کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای سێناتۆرەکانی ئەمریکا لە "جۆزێڤ بۆرێڵ" بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران

10:31 - 4 خاکەلێوه 2723

١٢ سێناتۆری ئەمریکایی لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیم وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.

کۆمەڵێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، ڕۆژی پینجشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە نامەیەکدا بۆ جوزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، داوایان کردووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

لەو نامەیەدا کە ١٢ سێناتۆری ئەمریکایی وەکوو "جیمز ڕیچ، لێندزی گراهام، مارکۆ ڕۆبیۆ و تێد کرۆز" واژۆیان کردووە، سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە پشتیوانییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، نیگەرانییەکانی خۆیانیان لەهەمبەر دوودڵیی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.

ناوبراوان لە نامەکەیاندا بە ئاماژەدان بەوەی کە پاش ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی هەوڵە تێرۆریستییەکانی و پشتیوانیکردنی لە گرووپە تێرۆریستەکانی ناوچەکە خستە لیستی تێرۆرەوە، سپا لە دەسپێڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی ئەمریکا زۆر لاواز بووە. هەروەها دەبێ یەکیەتیی ئورووپاش سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت و ئیزن نەدات کە بازاڕەکانی ئورووپا ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ سپای پاسداران.

لە کۆتایی نامەکەدا سەرەڕای ئاماژەدان بەوەی کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا دژی ئورووپا و ئاسایشی گشتیی جیهان هەڕەشەیە، ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر سپای پاسداران بخرێتە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانەوە ئەوە کۆتایی بە تێرۆریزم دێت و جیهان دەبێتە شوێنێکی پارێزراو بۆ ئورووپاییەکان و ئەمریکاییەکان.