عەلی بداغی
لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابیی کچ بەهۆی ژاراویبوون کەوتوونەتە سەر تەختی نەخۆشخانەکان کە تا ئێستا یەک لەوان گیانی لەدەست داوە. ئەم ڕووداوە وەک تێرۆرێکی بیولۆژیک نە بوکووحەرام لە نیجێریە و ئیسلامیستە سیاسییەکانی چێچێن کردوویانە و، نە لە ئەفغانستانی ژێر هەیمەنەی سیاسیی تاڵیباندا ڕووی داوە. ئەم کارەساتە گەورەیە، لە دوای شۆڕشی ژینا و لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا خەریکە ڕوو دەدەن.
مانگی سەرماوەز بوو کە هەواڵی ژەهراویبوونی قوتابخانەیەکی کچان لە قوم هاتە سەر تێلێتێکستی هەواڵەکان. لەو ڕۆژەوە هەتا ئیستا لە ٣١ قوتابخانەی چەند شارێکی وەک تاران، کرماشان، لوڕستان، چوارمەحاڵی بەبختیاری، قوم، ئەردەوێڵ، مازەندەران، ئیسفەهان، سمنان، خۆراسانی ڕەزەوی، شاهینشار و فەردیس... ئەم هێرشانە چەندپات بوونەتەوە.
کاردانەوەکان بە زنجیرەی ژاراویکردنی قوتابخانەکانی کچان لە نێوخۆی وڵات تا دێ زیاتر دەبن. ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە پەرەسەندنی هێرشەکان وای کردووە بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانیان داوای بایکۆتی خوێندنگەکان بکەن. کانوونی سینفیی مامۆستایان ڕایگەیاندووە بۆ ئەوەی چارەنووسی پەروەندەکانی کوشتن لەسەر نامووس، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەسیدپێداکردن بە ژنان و سیناریۆ ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم دووپات نەبنەوە، پێویستە هەموو توێژەکانی دەسەڵات لە حەوزەی عیلمییەوە هەتا دەوڵەت و لەسەروو هەمووانەوە خامنەیی هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت. ماڵی فەرهەنگییەکانی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا هێرشی شیمیایی بۆ قوتابخانەکانی کچانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" ناو بردوە و ڕایگەیاندووە کە "دەسەڵات کە هەتا ئیستا ویستوویەتی بە زەبروزەنگ و تۆقاندن، بە گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدام دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵات کپ و ناچار بە پاشەکشە لە ویست و داواکانیان بکات، ئێستا ئیدی دەست لە منداڵانیش ناپارێزێ و تێرۆری بیۆلۆژیکی قوتابییانیشی بە کارنامەی ڕەشی تاوانەکانی زیاد کردووە. بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆی چەمڕانی ئەهوازیش لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بەوەی پەردەپۆشی و ناڕوونی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان وەک خۆیان کە سیاسەتی هەمیشەیی ڕێژیم بووە و هەمیشە کارەساتی بۆ کۆمەڵگەی خوڵقاندووە، گوتوویانە ئەو ڕووداوانە دەستی ئانقەستیان لەپشتە و بەوەش هیندەی دیکە کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات هەراوتر دەبن.
بەربڵاویی ئاستی کارەساتەکە وای کردووە کاردانەوە جیهانییەکانیش بە تێرۆرە بیۆلۆژیکییەکانی ڕێژیم لە خوێندنگەکانی کچان زیاتر ببن. ڕێکخراوی یونیسێف، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئۆسترالیا و چەند وڵاتێکی دیکەش جگە لە بەرپرسیارزانینی کۆماری ئیسلامی لەو هێرشانەدا، سەبارەت بە لێکەوتە کارەساتبارەکانی ئەو ڕووداوە کاربەدەستانی ڕێژیمیان وریا کردۆتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش بە سەرنجدان بەوەی هەتا ئێستا کەس لەسۆنگەی ئەم هێرشانەوە دەسبەسەر نەکراوە و بە بیرهێنانەوەی تاوانە سیستماتیکەکانی پێشووی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ نموونە ئەسیدپڕژاندن بە ژنان و قەتڵە زنجیرەییەکان و، بەو ئاکامگیرییە کە بکەرانی ئەم جینایەتانە سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بن؛ داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کاردانەوەی خێرا و توندیان لەهەمبەر ڕەفتاری دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت.
ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتیی ئەم هێرشە بیۆلۆژییە لەنێو کاربەدەستانی ڕێژیمدا، پێدرام پاکئایین، وتەبێژی وەزارەتی بێهداشت نەیشاردۆتەوە "دەرەنجامە زانستییەکانی ژاراوایبوونەکان بەتەواوی ڕوون و ئاشکران، بەڵام ئەوەی ڕوون و دیار نییە هۆکارە دەرەکییەکانی پشتی ئەو هێرشانەن دە دەبێ وەڵامەکەی لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بێت." محەممەدتەقی فازیڵ مەیبودی، مامۆستای زانکۆش "بەئانقەست"بوونی ئەو هێرشە ژاراواییانەی پشتڕاست کردۆتەوە و لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شرق" گوتویەتی "گرووپێکی ناسراو بە (هەزارەگەرا) لە پشتی ئەو هێرشانەن، چونکی باوەڕیان وایە کە کچان نابێ بخوێنن." ئەو نایشارێتەوە کە ڕەوتێکی ئایینی بە شێوەی سیستماتیک دەستیان لەو جینایەتانە هەیە. لە تەنیشت ئەو داننانە ئاشکرایانە، وەزارەتی نێوخۆ دیسانەکە حاشا لەوە دەکات پلانێکی سیستماتیک لەپشتی ئەو ڕووداوانە بێت و، لەولاش بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس و کاربەدەستانی دەوڵەتیش "دوژمنان، ئیسڕائیل و مونافقین" بە دەستتێداهەبوون لەو تێرۆرە شیمیاییانە تاوانبار دەکەن. ڕۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سپای پاسداران تاوانی ئەو جینایەتانەی وەپاڵ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی داوە و ڕۆژنامەی "همشهری"یش داوای کردووە بەرپرسایەتیی ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لەو ڕووداوە لە وەزارەتی بێهداشت بستێندرێتەوە و بدرێتە پۆلیس و ناوەندە ئەمنییەتییەکان.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی جێی هیچ شک و گومانێک نە بۆ خەڵک و نە بۆ ویژدانە زیندووەکان ناهێڵێتەوە ئەوەیە کە ئەو هێرشانە تۆڵەکردنەوە لە لایەنگرانی شۆڕشی "ژینا" بۆ ئامانجی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هاتنەسەرکاریەوە لە هەموو بەرە و بوارەکاندا و بە هەموو هێزیەوە شەڕی لەدژی ماف و ئازادییەکانی ژنان کردووە بۆ هیچ کەس و لایەنێک شاراوە نییە، بەڵام ئەمجارەیان ڕچەشکێنی و پێشەنگایەتیی ژنان لە شۆڕشی ژینادا کە بووە هۆی ئەوەی هەموو هێڵەسوورەکانی ڕێژیم لە فڕێدانی سەرپۆشەوە هەتا دڕاندنی وێنەی ڕێبەرانی ڕێژیم ببەزێندرێ، و لە نێوخۆ و دەرەوە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوی گەورەترین تەنگژە و تەنگانەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی بێتەوە؛ ژوورە فکرییەکانی دەسەڵاتی وەها دەهری کردووە کە دەست لە هیچ جینایەتێک دەرحەق بە ژنان نەپارێزن. ئەوەش ڕوونە ڕێژیمێک کە بە دۆشکا تەقە لە خەڵکی ناڕازیی سەرشەقام بکا، دەستدرێژی بکاتە سەر دەسبەسەرکراوان و بەندییەکان ئێعدام بکا، مووشەک لە فڕۆکەی مەدەنی بگرێ و کۆرپە لە زگی دایکیدا بکوژێت، لەو ئاستە لە جینایەت و تاوانخوڵقینیدا تۆڵەی "نا"گوتن لە منداڵان و قوتابییان بکاتەوە.
لە سووچێکی دیکەوە، ژاراویکردنی کچانی قوتابی دوای نیزیک ٦ مانگ لە شۆڕشی خەڵک جارێکی دیکە بۆ هەمووانی سەلماندەوە کە کۆی ئەو ڕووداوانە هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە بیرکردنەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمدا پێک نەهێناوە و ئەوەندەی تر لەسەر توندوتیژییەکان دژی ژنان و سەرکوتی مافەکانیان چیڕتری کردوون. ڕێژیم کە لە ئێستادا بەتەواوی گەیوەتە بۆنبەستی شەرعییەت و هیچ پێگەیەک لە دڵی خەڵکدا شک نابات، دەیەوێ وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی مێژوو بە جینایەت و تاوانخوڵقێنی چەند ڕۆژێکی دی بە تەمەنی نگریسی زیاد بکات. هیچ کەس و لایەنێکیش ئەو چاوەڕوانییەی لە کاربەدەستانی ڕێژیم نییە کە بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە بگرنە ئەستۆ.
مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێشانی داوە کە ڕێژیم هیچ کات ڕاستەوخۆ بەرپرسایەتیی تاوانانەکانی وەئەستۆ نەگرتووە. کاتێکیش بۆگەنی پیسکارییەکانیان وڵاتی داگرتووە و چیدی سیاسەتی حاشا، یان تاوانبارکردنی دوژمنانی دەرەکی دادی نەداون؛ بە ئاماژە بەوەی گرووپێکی خۆسەری سەرەڕۆ ئەو کارەیان کردووە، کارەساتەکانیان دیزە بەدەرخۆنە کردووە. بۆیە ئەمجارەش لە نیهایەتدا هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت.
دواقسە: شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەستانی نییە و ئەو تاوان و جینایەتانەش نەک هەنگاوەکانی خەڵک شل ناکەن، بەڵکوو لە ڕووخاندنی ڕێژیم شێلگیرتر و لێبراوتریان دەکەن.