کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەردەوامە

10:30 - 4 خاکەلێوه 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵی نوێ و نەورۆزی ژیناوە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان لە مەهاباد، شنۆ، نەغەدە و پیرانشار بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها تراکتی تایبەت بە نەورۆزی ژینایان لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بڵاو کردەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزب لە ناوچەی سندووسی نەغەدە، مەمێند، باڵەخچی، گردەقیت، دووڕگەی سەرپردێ و قەڵاتان، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و هەروەها بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە نەورۆز، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی ترەوە ئەندامانی حیزب لەم شوێنانەدا چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد: "سێڕێیانی خورینج بۆ کێلەسیپان، مزگەوتی ئاوایی کێلەسیپان، پەسوێ تا گردەبن، سەری مەیدان، ڕێگەی پیرانشار- مەهاباد و ڕێگای سەری مەیدان."

هەروەها ئەندامانی تێکۆشەری حیزب لە شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و شنۆ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای لەشساغی و بەردەوامبوونیان لە بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبی و نەتەوایەتییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.