کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی بەردەم، ساڵی چارەنووس

12:39 - 5 خاکەلێوه 2723

عەلی بداغی

دەکرێ بەدڵنیاییەوە ساڵی ڕابردوو (١٤٠١) بە ساڵی وەرچەرخانی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێراندا دابندرێ. ساڵێک کە شۆڕشی ژینا کۆتایی بە وێژمانی ڕێفۆڕمیستی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی وڵات هێنا و بۆ یەکەمجار زۆرایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و هێزە سیاسییەکان لە ئاستی سەرانسەریدا هاتنە پشتی وێژمانی شۆڕشگێریی "شۆڕشی ژینا، ژن، ژیان، ئازادی" و؛ هەروەها تیپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییان بە فازی یەکەمی ئەو شۆڕشە سیاسی-کۆمەڵایەتییە قووڵ و هەمەلایەنەیە دانا.

ساڵی ١٤٠١ لە هەلومەرجێکدا دەستی پێ کردبوو کە بناژۆخوازەکان جڵەوی ڕەهای هەر سێ دەسەڵاتی داد، دەوڵەت و قانووندانانیان گرتبووە دەست، هاوکات هەوساری هەموو ناوەندە دەسەڵاتە نافەرمییەکانیشیان وەک هەمیشە بەدەستەوە بوو؛ بەڵام گەندەڵیی سەرتاپاگیر، ناکارامەیی سیاسی و ئیداری لە چارەسەری قەیرانەکانی وڵات، پشتکردن لە وادە و بەڵێنەکانیان بە خەڵک و پەنابردنەوە بەر سەرکوت و زەبروزەنگ وەک سیاسەتی هەمیشەییان لە هەمبەر ویست و داخوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان؛ ئیدی هیچ شەرعییەتێکی بۆ تەواوەتیی ڕێژیم و هیچ هیوایەکیشی بۆ کۆمەڵانی خەڵک نەهێشتەوە. کارەساتی کوشتنی ژیناش شەمچەی بە عەمباری باڕووتی تووڕەیی و بێزاریی خەڵکەوە نا  و جمەی خستەوە شەقام و بڵێسەی شۆڕش لە هەموو کەرتەکانی کۆمەڵگەوە ئاسمانی وڵاتی داگرت.

دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەلایەک بە کوشتنی سەدان کەس، بریندارکردن و نقوستانکردنی هەزاران کەس و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس کە زۆریان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا و، لەلایەکی دیکە بە میلیتاریزەکردنی ڕەهای شەقام و جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک، پەرەدان بە زەبروزەنگ و تۆقاندنی خەڵک تا ئاستی دەرمانداوکردنی منداڵانی قوتابی توانی بڵێسەکانی شۆڕش لە چەند مانگی کۆتایی ساڵدا دابمرکێنێت، بەڵام بۆخۆشیان دەزانن کە شۆڕشی خەڵک وەک ئاگری بن‌ خۆڵەمێش، چاوەڕوانی دەرفەتێک بۆ گەشانەوەیە. بۆ سەلماندنی ئەو ئیدیعایە با لە باسی کۆبوونەوە نهێنییەکانی ڕێبەرانی ڕێژیمەوە چەند فاکت بێنینەوە:

لە ئاکامی باسە دزەپێکراوەکانی کۆبوونەوە گرینگەکەی ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی پەنجاوچەند فەرماندەی پلەبەرزی سپای پاسداران لەگەڵ خامنەییدا دەردەکەوێ داماویی ڕێژیم تەنیا لە چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام و ڕاپەڕینی خەڵکدا نییە، بەڵکوو چارەسەرنەکرانی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بارگرانیی لەڕادەبەدەری هەژاری و بێ‌ئەنوایی لەسەر شانی خەڵک، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی لە کۆنتڕۆلکردنی ناڕەزایەتییەکاندا دەستەوەستان و ماندوو کردووە. ئیسماعیلی خەتیب، وەزیری ئیتلاعات لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژە بەوەی کە بە سەرکوت و زەبروزەنگ توانیویانە بە سەر خۆپێشاندانەکان و ٢٨ مانگرتنی سەرانسەری لە پیشەسازیی نەوت و گازدا زاڵ ببن، ترسی لەڕادەبەدەری خۆی لە پەرەسەندنی مانگرتنەکان ئەویش لە بەشی پیشەسازیی وڵات بەتایبەت کەرتی نەوتدا کە دەتوانێ شادەماری هەناسەدانی ڕێژیم بوەستێنێ نەشاردۆتەوە. یان سەرهەنگەکانی سپا لە ناوچە و پارێزگا پەراوێزخراوەکان بەئاشکرا گوتویانە کە بەرحەقبوونی ویست و داواکانی خەڵک وای‌کردووە هێزەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا پێملی بڕیارەکان بۆ سەرکوتی خەڵک نەبن و دانیان بەوە داناوە کە بەدەنەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تووشی هەرەس و داڕمان بووە.

ساڵی ڕابردوودا هاوکات تاقیکارییەکیش بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بوو. لە کاتێکدا لاوانی وڵات سینگیان بە گوللەوە نابوو، و یەکدەنگ و یەکڕیز بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاسابوون؛ بەڵام نەبوونی یەکڕیزی و هاودەنگی لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا دەرفەتی بە کۆماری ئیسلامی دا جارێکی دی پشووی بێتەوە بەر خۆی. بەڵام بابەتی بنەڕەتی هەر نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارامە بۆ ڕێبەریکردنی شۆڕش لە نێوخۆی وڵاتدا نەبوو، بەڵکوو پاوانخوازیی لایەن‌گەلێکە کە دەیانەوێ سواری شەپۆلی شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانیان بن و شوورەییش تا ئەو ئاستەی ڕاپەڕینی خەڵک بە مەترسی بۆ سەر تەواوەتیی خاکی ئێران بزانن و؛ لە ڕێگەی میدیا پڕبینەرەکانەوە توێژی خۆڵەمێشیی کۆمەڵگە و لایەنگرانی ناوەندگەرایی لێ بپرینگێننەوە! بەڵام سەرەڕای ئەم واقعەتاڵە لە ڕەوشی ئۆپۆزیسیۆن و ئەزموونی سەرکەوتووانەی تائێستای کۆماری ئیسلامی لە قۆستنەوەی پێکدژیی بەرژەوەندیی وڵاتان لە هاوکێشە نێودەوەڵەتییەکاندا بە قازانجی خۆی، دۆخی شۆڕش لە ئێران بەردەوامە؛ قەیرانەکانیش بۆ کۆماری ئیسلامی لەجێی خۆیانن و زۆرتریش بوون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا پێویستیی بە شەرعییەتی خەڵکی هەیە کە نییەتی، پێویستیی بە یەکگریی نێوخۆیی بازنەی دەسەڵات هەیە کە درزیان تێ‌کەوتووە، پێویستیی بە چارەسەری قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و پەروەردەییەکانی وڵات هەیە کە لە بەرانبەریداندا دۆشداماوە. بۆیە گوشارەکان لە نێوخۆی وڵات لەلایەن خەڵکەوە و پشتگیرییەکانیش لە شۆڕش لە دەرەوەی وڵات وا دەکەن دۆخەکە بۆ ڕێژیم لە ساڵی نوێدا دژوارتر و ئەستەمتر ببێت.

 "شۆڕشی ژینا" بە قۆناغەکانی هەوراز و نشێوی خۆیدا دەڕوات. ڕوون و ئاشکرایە کە زۆرینەی ڕەهای خەڵک لە ئێران خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی سیاسیی دێموکرات و سێکۆلارن و ئامادەن تێچووی ئەو گۆڕانکارییە قووڵەش بدەن. بۆیە لە داهاتوویەکی نیزیکدا شەقامەکان بەخاوەن دەکرێنەوە و خەڵک بە ئەزموون‌وەرگرتن لە ڕاپەڕینی پاییزی ١٤٠١ باشتر و ڕێکوپێکتر خۆتان ڕێک‌دەخەنەوە، مانگرتنەکان لە هەموو کەرتەکان بەتایبەت لە پیشەسازیی نەوتدا پتر کاریگەریی دیاری خۆیان دادەنێن، ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵاتیش ناچارن ناکۆکییە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆیان وەلا بنێن و لەسەر لانیکەمی ویستە ڕەواکانیان ڕێک بکەون. بێگومان لەوەها دۆخێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوایی خاوەن‌بڕیاریش بە سەرنجدان بە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی کە بە درێژایی مێژوو هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچە و جیهان بووە و ناشتوانێ ئەو سیاسەتانەی وەلا بنێت؛ ڕوو دەکەنە شۆڕشی خەڵک و ناچار دەبن پشتی ڕێژیم بەربدەن.

بێگومان ئەوەی دەبێ بڕوات کۆماری ئیسلامییە و، داهاتوو بۆ شۆڕشی ژینا و خەڵکی مافویست و ئازادیخوازی کوردستان و ئێرانە.