کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شاری پاوە لە خەباتکردن بە دژی ڕێژیم بەردەوامن

10:53 - 12 رەشەمه 2722

لاوانی بوێر و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری پاوە، بە نووسینی دروشم دژی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوی پێنجشەممە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکرات لە پاوە، لە "مەیدانی تەکیە، مەیدانی دەفن، مەیدانی بەسیج و شوێنە گشتییەکانی تری ئەو شارە" بە نووسینی دروشمگەلی "بژی حیزبی دێموکرات، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، لەحنەت لە خومەینی و مەرگ و نەمان بە جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لاوانی شۆڕشگێڕی پاوە لەو چالاکییەدا هاوخەمیی خۆیان لەهەمبەر ژەهراویکردنی زنجیرەیی کچانی قوتابخانەکانی کوردستان دەربڕی و باسیان لەوە کرد کە ئەو کردەوە جینایەتکارانە ئاماژەن بۆ ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتاییەکانی تەمەنی دەڕوات و دەست لە هیچ جینایەتێک ناپارێزێت، بۆیە پێویستە درێژە بە شۆڕشی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی بدرێت.