کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی زاهیدان لە یەکەم هەینیی ساڵی نوێ، دژی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان

18:45 - 4 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی زاهیدان، ئەمڕۆ ئازادیخوازانی بەلووچ لە یەکەم هەینیی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەرەڕای کەشی ئەمنییەتیی توند، دوای نوێژی هەینی ڕژانە سەر شەقام و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا.

ماڵپەڕی ''حاڵ وەش'' کە هەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی ٤ی خاکەلێوە، ئینتێرنێت لە شاری زاهیدان پچڕاوە و تووشی کێشە بووە. بەو هۆیەوە بڵاوکردەنەوەی قسەکانی مەولانا عەبدولحەمید پێشنوێژی هەینیی زاهیدان بە شێوەی ڕاستەوخۆ، دوای چەند خولەک بە تەواوی پچڕا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خەڵکی بەلووچ لە زاهیدان دوای نوێژی هەینی لە شەقامەکانی دەوروبەری مزگەوتی مەککی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دروشمگەلی وەک: ''سەڵتەنەت، ویلایەت، سەد ساڵ جینایەت'' و ''ئێمە داوای دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و تێکەوەپێچانی سیستمی ناوەندگەرایین''، لەسەر پلاکارد بەکار هێنرا. 

خۆپیشاندەران بە وتنی دروشمی ''نەمان بۆ دیکاتۆر'' و  ''نەمان بۆ خامنەیی'' و ''ئەمە دوایین پەیامە ئامانج تەواوییەتی نیزامە'' لە شەقامەکانی زاهیدان ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بەنیسبەت کوشتاری خەڵکی بەلووچ دروشمی'''دەکوژم دەکوژم، ئەوەیکە براکەمی کوشتـ''ـیان وتەوە.

لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران و دەستپێکی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان بەتایبەت لە ڕۆژانی هەینی دژی کۆماری ئیسلامیی ڕژاونەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.