کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک، ئاماری ڕاستەقینەی هەڵاوسانەکان دەشارێتەوە

11:55 - 7 خاکەلێوه 2723

دوابەدوای کۆبوونەوە نهێنییەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی ئاماری ڕاستەقینەی هەڵاوسان لە ئێران بوو، بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆی سەبارەت بە نرخی هەڵاوسانەکان لە ئێران، چەند بابەتێکی گرینگ و هەستیاری نرخی هەڵاوسانەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا کە نرخی هەڵاوسانی پێداویستییەکان لە ئێران دەخاتە ڕوو، ڕایگەیاند کە نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو ٤٦.٥ لەسەد بووە. بەڵام لە ئامارەکەدا سەرەڕای ئەوەیکە بە ڕوونی نرخی هەڵاوسانەکان دیاری نەکراوە، چەند خاڵێکی گرینگیشی لە نرخی هەڵاوسانەکان بڵاو نەکردووەتەوە کە بووەتە جێگەی سەرنج و سەرسووڕمانی خەڵک.

هەروەها لەو ئامارەشدا نرخە گۆڕاوەکانی کەلوپەل و پێداویستییەکان و ڕێژەی هەڵاوسانەکانیان وەکوو پێشوو ئاماژەی پێ نەکراوە.

بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕاپۆرتەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی شتومەکەکان لە ئێراندا نەکردووە. شاردنەوەی ڕاستییەکان و سانسۆرکردنی ئامارەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی ڕێژیمەوە لە کاتێکدایە کە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی نرخی هەڵاوسانەکانیش زۆر بە درەنگی بووە.

هەروەها کارناسانی ئابووری و بەشێکی زۆر لە چالاکانی بوارە ئابوورییەکان سەبارەت بە هەڵاوسانەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی پێیان وایە کە نرخی هەڵاوسانی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە سەتا ٦٠ـیش بووە و ڕێژیم لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک دەیشارێتەوە و بە ڕوونی باسی لێوە ناکات.