کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی لاکروئا: سپای پاسداران پرتووکاوە و ئەفسەرە میانساڵەکانی لە ئێران و سووریە دڵسارد بوونەتەوە

17:01 - 3 خاکەلێوه 2723

توێژەرێکی فەرانسەوی و پسپۆڕ لە پرسەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، بە ڕۆژنامەی فەرانسەویی ''لاکروئا''ی وتووە کە لەمێژە پرتووکاوی، تەواوی سپای پاسدارانی گرتووەتەوە و ئەفسەرە میانساڵەکانی لە ئێران و سووریە دڵسارد بوونەتەوە و ئەم دۆخە فەرماندە باڵاکانی سپا و ڕێبەرانی ڕێژیمی تووشی نیگەرانی کردووە.

ڕۆژنامەی فەرانسەویی ''لاکروئا''، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خاکەلێوە، بە ئاماژەدان بە بەڵگەنامەکانی ئەم دواییانە کە لەسەر دانیشتنی فەرماندەکانی سپای پاسداران لەگەڵ عەلی خامنەیی لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو بڵاو بوونەتەوە، نووسیویەتی کە شەش مانگ دوای شۆڕشی ژینا لە ئێران، گرینگترین گەرەنتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕوو بە هەڵوەشانەوەیە و بێ متمانەیی، ناهومێدی، داڕووخانی هێزەکان و کێشەی نێوخۆیی هێزی سپای پاسدارانی پرتووکاندووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەش کردووە کە سپای پاسدران ڕۆڵی گرینگی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا هەیە و لە دوای شۆڕشی ژیناوە داڕووخان لەنێو سپای پاسداران تەنانەت فەرماندەکانیشی گرتووەتەوە. هەروەها نوێنەری عەلی خامنەیی لە سپای پاسداران دانی بەوەدا ناوە و وتوویەتی کە دۆخی سپا وەکوو پار نییە و هێزەکانی سپا ورەی خۆیان لەدەست داوە.