کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

17:38 - 5 خاکەلێوه 2723

دایە فاتمە سیگاری دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە فاتمە سیگاری، دایکی شەهید فاروق تاهیری، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەهید فایق تاهیری، پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شاری مەهاباد بەهۆی نەخوشییەوە کۆچی دوایی کرد.

دایە فاتمە لەو ژن قارەمانانە بوو کە هەمیشە لاقێکی لە شاخ لای کوڕە پێشمەرگەکانی بوو و لاقێکی لە بەر دەرگای ئیتلاعات و زیندانی ورمێ بوو و ماوەی چەند ساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک بنەماڵەی شۆڕشگێڕی مەهاباد بۆ شاری دامغان سەر بە پارێزگای سمنان دوور خرانەوە.

کوڕێکی دایە فاتمە بە ناوی فاروق تاهیری، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و لە هێزی پێشەوا سازمان درابوو کە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە گوندی قزڵقۆپی لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل بوو.

تەرمی دایە فاتمە سیگاری لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا لە گۆڕستانی مەهاباد بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە فاتمە سیگاری دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.