کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بووکی ئازادیم دەوێ، خوێنم خەنەس بۆ دەست‌وپێی (برایم باشوو)

00:10 - 4 خاکەلێوه 2723

برایم چووکەڵی

ئەوە زیاتر لە ٣ چارەگە سەدەیە حیزبی دێموکرات ئێران خەباتی بێ‌وچان بۆ گەیشتن بە ئازادی درێژە دەدا و، بە نێو گەردەلوول ‌و گێژەڵووکە‌ و تۆفانەکانی نێو مەیدانی خەبات ‌و تێکۆشاندا کاروانی خەباتی ئەم گەلە چەوساوەیە بۆ پێشەوە دەبا. لەهەر بستە ڕێگایەکی ئەم ڕێبازە‌دا، لەهەر سەرپێچێکی ئەم ڕێگایەدا، لەهەر جێگایەکی ئەم مەیدانی خەباتە‌دا، خوێنی یەکێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات ڕژاوە و ڕێبازی خەباتی حیزب ‌و گەلی توندتر و ڕەنگینتر کردووە. کاروانکوژەکانی سەر ڕێگا لەبەر ڕووناکایی ئەو خوێنانە‌دا ناسراونەتەوە کە حیزبەکەمان لەبەری ڕۆیشتووە. دوژمنانی گەل ‌و نۆکەرانی کۆنەپەرەستی و ناحەزانی حیزب بە بەهای ئەو خوێنانە بەربەرەکانییان لەگەڵ کراوە کە لە پەیکەرەی حیزب تکاون. ئاڵای ئەو خەباتە لە ئاکامی ئەو خوێنەدا سوور بووە کە لەبەر ڕۆڵەکانی حیزب‌ و گەل ڕۆیوە و ئاسۆی سووری ئازادی نەخشاندوە. یەکێک لەو ڕۆڵە بەوەجانەی لە گۆشەی "هەگبەی شاخ شۆڕش"دا یادی دەکەینەوە، شەهید برایم حەسەن‌زادە ناسراو بە "برایم باشوو"یە.

شەهید برایم حەسەن‌زادە ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی لە ئاوایی نەڵۆسی شنۆ لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش چاوی بە دنیای پڕ لە ڕەنج‌و‌کوێرەوری پشکووت. هێشتا منداڵ بوو لە نازی دایک بێبەش بوو، و هێشتا دەردی بێ‌دایکیی بەتەواوی لەهەست ‌و لەشی دەرنەکردبوو کە باوکیشی کۆچی دوایی کرد. برایم دە ساڵە بوو کە ملی وەبەر کار نا و بەمجۆرە ژیانی منداڵیی بە کارداری، شوانی، میراوی، کرێ‌بارچییەتی تێپەر بوو. کە گەورە بوو، بیری ئازادیخوازی‌ و فکری ڕزگاری لە چنگ ئەو ژینە تاڵە لە دڵیدا ڕیشەی داکوتابوو، بۆیە پێوەندیی لەگەڵ خەباتگێڕانی ئەودیوی سنوور گرت ‌و زۆرجار یارمەتیی بۆ کۆ دەکردنەوە‌ و بە چیاکانی سپی‌ڕێز، کێلەشین و ڕندۆڵ‌دا سەر دەکەوت بۆی ڕەوانە دەکردن.

ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات ئەو دەرفەتەی بۆ برایم باشوو ڕەخساند کە بەکردەوە بێتە مەیدانی خەباتەوە و بەئاشکرا بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کە خۆشی دەویستن خەبات بکا.

برایم بەرگی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد و چەکی شەرەف ‌و دیفاع لە کەرامەتی گەلەکەی دەست‌دایە و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هیزی شەهید سمکۆدا سازمان درا. ئەو زۆر زوو توانیی بببێتە خۆشەویستی خەڵکی ناوچە ‌و هاوسەنگەرانی، چونکی لە هەموو وجوودیدا ئیمان‌ و بیروباوەری پتەو بە خەباتی نەتەوەکەی، شۆرشگێربوون ‌و دڵسۆزی ‌و لێبراوی ‌و شێلگیربوون لەسەر درێژەپێدانی ئامانج ‌و ڕێبازیدا بەدی دەکرا. کاتێکیش لە دوژمن سەنگەری دەگرت، کەس توانای خۆڕاگری لەئاست نەعرەتەی شێرانە ‌و هەڵمەت ‌و پەلاماری شۆڕشگێرانەیدا نەبوو. برایم باشوو بە هۆی کارلێهاتوویی ‌و کارامەیی‌ و هەڵسووری بە سەرپەل دیاری کرا و پاریزگاری لە بەندیخانەی حیزب لە "کانیەڕەش"ی پێ ئەسپێردرا. لە شەڕی بەناوبانگی "سەرگیز" کە دوژمن بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری بۆ سەر ناوچەی شنۆ دەست پێ ‌کردبوو، برایم لەگەڵ چەند کەس لە هاوسەنگەرانی پێشیان بە هورژمی دوژمن گرت و بە ئارپیجی تانکێکی تێك شکاند و دەستی بەسەر تانکێکی ساغدا گرت و بە قارەمانەتیی کەم‌وێنە پاشەکشەیان بەهێزی ڕێژیم کرد. لەو عەمەلیاتە شۆڕشگێرانەیەدا ناو و ناوبانگی برایم باشوو وەک بۆمب تەقییەوە‌ و لە تەواوی ناوچەدا دەنگی دایەوە.

پاییزی ساڵی ١٣٦٠ شەهید برایم لە شەڕێکی نابەرانبەردا بەتوندی بریندار بوو، بەڵام کۆڵی نەدا و پاش ماوەیەک بە فەرماندەری لکی شەهید فەرزەندە باقری دیاری کرا و لە زۆربەی شەڕەکانی لاجان، پەسوێ، قازیاوای مەهاباددا فەرماندەیی شەڕەکانی کرد.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦١ برایم باشوو لەگەڵ هاوسەنگەرێکی بۆ کارێکی حیزبی ڕوویان لە ئاوایی قەڵاتیان کرد، بەڵام کەوتنە کەمینی هێزێکی بەکرێگیراوانی ڕێژیم‌ و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دران. برایم هەتا تەوابوونی فیشەکەکانی بەرد بەبن بەرد شەڕی کرد و دواتر لە کاتێکدا ٥ گوللەی وەزگی کەوتبوو، بە برینداری بە دیل گیرا و ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کران. دوای ئەم ڕووداوە ئینجا زیندان ‌و چاڵەرەشەکانی ڕێژیم بوو ببوون بە مەیدانی خۆڕاگری و بەربەرەکانی. شۆڕەسوارەکەی مەیدانی خەبات بە دوژمنانی سەلماند کە تەناف‌ و زنجیر و ئازار و ئەشکەنجە چۆکی پێ‌ دانادا و برایم لەو مەیدانەشدا ڕووسوور هاتە‌ دەر. چەند جار داوایان لێ کرد لە مزگەوت قسە بۆ خەڵک بکا و پەژیوانی دەرببڕێ، بەڵام ئەو ملی ڕانەکێشا و وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی، حیزبی دێموکرات مایەوە. ئازار، ئەشکەنجە، بێ‌حورمەتی، هەڵواسین، سووتان، داغکردن و دەیان جۆر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕوحیی دیکە نەیانتوانی چۆک بە هەڵۆی زنجیرکراوی دێموکرات دابدەن. بۆیە جەلادانی ڕێژیم دواجار دەستیان بەر دایەوە و لە شەوێکی هاوینی ساڵێ ١٣٦٢دا لە زیندان گوللەباران کرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوونی برایم باشوو خەم‌ و ماتەم شاری داگرت ‌و خەڵک ڕەشی پۆشی و لە بەرامبەر گەورەیی ‌و خۆڕاگری ‌و فیداکاریی ئەم ڕۆڵە خەباتگێرەی دێموکراتدا، بە هەزاران سڵاو و ئافرینیان پێشکەش بە گیانی ئەو نەمرە کرد. ئازایەتی ‌و خۆڕاگری و شۆڕشگێری شەهید برایم حەسەن‌زادە (برایم باشوو) سەرمەشق بوو بۆ هەموو هاوسەنگەرانی‌ و خەڵكی ناوچەی شنۆ و ناوی هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.