کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پێشوازیی نەورۆز

21:19 - 6 خاکەلێوه 2723

ئاسۆ مینا

دیسانیش ساڵ نوێ بووەوە و کۆتایی بە ساڵێکی پڕ لە ڕووداو و پێشهاتی جۆراوجۆر هات. لەمساڵدا ڕووداوگەلێکی زۆر ڕوویان دا کە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و بەتایبەت کوردستانیان بە ئاقارێکی دیکەدا برد.

ئەوەی پەیوەست بە ئێران و بەتایبەت کوردستانی ئێمەوەیە ڕووداوگەلێکی بە لانی زۆردا تاڵ و هەندێک ڕووداوی شیرینیش بوون کە ڕوویان دا. لەمساڵدا لەسەر دەستی پۆلیسی بەناو ئەخلاقی ڕێژیم کچێکی کورد بەناوی "ژینا" گیانی لەدەست دا و ئەوە بوو بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی گشتگیری سەرانسەری کە کەم شوێنی ئێران هەبوو کە خەڵکەکەی نەیەنە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان هەڵنەبڕن و دروشمی ڕووخانی ڕێژیم نەدەن.

ئەو شۆڕشە کە بە مۆدێڕنترین و دێموکراتیکترین شۆڕش و جووڵەی خەڵک لە زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا هەژمار دەکرێ لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جەوهەری شۆڕشەکە بوو. ئەو شۆڕشە لە مێژووی چل ساڵی ڕابردوودا دەگمەن بوو و لە هەناوی خەڵکەوە سەری هەڵدا و ڕێبەری جووڵانەوەکە بەدەست خەڵکەوە بوو و لەلایەکی دیکەوە ئەو جووڵانەوە و شۆڕشە ئەوەندە بەهێز بوو کە بنەچەی ڕێژیمی خستە لەرزە.

ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانە بێ تێچووش نەبوو و کوردستان و بەلووچستان بەهۆی ئەوەی شۆڕش لەو دوو ناوچەیە گەرمتر لە شوێنەکانی دیکە بوو، تێچووی زیاتریشی لەو ناوچانە لێکەوتەوە. شۆڕش لە کوردستان بە دانی نزیک بە ۱۴۰ شەهید و سەدان بریندار و گیراو هەتا ئەوڕۆی هێناوه و ئێستاش کە بێدەنگییەکی ڕواڵەتی باڵی بەسەر شۆڕشی سەرانسەریدا کێشاوە بەڵام کاروانی شەهیدانی ئەم شۆڕشە لە کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ درێژتر دەبێتەوە.

لە سەرەتای ئەو جووڵانەوەیەدا کوردستان بەهۆی ئەوەی خاوەن حیزب و ڕێکخراوی ڕەسەن و خەڵکی و شۆڕشگێڕ بوو، ڕێڕەوی شۆڕشەکە چالاکانە ڕێبەری کرا و خەڵک لە کوردستان هەر زوو و یەکگرتووانە دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرز کردەوە وەک چۆن له سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیم هەروا بوون و هێرشیان کردە سەر بنکە و ناوەندە گرینگە سیاسییەکانی ڕێژیم لە شارەکان. ڕقی هەراوی خەڵک لە کوردستان بە شێوەیەک بوو کە بیروڕای گشتیی جیهانی و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئامریکای هێنایە سەر خەت بەڵام سستی و نەبوونی سازماندەیی و ڕۆحی شۆڕش لە شارەکانی ناوەندی ئێران پێشکەوتن و سەرکەوتنی بزاوتەکەی وەدوا خست و سەرەڕای حەشیمەتی ملیۆنی لەو شارانە بەڵام ئەو شۆڕشە لە ناوەندی ئێران خاوەنی حەشیمەتی سەدان کەسیش نەبوو لەسەر شەقام.

گەرچی ئێستا شۆڕشەکە وەکوو سەرەتا خاوەنی ئەو خەڵکە لەسەر شەقام نییە کە لە دەسپێکدا هەیبوو و ساردیی بە خۆیەوە دیتووە بەڵام سووژە بۆ سەرلەنوێ هەستانەوە و دەسپێکردنەوەی شۆڕش زۆرن کە یەک لەوان دەتوانین ئاماژە بە نەورۆز بدەین کە دەتوانێ کۆکەرەوەی خەڵک لە دەوری یەکتر و ماکەی یەکگرتوویی هەموو نەتەوەکان و مەجالێکی دیکە بێ بۆ هەستانەوەیەکی نوێتر.

نەورۆزی ئەمساڵ لە چەند بارەوە دەتوانێ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بێ، یەکەمیان ئەوەی کە ڕق و تووڕەیی و هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم لەوپەڕی خۆیدایە و نەورۆز وەکوو بۆنەیەکی نەتەوەیی دەتوانێ هەلێکی باش و گونجاو بێ بۆ سەرلەنوێ هاتنەوە سەر شەقام و بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕش و ورەی خەڵک لەوپەڕی خۆیدایە. دووەم ئەوەی کە ڕێژیم ماندوو بووە و هێزی ڕێژیم بەرگەی دەریای بێ پایانی ئەمجارەی خەڵکی تووڕە ناگرێت چونکە ئەمجارە خەڵک بێتەوە سەر شەقام، کۆنتڕۆڵکردنی زۆر سەخت و دژوار دەبێت یا هەر ناکرێ.

سێهەم ئەوەی کە جووڵەی ئەوجارەی خەڵک دەتوانێ دنیای دەرەوە زیاتر بێنێتە سەر خەت و شەرعییەتی زیاتر بۆ ڕووخانی ڕێژیم پەیدا بکات. لەو نێوەدا قسەوباس و کۆبوونەوەکان بۆ ساغبوونەوە لەسەر داهاتووی ئێران لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان زیاتر بوون. حیزبی دێموکرات سەراحەتەن ڕایگەیاندووە کە دژی کۆبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەندی ئێران بە هەر پاساوێکە و ئەو حیزبە لەمێژە لەو چەشنە لە حکوومەت و بەڕێوەبەرانی ئەو جۆرە سیستمە ناوەندگەرایانەی چەشنی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی تێپەڕیوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەش ڕێژیمی ئێران لە کاری خۆی نەوەستاوە و ئەو بێدەنگییەی هاتووەتە پێش هەلی بۆ ڕێژیم ڕەخساندووە کە خۆی بەهێز و تاکتیکی شوومی دیکە بۆ سەرکوتی خەڵک و دژبەرانی دابڕێژێ. لە بەرەبەری نەورۆزدا که خۆشترین بۆنەی ساڵ بەتایبەت بۆ کورد لە کوردستانە و شادی و خۆشحاڵی و هەڵپەڕکێ و ڕێوڕەسمی تایبەتی بە دواوەیە و لە هەمووی گرینگتر بۆنی سەرهەڵدانێکی سەرانسەری لێوە دێ، ڕێژیم هەوڵ دەدا ئەو شادی و خۆشحاڵییە لە خەڵک تێک بدات و لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی" زیندانیی سیاسیی کورد یەکێک لەو کارە دژەئینسانییانەی ڕێژیمە کە بە ئامانجی تێکدانی شادی و خۆشی خەڵک کرا.

کورد میللەتێکی ئازاردیتووە بەڵام فەلسەفەی بوون و ژینی ئەوەیە کە بە خۆشی و بەختیاری دەژی. کورد گەلی فرمێسک و خوێنە، بارتەقای ئەو خوێن و فرمێسکەش، هەوڵدەرە بۆ ئازادی و ڕزگاری. کورد لە سەختترین کاتەکاندا ناتوانێ خەم دابگرێ بۆیە کاتێک شەهیدێکی خاک و وڵات لەنێو کورددا دەنێژرێ، لەسەر گۆڕەکەی شین ناگێڕدرێ، بەڵکوو شایی دەکرێ چونکە ئەو شەهیدە وەکوو سەرمایەیەکی بەختکراو بۆ ئامانجێکی پیرۆز چاوی لێ دەکرێ و شانازی پێوە دەکرێ و هەست ناکرێ کە بەخۆڕایی چووە.

نەورۆزی ئەمساڵ لە کوردستان زیاتر لە ساڵان خاوەنی گوڕوتینێکی نەتەوەییانە و شۆڕشگێڕانە بوو و خەڵکی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان بە هەست بە ئازادییەکی ڕەها و ڕزگاربوو لە دەستی ڕێژیمی غەددرار جێژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد. ئاگری نەورۆز مەزهەری هەستانە و ڕاسانەوەیەکی دیکە و هۆشداری و هەڕەشەیەکی نوێتر بوو بۆ دوژمن. ئەوەی کە خەڵک بە ئازادییەکی ڕەها جێژنی خۆیان گرت، نیشان لەوەیە کە هیچ حیسابێک بۆ وجوودی دوژمن لە کوردستان ناکرێت و بۆیە درەنگ یا زوو باروبنەی ئەم سیستێمە دژه‌ئینسانییە دەبێ کۆ بکرێتەوە و لە کۆتاییدا نەمان و مردن بۆ ئەوان و هەستان و ژیانەوە و نۆێبوونەوە بەشی گەلی ئێمەیە.