دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە کۆبوونەوەیان لەسەر گڵکۆی شەهید هوومەن عەبدوڵڵاهی لە شاری سنە، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایکی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری سنە بە کۆبوونەوە لەسەر گڵکۆی شەهید هوومەن عەبدوڵڵاهی لە حەسەنئاوای سنە، سەرەڕای پیرۆزبایی نەورۆز، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
شەهید هوومەن عەبدوڵڵاهی لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە حەسەنئاوای شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی شۆڕشی ژینا بوو.