کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەورامان

17:45 - 5 خاکەلێوه 2723

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هەورامانی سەر بە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.

"کاکەشێخ فاروقی"، مامۆستای ئایینی و کەسایەتیی ناوداری کۆمەڵایەتیی ناوچەی هەورامانی سەر بە شاری مەریوان دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، شەوی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا کاکەشێخ فاروقی کوڕی زانای ئایینیی ناوچەی هەورامان، مامۆستا شێخ جەلیل فاروقی، ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە گوندی "دەمەیەو"، سەر بە ناوچەی هەورامان لەدایک بووە. 

ناوبراو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە بۆ پێگەیشتن و فێربوونی زانستی ئایینی لەلایەن باوکییەوە نێردراوەتە بەر خوێندن و لە حوجرەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لەلایەن مامۆستایانی پایبەرزی ئایینیی کوردەوە پەروەردە کراوە و دوای چەند ساڵ خوێندن، ئیجازەی مامۆستایەتیی پێ دراوە.

شیاوی باسە کە مامۆستا کاکەشێخ بەهۆی بیری نەتەوایەتی و هەستکردن بە نیشتمانپەروەری و کوردایەتی، پێوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرتووە و بووە بە ئەندامی ئەم حیزبە.

ناوبراو بەهۆی چالاکی و هەستی نیشتماندۆستییەوە لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی، لەلایەن ڕیژیمەوە بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرا. بەڵام دوای ئازادبوونیش تا کۆتایی تەمەنی، بە شانازییەوە پێوەندیی لەگەڵ حیزبی دێموکرات مایەوە و درێژەی بە خەبات و تێکۆشان لە ناوچەی هەورامان و شاری مەریوان دا.

مامۆستا کاکەشێخ تا کۆتایی تەمەنی وەفادار بە حیزب و گەلەکەی مایەوە و هەموو کات پشتیوانی نیشتمانپەروەران و گەلدۆستان بوو.

ناوبراو شەوی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد و لە گوندی دەمەیەو، زێدی خودی، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا کاکەشێخ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.