نێوبەتاڵانە کرد، جۆرێکی دی هێڵبەندیی هەڵوێستەکانی کرد و هەر ئەو بابەتە کڵێشەییانەی لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا دەکرێن. قسەکانی ئەو ناڕاستەوخۆ ڕوو لە خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران بوو. هەر ئەوەش قسە و دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ بەڕێزیانی سەخت و دژوار کردووە.

بێتوو لە ئێران هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوە بچێت و خەڵک دەنگ بدەن شازادە پەهلەوی وەک پاشای ئێران هەڵبژێردرێ، لەو بارودۆخەشدا ئامادە نین هاوکاریی لەگەڵ بکەن؟

ئەوە فەرزی نیزیک بە مەحاڵە. چونکی لە خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوودا خەڵک بەئاشکرا و چەند جارێک ڕایانگەیاندووە کە "شێخ" و "شا"یان ناوێت. ئێمەی کوردیش ڕێژیمی پاشایەتیمان ناوێت. بەڵام بە فەڕزی مەحاڵ ئەگەر ڕۆژێکیش بە هەر هۆیەک شتێکی وا لە ئێراندا ڕوو بدات، سروشتییە ئەوە خەڵکی ئێرانن دوابڕیار دەدەن. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئێمە ئەوکاتیش لە ویست و داواکانمان پاشگەز بینەوە.

حامید ئیسماعیلیون، وتەبێژ و دەبیری کۆمەڵەی گیانبەختکردووانی فڕینی ٧٥٢ وەک کەسیک کە دەتوانێ زۆران لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و لە ڕابردووشدا بینیمان کە توانیویەتی بە بانگەوازەکانی دەیان هەزار کەس لە ئاڵمان و کانادا کۆ بکاتەوە کە ئەو میتینگانە لە دەرەوەی وڵات لە مێژووی چالاکیی ئێرانییەکاندا کەم‌وێنە بووە. ئێوە لەگەڵ بەڕێزیان هیچ پێوەندییەکتان بووە؟

ئێمە وەک حیزبی دێموکرات تا ئێستا لەگەڵی دانەنیشتووین. بەڵام هاوپەیمانەکانمان لەگەڵی دانیشتوون و ئێمەش بەتەماین پێوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵی هەبێت.

ئێوە ئەگەر سێ هەڵبژاردنتان هەبێت، بڵێن ئێوە ئامادەن لەگەڵ شازادە پەهلەوی، حامید ئیسماعیلیون و مەسیح عەلینژاد ڕێبەریی ئەو جووڵانەوەیە بکەن، لەگەڵ کامیان شانسی زیاتر هەیە کە بتوانن لەسەر بۆچوون و ڕوانگە و ویست و داخوازەکانی کورد لەگەڵی پێ بێن؟

ئەگەری هاوکاریی ئێمە لەگەڵ ئەو گرووپە بەدەر لە ئاغای ڕەزا پەهلەوی و مەشرووتەخوازەکان لە هەمووان زیاترە. لەبەر ئەوەی لە باس و قسەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە لایەنگری چارەسەری پرسی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران، یەک لەوان کوردەکانن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە بەردەوام هەڕەشەتان لەسەر بووە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوە بۆ لێدان لە ئێوە بێنە نێو خاکی کوردستانی عێڕاقەوە و داوایان لە حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق کردووە ئێوە لەو وڵاتە وەدەر بنێت و لەو پێوەندییەدا گوشاریان خستووەتە سەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە. دۆخی ئێوە ئێستا چۆنە؟ من سەردانی بنکەکانی ئێوەم کردووە ئەوانەی هێرشی مووشەکییان کرابووە سەر و بینیم کە زۆربەیان چۆڵ کراون.

بێتوو هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشمان بکەنە سەر بە هەموو تواناوە بەرگری لە خۆمان دەکەین. ئەگەرچی من پێم‌وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێ لە زەوییەوە سنوور ببەزێنێت و هێرشمان بکاتە سەر.

 

دوای خۆپێشاندانە بەربەرینەکانی ئەم دواییانە کە سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئێوە لەگەڵ گڕووپ و دەوڵەتەلان بەتایبەت ئەمریکاییەکان دانیشتوون؟

بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەمریکایی و وڵاتانی ئورووپایی و لەگەڵ زۆر کەسایەتیی سیاسی هەم پێوەندیمان بووە و هەم ئێستاش لەگەڵیان لە پێوەندی‌داین.

ئەو ئاسۆی ئەم بزووتنەوەیە کە بە "ژن، ژیان ئازادی" ناوبانگی دەرکردووە چۆن دەبینن؟ پێتان وایە دەگاتە کوێ؟

ئەو جووڵانەوەیە لەوانەیە هەوراز و نشێوی هەبێت، بەڵام ڕاوەستانی نییە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕاستیدا وای کرد ترسی خەڵك لە ڕێژیم بتەکێتەوە و شەرعییەتی ڕێژیمی سیاسی لە ڕووی ئایینی، سیاسەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بەتەواوی خەوشدار ببێت. لە ڕووی ئابوورییشەوە ڕێژیم زەبری گورچکبڕی لێ کەوتووە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو بەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای چەند ساڵ یەکتان گرتەوە. بەنیازن کۆنگرە بگرن؟ پرسی ڕێبەریی حیزب لە داهاتوو چۆن دەبێت؟

ئێمە ئێستا یەکمان گرتۆتەوە و ئۆرگانە حیزبییەکان و کادر و پێشمەرگەکانمان بەتەواوی ڕێک‌خراونەتەوە و پێکەوە کار دەکەین. پڕۆسەی یەکگرتنەوەکە زۆر بەباشی دەچێتە پێشێ. بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەمان لانی‌زۆر هەتا ساڵێک دوای یەکگرتنەوە کۆنگرەیەکی هاوبەش بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەری و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانمان دەگرین و لەو کۆنگرەیەدا ڕێبەریی نوێ هەڵدەبژێرین.

بەتەمان بۆ دەورەیەکی دیکەش خۆتان کاندید بکەنەوە؟

هێشتا زووە. لەئێستاوە ناتوانم ئەوە بڵێم.

کۆمەڵە سێ بەش بوو، و ئێستا دوو بەشیان یەکیان گرتۆتەوە. ئێمە بینیمان کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بانگەوازیان دەدا و "پژاک"یش لەگەڵ ئێوە هاوئاهەنگ بوو. لە دەرەوەی ناوەندی هاوکاری، یانی دێموکرات و کۆمەڵە هەوڵتان داوە لەگەڵ پژاک دابنیشن و پتر هەماهەنگ بن؟

ئێمە لەمێژە ئەوەمان لە بەرنامەدایە و هەر لەجێدا یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو بنەڕەتە بوو کە کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی دەبێ بەهێز و یەکگر و یەکگرتوو بێت. ئەو بەهێزییەش لە یەکگرتن و پێکەوەبوونەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ئێمە بەڵێنی خۆمان بە خەڵکی کوردستان بردە سەر. بەڵام ئێمە نەک هەر لەگەڵ کۆمەڵە، بەڵکوو لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە دیار و بەرچاون، دانیشتنمان هەیە کە "پژاک"یش یەک لەوانە. بەخۆشییەوە دەتوانم بڵێم لە ئێستادا هیچ گرژییەک لەنێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا نییە و پێکەوە کارەکان دەبەینە پێشێ.