کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهیدانمان هەوێنی ئازادیی گەلن

16:01 - 8 خاکەلێوه 2723

(پەیامی ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتیی حیزب بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان)

بنەماڵەی سەربەرزی شەهێدان!

هاوسەنگەرە خۆڕاگرەکانی شەهیدان!

خەڵکی قارەمان و هەمیشە لە مەیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە. ڕۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و یارانی لەلایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی و ڕۆژی یادکردنەوە لە هەزاران شەهیدی ئەو ئاو و خاک و نیشتیمانەیە کە لەپێناو پاراستنی شوناسی نەتەوەکەیان لەلایەن دوو ڕێژیمی ناوەندگەرای سەرکوتگەری پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیییەوە خوێنیان ڕژایە سەر خاک و شەقامی کوردستان. بۆیە لەم ڕۆژەدا لە بەرانبەر ڕوحی نەسرەوتووی شەهیدانی کۆمار و گشت شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا سەری ڕێز و کڕنۆش دادەنوێنین، سەردانی مەزاری پیرۆزیان دەکەین و پەیمانی وەفا لەگەڵ خۆیان و بنەماڵە سەربەرزەکاکانیان نوێ دەکەینەوە.

لەو ڕۆژەدا بە ئیمان بە دروستی و پیرۆزیی ئامانجی شەهیدان و ڕێبازی پڕ سەروەرییان دووپاتی دەکەینەوە هەتا ئاوات و ئامانجی وەدینەهاتووی شەهیدان و لە سەرووی هەمووانەوە قازی محەممەد، دکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی و تێکرای شەهیدانی کوردستان وەدی نەهێنین، لە خەبات و گیانبەختکردن لەپێناو سەربەستیی نیشتماندا نەوەستین.

بنەماڵەی ڕووسووری شەهیدان!

پێشەوا قازی محەممەد نیزیک ٨ دەیە لەوەپێش هەم نەخشەڕێی ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ داڕشتین، هەم بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان شانازییەک و خەرمانێک دەسکەوتی گرانبایی بەمیرات بۆ بەجێ هێشتین. خزمەتەکانی کۆماری کوردستان لە بوارەکانی سیاسی، پەروەردە، بەرگری، کۆمەڵایەتی و مەدەنی و ئەو بەها و بایەخانەی وەک خسڵەتی شۆڕشگێڕی و خەباتگێڕی لە کۆمەڵگەی کوردیدا جێی خستن و بەشی هەرە زۆریان پشتیان بە هێز و ئاوەزی پێشەوا بەستووە، هیندە بەرچاوە کە پاش ٧٦ ساڵ نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەر وا شانازیی پێوە دەکەن و هەوڵ بۆ بنیاتنانەوەی کیانێکی لەو چەشنە دەدەن. دەسکەوت و دامەزراوەکانی کۆمار کە لەسەر بنەمای بیر و ئاوەزی پێشەوا قازی محەممەد و هەڤاڵانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان چی کرابوون، هەتا ئێستاش توانیویانە بیری نەتەوەخوازی زیندوو ڕابگرن و، بوونەتە ھۆی ئەوەی‌ شوناسی کوردی وەک نەخشەڕێی ڕزگاری لە هەشت دەیەی دوای کۆماریشدا ڕۆحی زیندووی نەوەکانی کورد بێت.

پێشەوا قازی محه‌ممه‌د هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی له‌ پێناو هه‌ستانه‌وه‌ و ئیراده‌ به‌خشین به‌ که‌سایه‌تیی مرۆڤی کورددا ته‌رخان کرد. ئەو کە لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا گیانی لەپێناو نەتەوەکەیدا دانا، پێشوەختە مەرگی لە بەرانبەر ئیرادەی بەهێزی خۆی و حەقیقەتی مێژوودا بەچۆک داهێنابوو، بۆیەش لە بێدادگای پاشایەتیی پەهلەویدا حه‌قیقه‌تی فیدای بەرژەوەندییەکانی خۆی نەکرد و بە بەرگریی ئازایانە و بە مەرگی خۆی به‌رپرسیارێتی و ئه‌رکه‌که‌ به‌ته‌واوی به‌ جێ هێنا و لەو سۆنگەیەوە خۆی و ڕێبازەکەشی هەرمان مانەوە.‌

حەمەڕەزاشا بە هەڵبژاردنی چوارچرا، شوێنی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بۆ لەداردانی پێشەوا و یارانی پێی وابوو نەک قازی محەممەد، بەڵکوو بیروئاوەز و شوێنەوارەکانی کۆماریش بە قەنارەوە هەڵدەواسێ و لەبنی دێنیت؛ بەڵام هزری پێشەوا و کۆمار لە هەناوی خاک و دڵی کۆمەڵگەی کوردەواریدا وەهای ڕەگاژۆ کردبوو کە ئیستاش پاش هەشت دەیە ڕەمزی یەکیەتیی نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری و مافەکانیەتی. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک میراتگری سیاسەتی حاشا و سڕینەوەی پاشایەتی بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتن و لایان وابوو بە ئێعدام و تێرۆری ڕێبەرانی حیزبەکەی پێشەوا، و شەهیدکردنی هەزاران تێکۆشەری ئەو ڕێبازە و مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانیان دەتوانن چۆک بە مافخوازی و خەباتگێڕیی کورد لە ئێران دابدەن؛ بەڵام ئەو وەڵامەی لە شەقامەکانی کوردستان وەریان گرتەوە، سەلماندی کە ئەوەی هەتا ئێستا کردوویانە و لەسەری بەردەوامن ئاسنی ساردکوتانە.

خەڵکی خەباتکار و کۆڵنەدەری کوردستان!

ژنان و لاوانی ژیر و ئازادیخواز!

١٠ی خاکەلێوەەی ئەمساڵ، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە کاتێکدا دەگاتێ کە زیاتر لە شەش مانگە شۆڕشی ژینا کە ئیلهامی لە بیروئەندێشەکانی پێشەوا قازی محەممەد وەرگرتووە، بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە. کوردستان وەک ئاخێزگەی شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی وەک فەلسەفەی زاتیی ئەم ڕاپەڕینە کە سەرچاوەکەی بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، ئاکامی زیندێتی ئاوەزی پێشەوا و جووڵانیەتی لە دەمارەکانی نەوەی نوێی ئەو نەتەوەیەدا. ئازایەتیی ڕۆڵەکانی کورد و سڵ نەکردن لە گیانبازی و پەرەدان بە ڕوحی یەکیەتی و یەکڕیزی نەتەوەیی خسڵەت و تایبەتمەندییەکن کە ئیلهام و ڕەگ و ڕیشەیان بۆ کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و شوێندانەریی ئەو لە سەر جووڵانەوەی سیاسیی نەتەوەکەی کورد دەگەڕێتەوە.

تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە وێنایەکی ڕوونمان لە داهاتووی ئێران بۆ دەردەخات: به‌ردرێژی و به‌رده‌وامیی بزووتنه‌وه‌کە، چاونەترسی و بوێریی خەڵک، ڕادیکاڵبوونی دروشم و داخوازەکان، پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوانی جووڵانەوەکە کە خۆی لە چوارچێوەی پرسێکی ڕەگەزی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا قەتیس نەکردۆتەوە و، ویستەکانی خه‌‌ڵک که چیدیکه سینفی و ڕۆژانه نین هه‌تا به هێندێک ڕیفۆرم چاره‌سه‌ر بکرێن؛ هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە ئامانجە بنەڕەتییەکەی شۆڕشی ژینا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران قۆناغە سەرەتایی بەڵام بنەڕەتییەکانی ئەم شۆڕشەیان کە بردنەژێرپرسیاری یەکجاریی ڕەواییەتی کۆماری ئیسلامی و بنەما ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمە، بە سەرکەوتوویی بڕیوە. لە ئێستاشدا قوورسایی بەردەوامیی شۆڕش و بەئاکام‌گەیاندنی، وەک ئەرکێک لەسەر شانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمە و دەستەبەری ئەم ئامانجەش لەگرەوی یەکگری و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و دروستبوونی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی‌دایە. لەو نێوەدا کوردستان وەک بەهێزترین و بەڕێکخراوترین بەشی ئێران و پرسی کورد بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە توانیویەتی ببێتە فاکتەرێکی گرینگ لە باسەکانی داڕشتنەوەی قەوارەی ئێرانی داهاتوو. هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەو ماوەیەدا و بە پێداگری لەسەر سیاسەتی پێشوو و هەمیشەییان هەوڵێکی بێ‌وچانیان داوە بۆ چەسپاندنی ئەو بۆچوونە کە، چارەسەری پرسی کورد بۆ داهاتووی ئێران دەرفەتە نەک هەڕەشە، و هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئێران پێویستە بەیەکەوە و ویکڕا بە پێداگری لەسەر ئامانج و خاڵە هاوبەشەکان و وەلانانی بابەتەکانی جێی ناکۆکی نیزامێكی سیاسیی دێموکرات و سێکۆلار بەدوور لە ناوەندگەرێتی بنیات بنێن.

خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و ڕاوەستاوی کوردستان!

گەلانی یەکگرتوو و ڕاپەریوی ئێران!

٧٦ ساڵ لە ئێعدامی پێشەوا قازی محەممەد ڕابرد. دوژمن پێی وابوو بە و ئێعدامی پێشەوا و ڕێبەرانی دیکەی کۆمار تۆماری مێژووی ڕزگاریخوازیی کوردی تێکەوە پێچاوە. بەڵام ڕەوتی خەباتخوازیی کورد لە زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوودا و لێکەوتەکانی شۆڕشی ژینا لە شەش مانگی ڕابردوودا ئاکامێکی پێچەوانە لە ڕۆئیاکانی دوژمن بەدەستەوە دەدەن. چونکی پاش تێپەڕینی دەیان ساڵ بەسەر ئێعدامکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیدا لە سۆنگەی کولتووری خەباتگێڕی و گیانبەخت‌کردن لەپێناو خاک و نەتەوەدا کە میراتی مەعنەویی ڕێبەرانی کۆماری کوردستانن، جووڵانەوەی سیاسیی کورد بووەتە فاکتەرێکی بەهێزی خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا.

لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی شاخ و شەقام و لە بەرانبەر ڕوحی پاکی ئەو شۆڕەسوارە لە خوێندا شەڵالانە و لە بەرانبەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا سەری ڕێز دادەنوێنین. هاوکات پێیان دەڵێین هەتا وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدانمان لە خەبات و تێکۆشان ڕاناوەستین.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهید قازی محەممەدی نەمر!

سڵاو لە گشت شەهیدانی خەباتی شاخ و شەقام!

سڵاو لە گەلانی ئازادیخوازی ئێران و خەڵکی مافویستی کوردستان!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتی

٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ هەتاوی