کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانکردنی کانگاکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر لە پێش پەرە دەستێنێت

11:54 - 8 خاکەلێوه 2723

هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیرنا" ڕایگەیاندووە کە کانگای زێڕی "قوڵقوڵە"ی شاری سەقز لە ئەگەری دەستبەکاربووندا دەبێتە یەکەمین و گەورەترین کانگای بەرهەمهێنانی زێڕ لە سەرانسەری ئێران و لەو حاڵەدا، سەقز بەهەشتی کانگاکانی بەنرخی ئێران دەمێنێتەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کانگای زێڕی "قوڵقولە"ی شاری سەقز لە ماوەیەکی نزیکدا کاری لەسەر دەکرێت و بڕیار وایە ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆر لە زێڕی ئەو کانگایە دەربهێندرێت و بهێندرێت.

کانگای زێڕی "ساریگوونی" لە شاری قوروە، یەکەمین و گەورەترین کانگای زێڕی ئێرانە کە ٤١ میلیۆن تۆن پاشخانی زێڕی هەیە و پێوانەی عەیاری زێڕەکەشی لە هەر تۆنێکدا ١.٢٤ ڕاگەیەندراوە. ساڵانە زیاتر لە ٥ تۆن زێڕ لەو کانگایە دەهێنرێتە دەرەوە و بە تاڵان دەبرێت.

کانگای زێڕی قوڵقوڵەی سەقزیش لە ئەگەری دەستبەکاربوونیدا دەبێتە یەکەمین کانگای زێڕی ئێران. چونکە هەم لە بواری پاشخانی زێڕ و هەم لە بواری شێوە و چۆنییەتیی زێڕەکەیەوە، لە کانگای زێڕی ساریگوونیی شاری قوروە گەورەتر و زیاترە. ئەم کانگایە ساڵی ڕابردوو بە بەشداریی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم ئیجازەی دەستبەکاربوونی پێ درا و بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکدا دەستبەکار بێت.

ئەوەی کە ڕاستییە و حاشای لی ناکرێت، سیاسەتی تاڵان و بڕۆی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە کوردستان و خەڵکەکەی. کوردستان خاوەنی سەدان کانگای جۆراوجۆری بە نرخ و سەرچاوەگەلێکی گرینگی ژێرزەوینی و سروشتییە کە زیاتر لە ٤ دەیەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاڵان و دزین و تێکدانی، بووەتە هۆی لەناوچوونی ئەم هەموو سەرمایە سروشتییە گرانبەهایانە لە کوردستان.