کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەدرۆخستنەوەی ئیدیعای وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لەلایەن باوکی ژیناوە

11:23 - 12 رەشەمه 2722

باوکی ژینا ئەمینی لە وڵامی ئیدیعاکانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وتی: کچەکەی من بە نەخۆشی گیانی لەدەست ‌نەداوە بەڵکوو لەلایەن ڕێژیمەوە کوژراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن ‌ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی سی‌ئێن‌ئێن، لەسەر شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران وتی: کچێک بە ناوی ژینا (مەهسا) ئەمینی گیانی لەدەست دا و خەڵک کردیان بە هێمایەک بۆ ئەوەیکە نیزامی کۆماری ئیسلامیی پێ بگۆڕن.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە وتووێژێک لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، لە وڵامی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمدا وتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا وڵامی هیچ داواکارییەکی ئێمە و پارێزەرەکانمانیان نەداوەتەوە بۆ ئەوەیکە ڕوون ببێتەوە کە هۆکاری کوشتنی کچەکەمان چییە. تەندروستیی ژینا زۆر باش بوو و کە چوو بۆ تاران، لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە کوژرا.

ناوبراو وێڕای دەربڕینی بێ‌هیوایی خۆی لە وەرگرتنی وڵامێکی دادپەروەرانە وتی: سەرەڕای هەڵسوکەوتی نابەجێی بەرپرسانی ڕێژیم، نە ئێمە و نە پارێزەرەکانمان لە ئاکامەکەی بێ‌هیوا نەبووین، بەڵکوو بەرامبەر بەو بۆچوونە بەپەلەیەی پزیشکی دادوەری سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی ژینا ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە.