کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی مووشەکیی ئەمریکادا، ١٤ چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

11:36 - 5 خاکەلێوه 2723

لە هێرشی مووشەکیی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریە، ١٤ کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خاکەلێوە، بە دڕۆنێکی خۆتەقێنی سپای تێرۆریستی پاسداران، هێرش کرایە سەر پایگایەکی هاوپەیمانیی دژە داعش و شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا و لەو هێرشەدا پەیمانکارێکی ئەمریکایی کوژرا و ٥ کەسی تر بریندار بوون. هێرشی ڕۆژی هەینیی ئەمریکاش کاردانەوە بە هێرشی دڕۆنیی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوو.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند کە شەوی پێنجشەممە بە فەرمانی "جۆ بایدن"، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بنکە و بارەگاکانی گرووپەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی سووریە کراوەتە ئامانج.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٤ی خاکەلێوە، لە کاردانەوە بە هێرشی ئەمریکا، میلیشیاکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە بە چەندین ڕاکێت و دڕۆن هێرشیان کردەوە سەر پایەگاکانی ئەمریکا. ئەمریکاش سەرلەنوێ کاردانەوەی نیشان دا و هێرشی کردەوە سەر بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و  لەو هێرشەدا ١٤ چەکدار لە میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران کوژران.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریەش لە ڕاپۆرتێکدا کوژرانی ١٤ چەکدار لە میلیشیاکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.