کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی شۆڕشی ٥٧ بۆ لێ‌فێربوون و بەردەوامیی شۆڕشی ژینا

10:56 - 4 خاکەلێوه 2723

ڕەزا محەممەدئەمینی

شۆڕشی ئێستای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە بەحەق ناوی شۆڕشی "ژینا"، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"‌ی لێ‌نراوە، لەلایەک لێکەوتە و دریژەی شۆڕشەکانی ڕابردووی گەلانی ئێران لە مێژووی هاوچەرخە و لەلایکی دیکە دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە شۆڕشەکانی ڕابردوو بە شۆڕشی مەشڕووتەشەوە، هەتا شۆڕشی ٥٧ و ڕاپەڕینەکانی دو دەیەی ڕابردوو نەیانتوانییوە ئامانجە سەرەکییەکانی گەلانی ئێران وەدی بێنن؛ ئامانجگەڵیک کە دەستەبەرکردنی نان، کار و ئازادی و نەمانی سەرەڕۆیی، وەک کۆڵەکەی سەرەکیی شۆڕشەکان بوون.

  شۆڕشی ٥٧ کە بەداخەوە لەلایەن خومەینی و ئاخوندەکانەوە بەلارێدا برا و دزرا، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و بەرفراوان بوو کە دەیتوانی بە لەبەرچاوگرتنی زۆر فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی، بۆ هەمیشە کۆتایی بە داپڵۆسین و سەرەڕویی و دەسەڵاتی زۆرداران لە ئێراندا بێنێ؛ بەڵام بەداخەوە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی نەک هەر بەئازادیی و مافە ڕەواکانیان نەگەیشتن، بەڵکوو هەروەک دەرکەوت لە چاڵەوە هاتنە دەر، بەڵام دەچاڵاوی کەوتن.

دیارە لەوەدا کە ڕێژیمی دژیگەلیی پاشایەتی، ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر و ئازادیکوژ بووە هیچ شک و گومانێک نییە و کار و کردەوەکان و کارنامەی پەهلەوییەکان نیشان دەدا ئەوان نەک هەر هیچ‌کات لە سەرکوتی کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران دەستیان نەپاراستووە، بگرە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆڕەکان لە ناوچەش (سەرکوتی شۆڕشی زۆففار لە وڵاتی عەممان) هێزیان ناردووە و وەک ژاندارمی ناوچەی ڕۆژهەڵات سیاسەتیان کردووە. لەپێوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی سەرکوت و قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەمان پەهلەوییەکان کارنامەیەکی زۆر ڕەش و پڕ لە شەرم و شووڕەیی و جینایەتیان بۆ مێژوو تۆمار کردووە. سەرکوتی شۆڕشی مەزنی سمکۆی شکاک و تێرۆری ئەو ڕێبەرە مەزنە بە فێڵ‌وتەڵەکە و هەروەها هاوکاریی دەوڵەتی کوردکوژی تورکیە بۆ سەرکوتی شۆڕشی باکوری کوردستان "ئارارات" لە ساڵی ١٩٣١ زایینی، تەنیا دوو نموونەن لە سیاسەتی دژەکوردی ڕەزاخانی قەززاق. پەهلەویی دووهەمیش هەمان ڕێچکەی بابی بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران، بەتایبەت گەلی کورد گرتەبەر و دۆسییەیەکی ڕەشتری تۆمار کرد. لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی سەدان تێکۆشەری حیزب و گەلی کورد لە گرتووخانەکان لەلایەن ساواک و دەزگای بێدادی حەمەڕەزاشا و هەروەها مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئەلجەزایر لەگەڵ دەوڵەتی بەعسی عیڕاق و لە ئاکامدا تێکشکاندنی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان چەند بەڵگەیەکن کە نیشان دەدا، پەهلەوییەکان بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد تەنیا مەبەستیان ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە و دژایەتیی کورد و مافخوازیی نەتەوەکەمان بۆ ئەوان سنوور ناناسێ.

  کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی ٥٧ بەهەراوی هاتنە سەر شەقامەکان و پاش چەند مانگ خۆپێشاندانیی خوێناوی و مانگرتنی سەرانسەری دەسەڵاتی پەهلەوییان تێکەوە پێچا و کۆتاییان بە نیزامی پاشایەتی هێنا، بەڵام هەروەک دیتمان ئەوەی جڵەوی شۆڕشی بەدەستەوە گرت و پاشان کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە، لە هەموو بوارەکاندا درندەتر، هارتر و ڕووهەڵماڵاوتر بوو لە سەرکوتی گەلانی ئێران. ڕێژیمێک هاتە سەر کار و بەرهەمی خوێنی شەهیدانی شۆڕشی ٥٧ی چنیەوە کە لە ڕاستیدا و لە سەرەتا‌دا نێوەڕۆکەکەی بۆ زۆر کەس و لایەن ڕوون نەبوو. خومەینی زۆر سەرەڕۆیانە دوو ڕێگای لە بەردەمی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دانا، (کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نا)، هەرئەوەش بوو کە خەڵکی ئێران، جگە لە گەلی کورد، دەنگیان بە ڕێژیمێک دا کە نەیاندەناسی و نەیاندەزانی چارەنووسیان بەرەو کوێ دەبا. گەلی کورد و حیزبی دێموکرات لەو بەناو ڕێفراندۆمەدا بەشدارییان نەکرد و بەمشێوەیە هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕاپرسییەیان بە نادێموکراتیک و ناتەبا لەگەڵ پرەنسیپەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد دانا کە لەودا داهاتووی گەلانی ئێران ناڕوون و لێڵ بوو.

 ڕێژیمی پاشایەتی، تۆتالیتەر، دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەر بوو، دیکتاتۆڕێکی بەڕواڵەت مۆدێرن کە لەودا دەسەڵات تێ‌دەکۆشا سەرپۆش لەسەر سیاسەت و کردەوە سەرکوتکارییەکانی دابنێ، وانیشان بدا ئێران دووڕگەیەکی ئارامە لە ناوچەی قەیراناویی ڕۆژهەڵات و ناڕەزایی سیاسیی بوونی نییە و هەمووکەس بە ئازادی دەژین. بەڵام ئەوە ڕواڵەتی نیزامی پاشایەتی بوو و ساواک و ئەشکەنجەگاکان و سەرکوتی هەرچەشنە بیر و باوەڕی نەیار، سیاسەتی فەرمی دەسەڵاتی پەهلەوییەکان بوو. دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوەیەک و پەراوێزخستن و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکانی غەیری فارس بە هەموو شێوەکانی نەرم و تەنانەت سەرکوت و زەبروزەنگ، سیاسەتی سەرەکیی نیزامیی پاشایەتی بۆ یەکدەست‌کردنی خەڵکی ئێران بوو؛ دیارە شک لەوەدانییە لە دوای بەناو "شۆڕشی سپی" و هەڵتەکاندنی دەرەبەگایەتی و دابەشکردنی بەشێک لە زەوی و زارەکان، کە لەڕاستیدا بەسەقەتی ئەنجام درا و بوو بەهۆی تێکچوونی بافتی حەشیمەتی سرووشتی وڵات و چۆلکردنی گوندەکان و پێکهاتنی دیاردەی پەڕاوێزنشینی (حاشیەنشینی) لە شارە گەورەکان، ئازادییە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکان، ئازادی ژنان و زۆر ماف و ویستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، هەتا ئەو جێگایەی ڕەنگ و بۆنی سیاسیی و دژایەتی دەسەڵاتی پێوەدیار نەبووبا و نەبووبێتە مەترسی بۆ بەناو بەرژەوەندییەکانی نیزام، لەبەرچاو دەگیرا، بەڵام بۆ وێنە هەرچەشنە چالاکی سیاسیی و ڕێکخراوەیی و تەنانەت خوێندنەوەی زۆر لە کتێب و ڕۆمانەکان کە کەمترین بۆنی ئازادیخوازی لە هاتبا سزای قورسی بەدواوە بوو. لەو نێوەدا کتێبی کوردی و باسی کوردبوون کردن ، کوردگوتەنی هەر باسی سەر بوو.

 لە پاش پەهلەوییەکان نیزامێک و دەسەڵاتێک هاتە سەر کار کە هەر لە مانگەکانی سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات نیشانی‌ دا چ نێوەڕۆکێکی دواکەوتووانە، دژی گەلی و جینایەتکارانەی هەیە. بەپێچەوانەی ڕێژیمی حەمەڕەزاشا کە تێ‌دەکۆشا ڕواڵەتێکی پێشکەوتوو و ئەوڕۆیانە لە دەسەڵاتەکەی پێشانی خەڵکی ئێران و جیهان بدا، ئاخوندەکان و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی، هەر لە سەرەتاوە نیشانیان‌ دا چییان دەوێ و بەتەمای چین. هەرچەند گەلانی ئێران، جگە لە گەلی کورد، درەنگ لە ناخی دۆزەخەکەی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتن و شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاقیش دەفریای بوون و مانەوەی ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و سەرەڕۆیە کەوت و بوو بە هۆی سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان.

  هێرش بۆ سەر گەلی کورد و کوردستان وەک مەتەرێزی ئازادیخوازی لە ئێراندا، قەڵاچۆکردنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەنانەت ئەوانەی کە بەپاساوی بەناو دژیی ئەمپریالیستبوونی کۆماری ئیسلامی پشتیوانییان لێدەکرد، لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی سیاسیی و لاوەکان، بەتایبەت لە جەنگەی هێرش بۆ سەر کوردستان و پاش کۆتایی شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق و دەیان و سەدان جینایەت کە ئەو ڕێژیمە لە ماوەی تەمەنی ٤٤ ساڵەی خۆیدا خوڵقاندوویەتی، ئەگەر تاڵ و خوێناوی و خەسارەتێکی یەکجار گەورە بووە کە بەر ئێران و کۆمەڵانی ئازادیخوازیی ئێران کەوتووە، لە هەمان‌ کاتدا زۆر وانەی بەنرخی بۆ ئێمە و بەرەکانی داهاتوو تۆمار کردووە. ئەو وانانە بە ئێمە دەڵێن ئەزموونی ڕابردوو، سەرەڕای شکان و پاشەکشێیەکانی، دەبێ ببێ بە چرا و مەشخەڵی خەباتمان بۆ ڕزگاربوون لە چنگی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی گڵاوی ئاخوندەکان. دەبێ گەلانی ئێران، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و سیما ناسراوەکانی کۆمەڵگە، ئاوڕ لە ڕابردوو بدەنەوە و لە خاڵەلاواز و سیاسەتە هەڵەکانی خۆیان لە شۆڕشی ٥٧ فێر ببن و بۆ شۆڕشی ئێستامان، شۆڕشی ژینای کوردان، کەڵکی لێ وەرگرن.

 شۆڕشی ٥٧ پێمان دەڵێ هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک ناتوانێ کۆدەنگیی وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران دەستەبەر بکا، هەتا ئەوکاتەی لەبەرنامە و مەنشووری خۆیدا بوونی نەتەوەکانی ئێران و مافی ڕەوای ئەوان بەفەرمی نەناسێ. شۆڕشی ٥٧ پێمان دەڵێ هەر ئۆپۆزیسیۆنێک پەیڕەوی لە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت بەبێ جیاوازیی لە بۆچوونەکاندا (ئیسلامی، ناسیۆنالیستی، مارکسیستی و...) بکا، جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەهەموو برگە و بەندەکانیەوە قەبووڵ ‌نەکا، لە کۆتایی و لە ئەگەری هاتنە سەر دەسەڵات دەبێتە ڕێژیمێکی "تەک ڕەهەند"ی دیکتاتۆڕی. هەروەها ئەو شۆڕشە سەلماندوویەتی ڕێبەری تاکەکەسیی وەک خومەینی، ئەو پۆتانسیەلەیان تێدایە کە بزووتنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی بەلاڕێدا ببەن. یەکێکی دیکە لە وانەکانی شۆڕشی ٥٧ ئەوەیە کە نەتەوەکانی ئێران یەکگرتووتر بن و لە بەرەیەکەوە و لە سەرەتاوە داوای ویست و داخوازییەکانیان بکەن، نەک وەک ساڵەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ لە ڕووی نەزانی و دابەزینی ئاستی شوناسی نەتەوەیی، بەگژ یەک، بەتایبەت بەگژ کورددا بێنەوە کە لە ئێراندا هەمیشە ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازیی بووە.

  شۆڕشی ٥٧ بە هەموو لاوازی و کەموکووڕی و دەسکەوت و دەرکەوتەکانی و ئەوەی وەک کۆماری ئاخوندەکان لێی شین بۆوە، بۆ لاپەڕەکانی مێژوو مایەوە و ئەوەی ئێستا لە ئێران لە ئارادایە، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادییە" کە لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تاساندووە. شۆڕشێک کە بە لەبەرچاوگرتنی گشتگیربوونی، فرەڕەهەندیی، کۆمەڵایەتی‌بوون و بەتایبەت کە ئاوێتەی بانگی ئازادیی ژنان وەک چەوساوەترین بەشی کۆمەڵ لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندەکاندا بووە، بەدڵنیاییەوە ئەو هێزەی هەیە کۆماری ئیسلامی ڕاماڵی؛ بەڵام هەموو دۆخێکی شۆڕش و هەموو شۆڕشێک ئاکامەکەی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانی نییە، هەروەک چۆن شۆڕشی ٥٧ سەرەرای بەشداریی دەیان میلیۆنیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ئامانجەکانی نەپێکا و دۆخەکە لە خراپ بۆ خراپتربوون ڕۆیشت.

  کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات هیچ ڕەواییەکی نەماوە؛ لەڕاستیدا ئەوەی ئەو نیزامە فاشیل و فاسیدەی ڕاگرتووە لەلایەک زەبری هێزە سەرکوتکەرەکانیەتی و لەلایەکی دیکە نایەکگرتوویی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە کە هەرکامە بۆچوونێکیان هەیە. ئەو ڕێژیمە لەگەڵ دەیان قەیران و ئاستەنگ لە نێوخۆ بەرەوڕوویە و ڕۆژ نییە لە چەند شارێکی ئێران بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵکی نەبێتەوە، لە ئاستی دەرەوەشدا بۆ یەکەمجارە کۆدەنگییەکی باش لە نێوان وڵاتانی جیهان، بەتایبەت ئەمریکا و یەکیەتیی ئوڕووپا لەبەرانبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینین. کەوابوو ڕەوتی ڕووداوەکان و ڕێڕەوی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشی ژینای کوردان و شۆڕشی هەموو گەلانی ئێران پێمان دەڵێن، کاتی "نەرمی‌نواندنی قارەمانانە "، واتە قەبووڵی "شکستی سەرشۆڕانە" و هەڵلووشینی جامە ژەهرەکە بۆ پاراستنی نیزام بەسەر چووە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە کەمتر لە ڕووخانی نیزامی ئاخوندەکان ڕازی نابن و شۆڕشی ژینا سەرەڕای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەڕواڵەت لەژێر سەرکوت و کوشتاری دەزگاداپڵۆسێنەرەکانی ئاخوندەکان لە شەقامەکان پاشەکشێی پێ کراوە، بەڵام بەردەوام بووە، پەنگی خواردووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی ڕێبەرییەکەی هەرشەقام و ناڕەزایەتییەکەی، جگە لە ئەکسیۆنە کرێکارییەکان، خۆڕسک بووە، هیوابەخشە و نابێ نیگەرانی سەرنەکەوتنی بین. بێگومان ئەو شۆڕشە وەک بڵێسە و ژیلەمۆ وایە، بەردەوامە و لە نێوەڕۆکدا پتەوتربووە. زۆر پێویست ناکا دوور بڕوانین، داهاتووی گەلانی ئێران گەلێک ڕوون و پڕشنگدارە.