کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی جاوید ڕەحمان بۆ ڕێگەدان بە کۆمیتەی "بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان" کە بچێتە نێو ئێرانەوە

11:20 - 4 خاکەلێوه 2723

جاوید ڕەحمان داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران کە ڕێگە بە کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بدەن بۆ لێکۆڵینەوە بچێتە نێوخۆی ئێرانەوە.

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''ئێران ئینتێرنەشناڵ''، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی و میدیا نێونەتەوەییەکان کرد کە بە گوشار خستنە سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، کارێک بکەن کە ڕێگە بە ئەندامانی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤ بدرێت کە بچنە نێو ئێرانەوە.

ناوبراو وتی: ''داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و میدیا نێونەتەوەییەکان دەکەم بە گوشارهێنان بۆ سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، داوایان لێ بکەن کە ڕێز بۆ یاسا نێونەتەوەییەکان و شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دابنێن و ڕێگە بە من و ئەندامانی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بدەن هەتا لەبابەت دۆخی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوە بکەین.''

جاوید ڕەحمان وتی: "ئەوەیکە لە ڕاپۆرتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ‌باسم کردووە ڕێک ڕاستییەکانە. پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکەرانی خەڵک لە ئێران دەبێ بە دەستی عەداڵەت بسپێردرێن."