کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت و هاتنی ساڵی نوێ

18:23 - 5 خاکەلێوه 2723

پۆلێک لە کچانی شاری پیرانشار بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، هەڵمەتێکی نەمامچاندنیان لە سروشتی ناوچەی پیرانشار بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، چەند کچێکی نیشتماندۆستی شاری پیرانشار، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و بە هەوری و جامانەوە هەڵمەتێکی چاندنی نەمامیان بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ناو و یادی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ژینگەی ئەو شارە بەڕێوە برد.

کچانی پیرانشار بە چاندنی نەمامی جۆراوجۆر لە داوێنی سروشتی سەرسەوزی پیرانشار، ئەمەگناسیی خۆیان بەرامبەر بە شەهیدانی کوردستان دەربڕی و هەروەها نیشانیان دا کە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت، دیسان بیریان لای ژینگە و سروشتی کوردستانە.

هاوکات لە شاری مەهاباد، کچی شەهید کەماڵ ئەحمەدپوور، شەهیدی شۆڕشی ژینا بە چاندنی گوڵ لەسەر گڵکۆی باوکی باسی لەوە کرد: "بە بۆنەی هاتنی بەهارەوە هاتووم بۆ باوکم گوڵ بچەقێنم."

شایانی باسە کە خەڵکی نیشتماندۆستی کوردستان لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت و هاتنی ساڵی نوێ، لەگەڵ ئەوەیکە چالاکیی ژینگەیی دەکەن، یادی شەهیدانی شۆڕشیش بەرز ڕادەگرن.