کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا ٨ کەس و دوو دامەزراوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

10:20 - 8 خاکەلێوه 2723

کانادا لە کاردانەوە بە سەرکوتی خۆپیشاندەران و بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەکی بالیستیک، دوو دامەزراوە و ٨ بەرپرسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوە، لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە دەهەمین خولی گەمارۆکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران، چەند بەرپرسی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی و کاربەدەستانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەکی بالستیکی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای تاران، غولامحوسێن محەممەدی‌ئەسڵ فەرماندەی سپای ئەردەبیل و عەباس عەلی محەممەدیان بەرپرسی پۆلیسی تاران لەو کەسانەن کە خراونەتە نێو لیستی نوێی گەمارۆکانی کاناداوە.

دەوڵەتی کانادا جەختی کردەوە کە ئەو کەسانەی بەهۆی پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ، تەحریم کردووە.

ملانی جولی، وەزیری دەرەوەی کانادا لەو بەیاننامەیە وتوویەتی: ''ئێمە داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین، زوڵم و ستەمی دڕندانە ڕابگرێت و گرینگی بە داواکارییەکانی خەڵک بدات.''

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو دامەزراوانەی کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە لە ڕاستای تێکدان و دەستێوەردان لە پێوەندیی ئانلاینی خۆپیشاندەران، یارمەتیی ڕێژیمی ئێرانیان داوە و بە دابینکردنی کەرستەی تاکتیکی لە سەرکوت، پشتیوانی هێزە سەرکوتکەرەکان بوون.

دەوڵەتی کانادا پێشتر و لە مانگی ئوکتۆبری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستانی باڵا و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانیەوە.