قادر وریا
(پەراوێزێک بۆ کتێبێک بە بۆنەی ١٠٠ ساڵەی لەدایکبوونی عەلی گەلاوێژ)
ئەم د.کامران ئەمینئاوەیە، کەسێکی تایبەتە. پزیشکە و پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناوە، بەڵام ئەگەر نەڵێم زیاتر، لانیکەم نیوەی کاتەکانی ژیانی نەک بۆ پیشە و پسپۆرییەکەی بەڵکوو بۆ خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان و توێژینەوە تەرخان کردووە. نازانێ و ناتوانێ ڕۆژێک یا شەوێک کە دەستی بەتاڵ دەبێ و لە کاری پڕهیلاکیی پزیشکی دەگەڕێتەوە ماڵێ، بۆخۆی بحەسێتەوە. سەری بە سەر کتێبێک یا لاپتۆبەکەیدا دەگرێ و خەریک دەبێت.
هەر ماوەیەک لێی بێخەبەر بووی، یا دەنگوباسی نەبوو، ئەگەر هەواڵی بپرسی و پێی بڵێی چ دەکەی و چی تازەت بە دەستەوەیە؟ سوورپڕایزێکی بۆت دەبێ و پێت دەڵێ ئەوە پڕۆژەی فڵان نووسین یان پێداچوونەوە یان وەرگێڕانم لە تەواوبووندایە، یا تەواو بووە و ناردوومە بۆ چاپخانە. ژمارەی کتێبەکانی وا بزانم گەیشتوون بە ٢٠ کتێب. ژمارەیەکیان هەر تایبەتن بە پسپۆڕی و بوارەکەی خۆی کە پزیشکییە، بەڵام زۆربەیان سیاسین. تێشیاندایە کە باری ئەدەبی و مێژووییان هەیە. هێندێکیان، بۆخۆم دووراودوور و لە نزیکەوە شاهید بووم کە چەندیان زەحمەت ویستووە. جاری وا بووە چەند مانگ، کاری بەردەوامی لەسەر کردوون و شەونخوونیی لەسەر چێشتوون. وەک دەڵێن ڕەنجی فەرهادییان ویستووە، بەڵام د.کامران، هەتا بە ئاکامی نەگەیاندوون، کۆڵی لێنەداون، ئەگەر چی تووشی مل ئێشە و پشت ئێشە و کۆمەڵێک کێشەی تریشیان کردبێ.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تێکۆشانی ڕۆشنبیری و قەڵەمیی ئەو مرۆڤە، بەسەرکردنەوە و وەبیرهێنانەوەی پشتگوێخراوان و فەرامۆشکراوانە. ڕۆمان و چیرۆک و کەسایەتیی ئەوتۆ لە زمانی ڕووسیدا دەدۆزێتەوە کە بە سامانی کورد دەژمێردرێن، بەڵام ئەوەندە بۆ خوێنەری ئەمڕۆی کورد ناسراو نین و بە کوردی، شتێکی ئەوتۆیان لەسەر نازانین. "شوانی کورد" لە نووسینی عەڕەبی شەمۆی لە ڕووسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر دوو زمانی کوردی و فارسی و چەند جار چاپ و بڵاو بوونەوە. "چوار کەسایەتیی بە ڕەچەڵەک کورد"ی لە ڕووسییەوە کردووە بە کوردی کە بۆ دوو ساڵ دەچێ لە توێی کتێبێکدا لە بەردەستی خوێنەری کورددا هەن. ئەو چوار کەسایەتییە بریتین لە:١-کوێر ئۆغڵی، ٢-قاچاغ نەبی، ٣-محەمەد فزوولی و٤- قەرە فاتمە.
کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦، کاتێک نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا نەمر کاک ناسر ئیرانپوور، دوامانگەکان و دواڕۆژەکانی ژیانی لە بەربەرەکانییەکی پڕ ئازار لە گەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا بەڕێ دەکرد، بۆ د.کامران ببووە مەراق کە پێش ئەوەی ئەم هاوڕێ بەنرخەی ماڵاوایی لە ژیان بکا، بەشێک لە نووسینەکانی ئەو لە توێی دوو بەرگ کتێبدا بە چاپ بگەیەنێ. ئەوانەی لە نزیکەوە شاهید بوون دەزانن کە د.کامران چەندی خەو و ئیستراحەت لە خۆی حەرام کرد تا توانیی ترووسکەیەک بۆ چاوەکان و بزەیەکی ڕەزامەندی بۆ سەرلێوەکانی ئەم ڕووناکبیرە کوردە جوانەمەرگە لە دواساتەکانی ژیانیدا بەرهەم بێنێت.
ئەگەر بەتایبەتی هیممەت و هەوڵی ماندوویینەناسانەی د.کامران ئەمینئاوە نەبوایە، چیرۆکنووس و تێکۆشەری کورد، نەمر مامۆستا حەسەن قزڵجی، لە ١٠٠ ساڵەی لەدایکبوونیدا، یادی زیندوو نەدەکرایەوە و کتێبێکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک نووسین و وەرگێڕان و بیرەوەری بە قەڵەمی چەندین کەسایەتیی کورد، لەم بۆنەیەدا لەبارەی چاپ و بڵاو نەدەبۆوە. ڕاستە پڕۆژەکە، کارێکی بەکۆمەڵی چەندین کەسی بوو، بەڵام قورسایی سەرەکیی ئەرکەکانی، لە سەرشانی د.کامران بوو. ئەو، فێر بووە کە قەدرگرتنی کەسایەتییە پڕ خزمەتەکان چیتر بۆ دوای مردنیان هەڵنەگرێ و هەتا لە ژیاندان، ئەرکی خۆی بەرامبەریان جێبەجێ بکا. هەر بۆیە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر کەسایەتییەکی دڵسۆز و توێژەرێکی بەنرخی وەک مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی- کە لەوپەڕی بێدەنگی و خاکەڕاییدا، ساتبەساتی تەمەنی بۆ پێداچوونەوە و پەراوێزلەسەرنووسین و ساخکردنەوەی دەستنووس و دەقی مێژوویی و ئەدەبیی کوردی تەرخان کردووە- ی کرد بە هەوێنی ناساندن و ڕێزلێگرتن و، بە نووسینێکی جوان و شایان بۆ گۆڤاری سەنگینی "تیشک"، لە قەدەر توانای خۆی ڕێزی لێ گرت و خزمەتەکانی بە خوێنەران ناساند.
بەرهەمی تازەی ئەمجارەی د.کامران، ئامادەکردنی کتێبێکی ٤٥٠ لاپەڕی لە باری نەمر عەلی گەلاوێژ لە سەد ساڵەی لەدایکبوونیدایە. ساڵێک پێشتر، کاک کامران، بەبۆنەی ٩٩ ساڵەی لەدایکبوونی عەلی گەلاوێژ یادکردنەوەیەکی تێر و تەسەلی لە توێی وتارێکدا نووسیبوو کە گۆڤاری "تیشک" بڵاوی کردەوە. لەو کاتەوە چەخماخەی ئامادەکردنی کتێبێک لە بارەی ئەو کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمی و ئەدەبییە پشتگوێخراوەی کورد، لە خەیاڵ و هزری د.کامران ئەمینئاوەدا لێدرابوو. ئامادەکردنی ئەم کتێبەش زەحمەت و بەدواداچوون و پێوەندیگرتن بە زۆر کەسایەتی و کات تەرخانکردنێکی یەکجار زۆری ویستووە. لەم کتێبەدا جگە لە پێشەکی و چەند نووسین و وتووێژ و وەرگێڕانی د.کامران ئەمینئاوە لە بارەی عەلی گەلاوێژ، توێژینەوەیەکی دەوڵەمەند و تێر و تەسەلی مامۆستای هێژا کاک ئەنوەر سوڵتانی، لە بارەی ژیان و بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتییە کوردە بە تایبەتی شێعرەکانی دەخوێنینەوە. کاک ئەنوەر، وێڕای ماندووبوونێکی زۆر لە ڕەوتی "دۆزین و پشکنینی ژیان و لە بەرانبەریەکدانانی ساڵانی تەمەنی لە گەڵ نێوەرۆکی شێعرەکانی"، ئاوڕی لە نێوەرۆک و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شێعرەکانی نەمر عەلی گەلاوێژ داوەتەوە و ڕووناکیی خستوونە سەر. لەم کتێبە نوێیەدا، هەروەها نووسینی چەند کەسێکی وەک بەڕێزان حوسێن شکارچی (خوشکەزای عەلی گەلاوێژ)، حەسەن ماوەرانی، ئەسەد سەیف، محەمەد ئازادگەر، محەممەد ڕەمەزانی کە لە نزیکەوە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا لەگەڵ ئەم کەسایەتییە کوردە هاوخەبات بوون، دەخوێنینەوە. کۆمەڵێک دەستنووس و وێنەی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی گەلاوێژ، بەشەکانی تری ئەم کتێبە پێک دێنن.
ئەگەر کتێبێکی لە چەشنی "هەڵوەدای ڕزگاریی گەل، لە قووڵایی ئازارەوە" بە هیممەت و ماندووبوونی کەسێکی وەک د.کامران ئەمینئاوە بەرهەم نەهاتبا، عەلی گەلاوێژ، وەک ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوو هەر وا لەژێر خۆڵەمێشی فەرامۆشیدا دەمایەوە. بەدەگمەن کەسانێک لە نەوەی ئەمڕۆی لاوانی کورد دەیانزانی و دەیزانن کە تێکۆشەرێکی کورد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر هەبووە کە هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە، چارەنووسی خۆی لە خەبات بۆ ئازادی و ئامانجەکانی نەتەوەکەی و نیشتمانەکەی گرێ داوە؛ هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوەتیدا تووشی دەربەدەری و گیرسانەوە لە باکۆ و ئازەربایجان و یەکیەتیی سۆڤییەت بووە؛ لەوێ هەتا بەرزترین قۆناغەکانی زانکۆ لە بواری ئابووریدا خوێندوویەتی و دوکتورای زانستی بەدەست هێناوە. تێزی دوکتوراکەی لە بارەی "پێوەندییە وەرزێرییەکانی کوردستانی ئێرانی ئەمڕۆ" بووە کە ساڵی ١٩٥٥ بە تورکیی ئازەری لە باکۆ، ساڵی ١٩٦٠ بە زمانی ڕووسی لە باکۆ و ساڵی ١٣٦١(١٩٨٢) بە زمانی فارسی لە تاران، چاپ بووە. چەند کتێبی لە زمانی ڕووسییەوە بۆ سەر زمانی فارسی، وەرگێڕاون. بە زمانەکانی کوردی، فارسی و تورکی شێعری گوتووە. دەیان وتار و نووسینی لە بڵاوکراوەکانی حیزبی توودەی ئێراندا، چاپ بوون. لە ساڵانی ١٩٦١-١٩٦٣ بە بنەماڵەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ چووەتە سۆڤیای پێتەختی بولغارستان و لە بەشی کوردیی ڕادیۆی پەیکی ئێران، کاری کردووە. لە ساڵانی دەربەدەری و گیرسانەوە لە یەکیەتیی سۆڤیەت، لە بەشی کوردیی ڕۆژنامەی "آذربایجان"ی ئۆرگانی فیرقەی دیموکرات، قەڵەمی تاو داوە، وەک ئەندامی ڕێبەریی فیرقەی دێموکرات و دواتر وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزبی توودەی ئێران، تێکۆشان و بەرپرسایەتیی هەبووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧(١٩٧٩)ی ئێران گەڕاوەتەوە زێد و وڵاتی خۆی. لە جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی توودە لە پێوەندی لە گەڵ کوردستاندا، ڕۆڵی هەبووە. سەرئەنجام ئەویش وەک دەیان ئەندامی ڕێبەری و سەدان کادر و ئەندامی بەوەجی ئەو حیزبە، کە بە نیاز و باوەڕێکی ئازادیخوازانە و دادپەروەرانە ڕوویان کردبووە ڕیزەکانی حیزبی توودە، بووە بە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو حیزبە لە بارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ساڵی ١٣٦٢(١٩٨٣) کەوتووەتە زیندانی ئەو ڕێژیمە و دوای ٥ ساڵ ئازار و ئەشکەنجە، بەداخەوە ئێعدام کراوە.
د.کامران، هەر لە کات و وزەی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی کتێبەکانی و خزمەتی پرس و کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکانی کورد و کوردستان لە خۆی مایەی دانەناوە، بەڵکوو بەشی بەرچاوی ئەو داهاتەش کە لە ڕێگەی پزیشکییەوە بە دەستی دێنێ، بۆ چاپی کتێبەکانی تەرخانیان دەکا. دەسکەوتی ماددیی ئەو لەو کتێبانەش کە ئەم یا ئەو دەزگا بۆیان چاپ کردووە، بریتی بووە لە چەند یا چەندین نوسخەیەکی کتێبەکە، کە بەدیاری پێشکەشی ئەم یا ئەو دۆست و هاوڕێ و بنکە و ناوەندی ڕۆشنبیریی کردوون.
دەستخۆشی، ماندوونەبوون بۆ د.کامران ئەمینئاوە بەبۆنەی ئامادەکردنی نوێترین کتێبی. بەردەوامی بۆ ئەو لە خزمەتی کتێب و نووسین و وەرگێڕاندا و، دەوڵەمەندی بۆ خەرمانی چاپکراوەکانی. نموونەی لە نێو کورد و ڕووناکبیرانیدا، زۆر بێت.