ڕەزا دانشجوو
هەڕەشەکانی "ئیلهام عەلیێڤ"، سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە ئەرمەنستان لەم ڕۆژانەدا بەردەوامە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنی ئەرمەنی هیواخوازە ڕووسیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بتوانن پێش بە ئەگەری هێرشی کۆماری ئازەربایجان بۆ سەر وڵاتەکەیان بگرن. لە کاتێکدا "ئیلهام عەلیێڤ" بەڕوونی هێڵێکی سووری بۆ ئەرمەنستان کێشا وبە جۆرێک تەسلیمبوون بە داواکارییەکانی ئازەربایجان وەک تاکە بژاردە پێش ئەرمنییەکان ناساند، "نیکۆڵ پاشینیان" تەنیا ئاماژەی بە ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان کرد و باسی ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ ئاشتی کرد !!!
"عەلیێڤ" دڵخۆش بە پاڵپشتیی تورکیە، کە لە دوایین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتدا بووە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن ئەرمەنستانەوە داگیر کرابوون، ئێستا بیر لە بەدیهێنانی خەونی "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" دەکاتەوە بۆ داگیرکردنی" گەرووی زەنگەزۆر" لە خاکی ئەرمەنستان و هاوسنوور لەگەڵ ئێراندا کە ئازەربایجان بە نەخچەڤان و تورکیە و لە ڕاستیدا بە ئورووپا دەبەستێتەوە و تورکیەش بە ئاسیای نێوەڕاست وچینەوە وەسڵ دەکات و سنووری ڕاستەوخۆ ئێران لەگەڵ ئەرمینیا و بە جۆرێک لەگەڵ قەفقاز نامێنێت.
ئەردۆغان کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییدا ڕووبەڕووی دۆخێکی ناجێگیر بووەتەوە و بەهۆی ئەدای ئابووریی هەڵەی چەند ساڵی ڕابردوو و بارودۆخی پشێوی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر لە هەموو کاتێک هەستی بە مەترسیی کردووە، ئێستا بەم شێوەیە بە هاندانی ڕەوتی ڕادیکاڵ و پان تورک، تێدەکۆشێ دەنگی جەماوەرە لەدەستچووەکەی وەرگرێتەوە.
لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکەدان و ئەوەش دەتوانێت دۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بکات. مەرجی ئازەربایجان بۆ ئەرمەنستان بۆ دانپێدانانی بە سەروەریی ئازەربایجان بەسەر ناوچەی "قەرەباخ"دا لە کاتێکدا بەرز دەکرێتەوە کە خاوەن ڕەسەنەکانی "قەرەباخ" هیچ پەیوەندییەکیان نە بە ڕێژێمی باکۆ و نە بە ڕێژێمی دەسەڵاتداری یەریڤانەوە نییە!
کوردانی قەفقاز بەشێکی دیکەی چیرۆکی دوور و بێکۆتایی گەلێکی بێدەسەڵات و بێپشتیوانن کە هەمیشە بە هۆی جەبری جوگرافییەوە بووەتە قوربانیی چەوساندنەوەی سیاسی. دۆخی کوردی قەفقاز بە بەراورد بە کوردەکانی تر زۆر بەئازارترە و فۆرمێکی زۆر ئاڵۆزتری ئاسمیلەکردنیان ئەزموون کردووە. دوای ئەوەی کوردانی قەرەباخ کۆماری" کوردستانی سوور"یان لە سەردەمی دەسەڵاتی لێنین بە کەڵکوەرگرتن لە هەلومەرجی پێکهاتوو بۆ بنیاتنانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە ساڵی 1923 دامەزراند ئومێدێک هەبوو کە هەنگاوێکی گەورە بۆ گەڕانەوە بۆ ناسنامەی دەستبەسەرداگیراوی گەلی کوردی قەفقاز بنرێت. هەرچەند کوردستانی سوور بە جۆرێک پەیوەست بە سیستەمی کۆمۆنیستەوە بوو، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم حکوومەتە گەرانەوە بۆ شوناس و ناسنامەی کوردی کوردانی قەفقاز و بەتایبەتی قەرەباخ بوو. ساڵی 1929 ساڵی کۆتایی و داڕمانی کوردستانی سوور بوو. لەگەڵ هاتنەسەرکاری ستالین و سیاسەتی تایبەتی ئەو بۆ سڕینەوەی نیشانە ناسیونالیستیەکان لە ڕێگەی تێکەڵکردنی نەتەوە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر، کۆماری کوردستانی سوورهەڵوەشایەوە و لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا دابەش بوو.ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی تری ئاسمیلەکردن و بێناسنامەکردنی کوردانی قەرەباخ بوو، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە خەڵکی قەرەباخ ناچاربوون ماڵ و گوندەکانیان بەجێبهێڵن و بۆ ناوچە جیاجیاکانی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان و تەنانەت گورجستان کۆچ بکەن .بەپێی هەندێک بەڵگەنامە،تاقمێک لە کوردەکانی قەرەباخ لە ژێر فشاری ڕووسەکان بۆ قەزاقیستان دەربەدەر کران، کۆچ و دەربەدەرییەک کە بووە هۆی ئاسمیلەبوون و لەبیرکردنی هەرچی زیاتری شوناسی نەتەوەیی و زمانی دایکی.
کوردانی ئێزدی کە ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەرمەنستان دەژین و بەشێکیان بە ناچاری بۆ گورجستان کۆچیان کردووە، ئێستا لە سایەی ساڵانێک ترس و دڵەڕاوکێ لە جیاتی کورد، شوناسی نەتەوەیی خۆیان وەک ئێزدی دەناسێنن! کوردە موسڵمانەکان کە لە ئازەربایجان دەژین لەلایەن ڕێژێمی ئازەربایجانەوە بە ئازەری ناویان دەهێنرێت!
لە ساڵی ١٩٩٢ دوای داگیرکردنی قەرەباخ لە لایەن کۆماری ئەرمەنستانەوە، ژمارەیەک لە کوردانی قەرەباخ کە بە ئایین ئێزیدی بوون و لە بەرەی ئەڕمەنستاندا شەڕیان کردبوو، بە سەرۆکایەتی "وەکیل مستەفائێڤ"، هەوڵیان دا "کۆماری لاچین" بۆ زیندووکردنەوەی یادی "کوردستانی سوور" دابمەزرێنن. ئەم تێکوشان و بزووتنەوەیە بەهۆی گۆڕانی پێکهاتەی دیمۆگرافی ناوچەکە و ساڵانێک ئەزموونی ئاسمیلەکردن و دژایەتی ئەرمەنی توندڕەوەکان زۆر زوو شکستی هێنا و خەونی گەلی کورد جارێکی تر بێ سەرەنجام بوو. ئێستا قەرەباخ جارێکی تر لەلایەن ئازەربایجانەوە داگیرکراوە. ئەو خاکەی کە ئێستا بابەتی ناکۆکی لە نێوان داگیرکەرانی ئازەری و ئەرمەنییە، بێئەوەی ناوی خاوەن ڕەسەنەکانی بخرێتە ڕوو! گۆشەیەکی تری چیرۆکی دوور و درێژی تەنیایی و بێکەسی گەلی کورد، خاوەن ماڵێک کە ساڵانێکە بۆ مانەوە لە ناو ماڵەکەیدا ناچارە داوای مۆڵەت لە داگیرکەر بکات!