کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵ ئاڵبانی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

12:55 - 5 خاکەلێوه 2723

ناوەندی فەرماندەیی هێزە سایبێرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژێرخانە تێکنۆلۆژییەکانی وڵاتی ئاڵبانی، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە بواری سایبێرییەوە هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات. 

ماڵپەڕی ناوەندی فەرماندەیی هێزە سایبێرییەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوە لە زاری "ناتانێل فێیک"، باڵوێزی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتی دیجیتاڵی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "دەوڵەتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و پێشگرتن بە هێرشە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژێرخانە تێکنۆلۆژی و پیشەییەکانی وڵاتی ئاڵبانی، بۆ ماوەی ٣ مانگ هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات و لەسەر ئەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەم هاوکارییانە بۆ بەرهەمهێنان، ئاسایشی زیاتر و بەهێزکردنی بواری سایبێریی وڵاتی ئاڵبانی دەبێت".

هاوکاریی ٣ مانگەی ئەمریکا لەگەڵ ئاڵبانی لە بواری سایبێرییەوە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا دوو جار هێرشی سایبێریی کردە سەر ژێرخانی تێکنۆلۆژی و پیشەیی وڵاتی ئاڵبانی.

لەو دەورە نوێیە لە هێرشە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵاتی ئاڵبانی کە لە مانگی سێپتامبێری ٢٠٢٢ی زایینییەوە دەستی پێ کرد، هێزی سایبێریی نەتەوەیی ئەمریکا بە ئامادەبوون لە وڵاتی ئاڵبانی، چالاکییەکی سایبێریی بە مەبەستی دۆزینەوەی مەترسییە سایبێرییەکانی سەر وڵاتی ئاڵبانی و بەهێزکردنی ژێرخانی سایبێریی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.

هەروەها دوابەدوای ئەو دوو هێرشە، دەوڵەتی ئاڵبانی ڕایگەیاند کە دەیەوێت بە پشتبەستن بە مادەی پێنجەمی ڕێکەوتننامەی ناتۆ، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی، هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە دژی هێزی سایبێریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بکات.

جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک دوای ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئاڵبانی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش گەمارۆی نوێی بەسەر چەند ناوەند و بەرپرسی ڕێژیم بۆ نموونە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمدا سەپاند.