کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بەشێک لە مامۆستایانی سەقز و زێویە

17:22 - 6 خاکەلێوه 2723

بەشێک لە مامۆستایانی شاری سەقز بەهۆی درێژەکێشانی بەندکرانی ئەندامێکی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان، لە پێش بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێک لە فەرهەنگییانی شاری سەقز و زێویە بۆ پشتیوانی لە سلێمان عەبدی، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز لە پێش بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و بە وتنەوەی دروشمی وەک: "مامۆستای قوتابخانە بێتاوان لە زیندانە"، خوازیاری ئازادیی ناوبراو بوون.

سلێمان عەبدی، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە کرا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان تا ئێستاش لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.

جێی ئاماژەیە کە ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز، دوای دەسبەسەرکرانی سلێمان عەبدی، لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکردنی ئەو مامۆستایەیان مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی ناوبراو بوون.