کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

10:12 - 8 خاکەلێوه 2723

بەرەی یەکگرتووی کورد، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی ڕوو بە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

٧٦ ساڵ پێش و لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا دەسەڵاتی دیکتاتۆری پەهلەوی، پێشەوا قازی محەممەد، سەدر قازی و محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازیی بە شێوەیەکی بێڕەحمانە لەسێدارە دا.

قازی محەممەد سەرۆککۆماری کوردستان، بوێرانە لە دادگا ڕواڵەتییەکانی پەهلەویدا، بەرگریی لە خواست و ویستەکانی کورد کرد و لەو ڕێگەیەدا گیانی خۆی پێشکەش بە نەتەوەکەی کرد.

دەسەڵاتی پەهلەوی پێی وابوو بە لەسێدارەدانی پێشەوای کوردان دەتوانێت ناسنامەی کورد و خواست و ویستەکانی نەتەوەی کورد لەنێو ببات، غافڵ لەوەیکە ئەو کارەی دەسەڵاتی پەهلەوی، نەتەوەی کوردی لەسەر ویستەکانیان سوورتر کرد. لەسێدارەدانی پێشەوا بوو بە دەستپێکێک بۆ نەتەوەی کورد تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

ڕەوتی دادگاییکردنی قازی محەممەد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە دادگا ڕواڵەتییەکانی پەهلەویدا لە زاری کەسانی بیانیی بەشدار لەو دادگایەدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دادگا ڕواڵەتییەکان پێشەوایان دادگایی نەکرد، بەڵکوو ئەوە پێشەوا قازی محەممەد بوو کە دادگای دەسەڵاتی پەهلەویی دادگایی کرد.

قازی محەممەد، بە ڕەواییدان بە شۆڕشی نەتەوەی کورد، حکوومەتی ناوەندیی لە بەرامبەر خەڵک و بە تایبەتی کورددا بە خیانەتکار و تاوانبار ناساند.

پێشەوای کوردان لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دەدا کە کێشەی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکات و باوەڕی بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتییەوە بوو.

سڵاو لە پێشەوای کوردان قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان.

بەرەی یەکگرتووی کورد

٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی