کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی سێنای ئیتالیا بڕیارنامەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران پەسەند کرد

11:37 - 5 خاکەلێوه 2723

پارلمانی سێنای ئیتالیا بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارنامەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پەسەند کرد.

لەو بڕیارنامەیەدا هاتووە: بۆ چەند دەیە ژنان و پیاوان لە ئێران بۆ ئازادی، دێموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ خەبات دەکەن. وێڕای سەرکوت و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی هەزاران زیندانیی سیاسی، کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەرخۆدان و دەنگی ئازادیخوازان و دێموکراسیخوازان لەو وڵاتە کپ و بێدەنگ بکات.

هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزە بەناو ئەمنییەتییەکان، سپای پاسداران، بەسیج، هێزی ئینتزامی، پۆلیسی دژەشۆڕش و لیباس شەخسییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی جەنگی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو لە ئێران کەڵکیان وەرگرتووە.

لە بڕیارنامەکەدا وێڕای هاوپێوەندی لەگەڵ ژنان و پیاوان لە ئێران کە بوێرانە ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن، لەسەر پشتیوانیکردنی تەواو لە ئامانجی گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادییە بنەڕەتییەکان و دێموکراسی، جەخت کراوەتەوە.

ئەو بڕیارنامەیە دەوڵەتی ئیتالیا ئەرکدار دەکات تاکوو لە کۆمەڵە جیهانییەکاندا بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕێژیمی ئێران بخەنە ژێر گوشارەوە تاکوو کۆتایی بە سەرکوتی دڕندانەی ناڕازییان لە ئێران بێنێت.

سێناتۆر "جۆلیۆ تێرتێزی"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سیاسەتی یەکیەتیی ئورووپا لە وتاربێژیی خۆی لە ڕەوتی پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیەدا وتی: "خومەینیزم مۆدێلێکی تری هاوشێوەی داعشە، بەم جیاوازییەوە کە ئەوان حکوومەتن و ئەو وەهمەیان دروست کردووە کە گوایە ئەوان باوەڕیان بە ڕیفۆرم هەیە."