کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای تا ٣ میلیارد تمەنی بەسەر ئەو کەسانەیدا کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن

12:30 - 7 خاکەلێوه 2723

حوسێن جەلالی، بەناو نوێنەری شاری ڕەفسەنجان لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا باسی لە گەڵاڵەیەکی سزای ئابووری بۆ سەر ئەو بەشە لە ژنانی ئێران کردووە کە حیجابی خۆیان ناپارێزن و باسی لەوە کردووە کە ئەو گەڵاڵەیە گەیشتووەتە دەستی عەلی خامنەیی و دەزگای قەزایی ڕێژیم و بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەواڵدەریی "میزان" کە سەر بە دەزگای قەزایی ڕێژیمە، لە زمانی حوسێن جەلالییەوە ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، هەر ژنێک حیجابی تەواوی نەبێت، سزاگەلێکی وەکوو پێبژاردنی پارە تەنانەت تا ٣ میلیارد تمەن، بەتاڵکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و پاسپۆرت و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بەسەردا دەسەپێندرێت.

میزان هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم گەڵاڵەیە دوای ٣٠٠ دانیشتن و کۆبوونەوەی شۆرای فەرهەنگی و شۆرای ئاسایشی ڕێژیم گەیشتووەتە ئاکام.

هەر بەپێی ماددەکانی ئەو گەڵاڵەیە، هەر ژنێک لە حەوت بەشی "ناو ماشینەکان، شوێنە گشتی و خواردنگەکان، ئیدارە و ڕێکخراوەکانی ڕێژیم، ناوەندە پەروەردەیی و زانکۆکان، فڕۆکەخانە و بنکەکانی گواستنەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقام و بازاڕەکاندا" حیجاب نەپارێزێت، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە کە ئەگەری پێبژاردنی سزای تا ٣ میلیارد تمەنیش دەبێت.

هەروەها بەنیسبەت کەسایەتییە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەش باس لەوە کراوە کە ئەگەر ئەوانیش حیجاب نەپارێزن، بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان لێ قەدەغە دەکرێت.